وتار
وەزیری رازی
عەلی حمە ساڵح

بێ دەنگی ترسناکی وەزیری (چوار حیزبەکە) و بەتایەت ئەو سێ حیزبەی پێشتر ئۆپۆزسیۆن بوون، پرسیارو نیگەرانی و گومانی زۆر دروستدەکات. 
بێدەنگیش نیشانەی رازیبوونە!!! 
وەزیر، جگە لەوەی کەسی یەکەمی وەزارەتەکەیەتی ئەندامی ئەنجومەنی وەزیرانە، بۆیە دەبێت لەسەر پرسە گرنگەکان قسەی ھەبێت. 
وەزیری رازی، ئەو وەزیرانەیە کاتێک پارەی نەوت ھەموو دەخرێتە بانکێکی ئەھلی مەحسوب لەسەر حیزبی حوکمڕان و قسە ناکەن. 
بەدالەو ژێرخانی گەیاندن لەسەر کۆمپانیا تاپۆ دەکرێت ھەر قسە ناکەن و رازین.
کۆمپانیاکانی نزیک لە حیزب بەناو و فێڵی جۆرارجۆر پارەی خاڵە سنورییەکان دەبەن ھەر قسە ناکەن. 
گەورەترین کێڵگە حارزە نەوتییەکانی وڵات دراوەتە کۆمپانیایەکی مەحسوب لەسەر حیزب و ھەر رازین. 
داھاتی چەندین دامەزراوە، چەند کۆمپانیایەک دەیبەن (لە داھاتوودا بڵاوی دەکەمەوە). 
ئەنجومەنی وەزیران سێ مانگ جارێک کۆ ببێتەوە یان نا، ھەر رازین و بێ دەنگن. 
وەزیرێک دوو مانگ داوای بینینی سەرۆکی حکومەت بکات و نای بینێت ھەر رازییە. 
لە دادگاکانی دەرەوە دوو ملیار دۆلار بدۆڕێنن و چەندی دیکەش بەڕێوەیە، ناڵێن بۆ؟ کەواتە ھە رازین؟؟؟
موچە بکرێتە چارەک و نەشدرێت، پارەی خەڵک ببرێتە دەرەوەی وڵات سپی بکرێتەوە ھەر رازین. 
وڵات بخرێتە ژێر باری نزیکەی ٢٨ ملیار دۆلاری قەرزەوە ھەر رازین!!! 
وەزیرێک، کە ١٠ مانگە دەرکراوە لە حکومەت و ئێستاش خۆی بە وەزیر دەزانێت، ئەمڕۆ لە لێدوانێکدا، دەڵێت:بۆیە قسەناکەین کێشەی ئێمە شەخسی نیەو نامانەوێت بەقسەکردن دۆخەکە زیاتر خراپ ببێت!!! بۆ ئێمە کە قسەی دەکەین کێشەی شەخسیمان ھەیە!!! 
وەزیرێکی دیکە، کە ئیمزای لە وەزارەتەکەی خۆشیدا ناخوات و دوو ساڵە وەزیرە ھێشتا دەستاو دەستی لەگەڵ وەزیری پێشودا نەکردووە(وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری ژینگە)، دەڵێت: قەیرانی دارایی نەبووەتە ھۆکارێک بۆ ئەوەی لە خزمەتکردن بووەستین، کاکە تۆ دەسەڵاتت لە فەرمانگەی خۆتیشدا نیە، خزمەتی چی!!! 
وەزیرێکی دیکەی موسوڵمانیش، بەپەرلەمانتارێک دەڵێت: ئەم دۆخە خەتای چواری وەک تۆیە!! ئەی بۆ ناڵێی خەتای ئەوانەیە پارەو داھاتی ئەم وڵاتە دەدزن. 
کێشەکە، ھەر رازی بوونی وەزیرەکان نیە، حیزبەکانیشیان لە بێ دەنگی ئەم وەزیرانە رازین، کەواتە: ئەوانیش رازین.
تێبینی: یەک دوو وەزیر چەند جارێک لە کات و شوێنی خۆیاندا قسەیان کردووە، بەڵام بەرھەم و ئەنجامی نەبووە.
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
02/09/2016
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
12
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ