وتار
پاش دوو ساڵ لەجینۆسایدی ئێزدییەکان
فەرید ئەسەسەرد

ئێزدییەکان زۆر وتەبێژیان ھەیە بەڵام ھیچ کامێکیان بەقەد نادیە موراد لێی رانابینرێ بتوانێ نوێنەرایەتییان بکات. نادیە ھیچ لێپرسراوەتییەکی سیاسی‌و حکومیی نیە، بەڵام مەینەتیی ئێزدییەکان کردویەتی بەباڵیۆزی ئێزدییەکان لەسەرانسەری جیھاندا. تاکە کوردە لەناو ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی گوزارشتی لەئەزمونی سەختی ئێزدییەکان کردبێ‌و ئەمڕۆ یەکێ لەکاندیدەکانی خەڵاتی ئاشتیی نۆبلە.
نادیەو ھەموو ئێزدییە زیانلێکەوتووەکان وەک چۆن ناتوانن تراژیدیای جینۆسایدەکەیان لەسەر دەستی داعش لەیادی خۆیان ببەنەوە، ناشتوانن "نھێنی"ی بەتەنھا بەجێ ھێشتنیان تێ بگەن. لەچاوپێکەوتنێکدا نادیە پرسیارێکی کردووە کەھێشتا ئێزدییەکان (کوردانی تریش) وەڵامەکەیان چنگ نەکەوتووە، وتویەتی "مافی خۆمانە بزانین چی رویداوەو بۆچی بەرگریمان لێ نەکراوە". دواتریش وتویەتی "پاراستنی ئێزدییەکان ئەرکی سەر شانی کوردستان‌و حکومەتی عیراق بووە".
نەک ھەر نادیە مافی ئەوەی ھەیە بزانێ بۆچی ھێزەکانمان لەساڵی ٢٠١٤دا کتوپڕ شنگالیان بەجێ ھێشت، بەڵکو ھەموومان ئەو مافەمان ھەیە. لەڕاستیدا ئەگەر ئەم کەیسە کەیسێکی گشتی نەبوایە، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەسەر بەرزترین ئاست، لەنوێنەرانی سەرۆکایەتیی ھەرێم‌و وەزارەتی پێشمەرگە، بۆ مشتوماڵ کردنی ھۆکانی کشانەوەی ھێزەکانمان لەشنگال پێک نەدەھات.
ھەموشمان مافی خۆمانە بزانین کێ فەرمانی کشانەوەی دەرکردووە. بەڵام پێدەچێ مەسەلەکە لەمەسەلەی کشانەوەی ھێزەکان گەورەتر بێ، چونکە کشانەوەکە تەنھا ھێزەکانی نەگرتۆتەوە، بەڵکو ئاسایش‌و دامودەزگا حزبی‌و حکومییەکانیشی گرتۆتەوە. ئەمەش مەسەلەکە ئاڵۆزتر دەکا. کشانەوەی ھێزەکان لەشنگال لەڕوداوێکی ساڵی ١٩٧٠ی ئوردون دەچێ. لەو ساڵەدا سوپای ئوردن بەتانک‌و زرێپۆش ھێرشی کردە سەر بنکەکانی ھێزە فەلەستینییەکان لەچەند شارێکی ئوردن‌و ھەزاران کەسی لێ کوشتن. ھێزەکانی عیراق کە لەساڵی ١٩٦٧وە لەئوردن جێگیر کرابون، ھیچ جموجوڵێکیان بۆ فریاکەوتنی فەلەستینییەکان نەنواندو تەواوی پرۆسەکە بە بەرچاوی ئەو ھێزانەوە بەڕێوە چوو. ئەم ھەڵوێستە تا ئەمڕۆ پەڵەیەکی شەرمەزارییە بەتەوێڵی حکومەتی ئەو کاتەی عیراق کەفەرمانی بەھێزەکانی نەداوە فریای لێقەوماوان بکەون‌و خۆی بێدەنگ کردووە.
گومان لەوەدا نییە کەھێزەکانمان لەشنگال، ئەگەر بەرگرییان بکردایە، دەیانتوانی لانی کەم بۆ ماوەی ٧ تا ١٠ رۆژ بەرپەرچی ھێرشی ھێزەکانی داعش بدەنەوە، بەتایبەتی کەئێزدییە سیڤیلەکانیش بەشدارییەکی کارایان لەشەڕەکەدا دەکردو لانی کەم لەو ماوەیەدا کچان‌و ژنان‌و پیران‌و منداڵانی ئێزدی خۆیان دەرباز دەکرد. تا ئێستا ھیچ بەڵگەیەک لەسەر ئەوە نیە کەئەو ھێزەی داعش کەھێرشی کردۆتە سەر شنگال، لەھێزەکانمان گەورەتر بووە، بەتایبەتی کەداعش بەھێزێکی بەڕێژە بچوک موسلی گرتبوو و دەرفەتی ئەوەی نەبوو ھێزێکی گەورە بۆ گرتنی شوێنێکی لەموسل بچوکتر تەرخان بکات. بەدڵنیاییەوە ئەگەر ھێزەکانمان خۆیان رابگرتایە، شنگال نەدەگیراو دانیشتوانەکەی تووشی مەینەتی نەدەبون.
سەرەڕای تێپەڕبوونی دوو ساڵ بەسەر رووداوەکەی ٣ی ئابی ٢٠١٤ی شەنگالدا، ھێشتا راپۆرتی لیژنەی لێکۆڵینەوە لەھۆکانی کشانەوەی ھێزەکانمان لەشنگال بڵاو نەکراوەتەوەو کەس لەسەر ئەم پرسە گرنگە کەتراژیدیایەکی مرۆڤانەی لێ کەوتۆتەوە، لێپێچینەوەی لەگەڵدا نەکراوە.
لەنمونەی شنگالدا کشانەوەی ھێزەکان ناچێتە چوارچێوەی تاکتیکی سوپاییەوە چونکە "کشانەوە" بەپێودانگی سوپایی "ھونەرە"و وا ناسراوە کەبریتییە لە" ھونەری دانانی پلانە جەنگییەکان لەمەیدانی شەڕدا" لەکاتێکدا ئەوەی کەروویدا جگە لەوەی کەبەجێ ھێشتنی مەیدانی شەڕ بوو، ھێشتنەوەی دانیشتوانی سیڤیلیش بوو بۆ چارەنووسێکی نادیارو لەناوەڕۆکیشدا خۆدزینەوە بوو لەلێپرسراوێتیی پاراستنی دانیشتوان‌و بەرپەرچدانەوەی دوژمن.
ھەموومان مافی ئەوەمان ھەیە داوای زانینی راستییەکان بکەین. دوو ساڵە راستییەکە نازانین‌و کاتی ئەوە ھاتووە بیزانین. داوای شتێکی قورسمان نەکردووە، تکایە راستییەکەمان پێ بڵێن.
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
31/08/2016
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
12
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ