وتار
وتەبێژی وفریودەری
عەلی حمە ساڵح

سەفین دزەیی، بەڕاستی پیاوێکی ئازایە، کە بەرگری لەدزی و گەندەڵی و بردنەدەرەوەی پارە بۆ دەرەوی وڵات، بردنی پارەی خەڵک بۆ بارەگاو تەلفزیۆن و رێکخراوی بەناوخێرخوازی حیزیب دەکات. 
ئەمە ئەو پەڕی ئازایەتی دەوێت، کە پارەی نەوت نۆ ساڵە بچێت بانکێکی ئەھلی مەحسوب لەسەر حیزب و وردبینی نەکرێت بەشێکی زۆری دیارنەبێت، خەڵکیش بێ موچەو بێ ژین بێت. ھێشتا بەرگری بکەیت. بە خەڵکی دیکە بڵێیت فریودەر. 
١- بەڵێ پارەیەکی زۆر لە کوردستان براوەتە دەرەوەو ٢٥٠ بەڵگەنامە لەبەردەستە ئەمە دەسەلمێنێت. جەنابیان دوای بەڵگەنامەیان نەکردووەو نەشیان دیوە، بەڵام دەڵێن راست نیە. 
٢- بەڵێ، سەرۆکی حکومەت دەسەڵاتی خۆی خراپ بەکارھێناوە بۆ دامەزراندن و دەیان کەسی بێ بڕوانامەی دامەزارندووەو ھەزاران دەرچووش بێکارن(لە ئایندەدا بەڵگەنامەکان بڵاودەکەمە). 
٣- بەشێکی زۆری بەرپرسانی پارتی و یەکێتی لە دانیشتنەکاندا دەڵێن: شتێک نەماوە ناوی حکومەت، بەڵام ئەم کاک سفینە ھێشتا دێت بەرگری دەکات و بە ئێمە مانان دەڵێت: خەڵک فریودەدەن بۆ ئامانجی سیاسی. من یەک ئامانجم ھەیە خزمەتی خەڵکە نەک حیزب. من بەڵگەم لایە پارەی ئەم وڵاتە براوەتە دەرەوە، بەڵگەم لایە پارەی نەوت چۆن چووەتە بانکی مەحسوب لەسەر حیزبەکەی جەنابت و دیارنیە، بەڵگەم لایە کۆمپانیاکانی حیزب چۆن داھاتی خاڵە سنورییەکان و کۆمپانیای گەیاندن و دەیان دامەزاوەی کەرتی گشتی بۆ خزمەتی حیزب و کۆمپانیای بەرپرسەکان براوە. 
لێرەوە جارێکی دیکە بانگەوازدەکەم بۆ بەرپرسانی ھەموو حیزبەکان، کێ بەڵگەی دەوێت لەسەر بردنە دەرەوەی پارەو دیارنەبوونی پارەی نەوت، بردنی داھاتی گشتی بۆ خزمەتی کۆمپانیا ئامادەم بیخەمە بەردەستیان.
٤- ئەرێ بەڕاست کاک سەفین، ئەو بڕیارانەی چاکسازی لەسەرەتای ئەم ساڵ دەرچوو چی بەسەرھات؟(لە ئاینەدەدا وردتر قسەی لەسەر دەکەم)
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
27/08/2016
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
12
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ