وتار
ئۆپەراسیۆنی جەرابلوس‌و رەھەندەکانی
فەرید ئەسەسەرد

لەشەڕی جەرابلوس کەئەنجامەکەی نەمانی داعش بوو لەجەرابلوس، دوو خاڵی جەوھەری ھەیە کەپێویستیان بەتێڕامانە. یەکێکیان ئەوەیە کەشەڕی جیھانیی دژی تیرۆر پێویستی بەوەیە کەتورکیا رۆڵێکی کاریگەری تێدا بگێڕێ‌و ئەوی تر ئەوەیە کەتورکیا مافی ئەوەی ھەیە ئاسایشی سنوری خۆی بپارێزێ. ئەم دوو مەسەلەیە ئەوەندە تێکھەڵکێشی یەکترن کە زەحمەتە بتوانرێ لێک جیا بکرێنەوە.
بەڵام ئەوەندەی مەسەلەکە پەیوەندیی بەتورکیاوە ھەیە، تورکیا پەیوەند بەم دوو خاڵە لەدۆخێکی تایبەتدایە، چونکە تورکیا خۆی سنوری خۆی کۆنترۆڵ نەکردووەو لانی کەم بە درێژایی دوو ساڵی پاش سەرھەڵدانی قەیرانی سوریا، سنوری تورکیا- سوریا بەکراوەیی ھێڵدراوەتەوە بەجۆرێک کەھەزاران کەس لەھەموو جیھان ئاسانکارییان بۆ کراوە تا لەسنور بپەڕنەوەو پەیوەندی بەداعش‌و بەرەی نوسرەو ھەندێ گروپی تیرۆریستی ترەوە بکەن.
ئەمە بەم واتایە دێ کەتورکیا خۆی ئاسایشی سنوری خۆی نەپاراستووە چونکە باوەڕی تەواوی بەوە ھەبووە کەڕژێمی ئەسەد بەرگەی شەڕ ناگرێ‌و لەکۆتاییدا ھەر دەڕوخێ. دڵنیابون لەڕوخانی رژێمی ئەسەد، تورکیای ھانداوە سنورەکەی بەکراوەیی بھێڵێتەوە.
ھەرچەند تورکیا دەستەبەرکردنی ئاسایشی سنوری کردۆتە بیانوو بۆ ھێرش کردنە سەر جەرابلوس، بەڵام راستییەکە ئەوەیە کە لەوەتی قەیرانی سوریا دەستی پێ کردووە، ئەو سنورە ھیچ کات نەبۆتە مایەی ھەڕەشە بۆ سەر تورکیاو سنور بەدیوی تورکیا بەشێوەیەکی گشتی ھێمن‌و سەقامگیر بووە. ھەرچەند نزیکەی چوار ساڵە جەرابلوس لەژێر دەسەڵاتی داعش دایە، تورکیا تەنھا لەم دواییەدا بیری کردۆتەوە کەنابێ داعش لەجەرابلوس بێ‌و پێویستە مەترسیی داعش لەسەر سنوری تورکیا نەھێڵدرێ. ئەمەش زۆرتر پەیوەندیی بەدوو فاکتەرەوە ھەیە، یەکێکیان منبجەو ئەوی دیکە وتووێژەکانی ژنێڤە. تورکیا دەترسا ھێزەکانی سوریای دیموکرات پاش دەرکردنی داعش لەمنبج، روو بکەنە باب‌و پاشان جەرابلوس‌و ھەردووکیان رزگار بکەن. لەلایەکی دیکەوە، رەنگە لەماوەیەکی نزیکدا وتووێژەکانی ژنێڤ دەست پێ بکەنەوەو دەبوایە پێش وتووێژەکان ھەلومەرجێک بڕەخسێنرێ، ئۆپۆزیسیۆنی سەر بەتورکیا بتوانی بەپێگەیەکی بەھێزەوە بەشداریی تێدا بکات. ئەوەی کەشەڕی جەرابلوس ھیچ سەربازێکی تورک‌و ھیچ چەکدارێکی ئۆپۆزیسیۆن تێیدا گیانی لەدەست نەداوەو لەماوەیەکی پێوانەییدا بەئەنجام گەیشتووەو داعشیش بەبێ شەڕو بەبێ ئەوەی ھیچ چەکدارێکی گیان لەدەست بدا شارەکەی بەجێ ھێشتووەو کتوپڕ ون بووە، گومانێکی زۆری سەبارەت بەشێوەی بەڕێوەچوون‌و ئامانجەکانی وروژاندووە. تورکەکان ھەر لەسەرەتاوە نەیانشاردۆتەوە کە لەپاڵ گرتنی جەرابلوس دا، ئامانجیان لێدانی ھێزەکانی کوردە. ھەر خوێندنەوەیەکی بابەتییانەش بۆ ھۆکانی دەستێوەردانی تورکیا، ناتوانێ فاکتەری کورد لەئامانجەکانی دەستێوەردانەکە دوور بخاتەوە.
سەرەڕای ھەموو شتێک، ھێشتا پێگەی کوردی سوریا بەھێزەو چاوەڕوان ناکرێ بەرەو خراپی بچێ. لەسەر ئاستی جیھان، کوردی سوریا بەھێزێکی تاقیکراوەو سەرفرازی جەنگی دژی داعش دادەندرێن‌و بۆچونی زاڵ ئەوەیە کەلاوازکردنی ئەو ھێزە زیانێکی گەورە لەھەوڵەکانی لاوازکردن‌و تێکشکاندنی داعش دەدا. شەممەی رابردوو وەزیری دەرەوەی فەرەنسا جان مارک ئیرۆلت ھۆشداریی دایە تورکیا کەنابێ دەست درێژی بکاتە سەر کوردو ئاماژەی بەوە دا کەکوردەکان "بەشێوەیەکی کاریگەر" شەڕی داعش دەکەن. لەوتووێژی ئەم دواییەی ھەردوو وەزیری دەرەوەی روسیاو ئەمریکاش لەژنێڤ، یەکێ لەتەوەرە گرنگەکان بەشداری پێ کردنی کوردی سوریا بوو لەدانوستانەکانی ژنێڤ.
شەڕی جەرابلوس بەو چەشنەی کەبەڕێوە چووە، ھیچ چەترێکی ئەخلاقی بۆ گروپەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سوریاو مانای ئۆپۆزیسیونبون ناھێڵێتەوە کەتێیدا ئۆپۆزیسیۆنێکی لاواز و لەدەرەوە مەشقپێکراو بەیارمەتیی تانک‌و زریپۆشەکانی لایەنێکی بیانی، دەست بەسەر شارۆچکەیەکی وڵاتی خۆیدا دەگرێ.
لەوەش ناخۆشتر ئەوەیە کەھێزە بەشداربووەکانی ئۆپەراسیۆنەکە دوو لایەنیان تێدایە بەشداری کردنیان مانای خۆی ھەیە. یەکێکیان گروپی بەرەی نوسرەیە کەماوەیەکی کەمە ناوی خۆی گۆڕیوەو بەباڵی سوریای رێکخراوی قاعیدە دەژمێردرێ‌و ئەوی تر چەند گروپێکی چەکداری کوردی سوریایە کە لەمەوبەر لەدھۆک مەشقیان پێ کراوەو پەیوەندییەکی دۆستانەی بەھێزیان لەگەڵ تورکیادا ھەیە.
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
07/09/2016
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
12