وتار
١٢ ھۆکار بۆ بەشدارینەکردن لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران
عەلی حمە ساڵح

سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران داوای کۆبونەوەی لایەنە بەشدارەکانی حکومەت و پەرلەمان دەکات.
بەشداری ھیچ کۆبونەوەیەک ناکەین، چونکە.
١- نەیاسا نە عورف رێگا نادات ئەنجومەنی وەزیران بانگھێشتی پەرلەمان بکات بۆ کۆبونەوە، بەڵکو دەبێت پەرلەمان کارابکرێتەوەو وەزیرەکان بانگھێشت بکرێن بۆ پەرلەمان بۆ لێپرسینەوە. 
٢- داتاو ئامارەکانی نەوت روونن کە پارەکە دەبرێت، ٩ ساڵە پارەی نەوت دەچێتە بانکێکی ئەھلی مەحسوب لەسەر پارتی دیموکرات و بەھیچ شێوەیەک نەچاودێری دەکرێت و نە وردبینی. جارێ سەرەتا پارەی نەوت بخەنە بانکی حکومی. 
٣- پارەی پرۆژەکان(شیرینی نەوت) تاوەکو ٢٠١٠ بڕەکەی ٥ ملیار دۆلار بووە، تاوەکو٢٠١٤ گەیشتە ٨ ملیار دۆلار، داھاتەکانی دیکەی نەوتیش ٥ ملیار و ٧٤٢ ملیۆن دۆلاربووە. 
واتە : پێش ئەوەی بەغدا بودجەی کوردستان ببڕێت داھاتی نەوت ١٣ ملیارو ٧٤٢ ملیۆن دۆلار بووە، کوا ئەم پارەیە؟ چۆن خەرجکرا؟ 
٤- سەدان ملیۆن دۆلاری پرۆژەکان کە لەپارەی نەوت پارەی پارەی بۆ تەرخانکراوە، خەرجنەکراوە، کوا؟ 
٥- داھاتی نەوتی ساڵی ٢٠١٤ کە بڕەکەی ٧ ملیار دۆلارە نادیارە، موچە لە قەرزی کۆمپانیاو راکێشانی نەختینەی بانکە ئەھلییەکان بووە، نەک داھاتی نەوت. 
٦- داھاتی ھەر پێنج کێڵگە نەوتییەکەی کەرکوک لە ٢٦ مانگی رابردودا ١١ ملیارو ٧٧٥ ملیۆن دۆلار بووە. کوا ئەم پارەیە؟ 
٧- سەرۆکایەتی حکومەت لە مانگی یەکی ئەمساڵدا بڕیاریدا، پرۆسەی ئاڵوگۆڕی دۆلار بڕ دینار لە بانکی کوردستانی ئەھلی وەربگرێتەوەو بیداتە چەند بانکێکی دیکەو بەلیژنە بێت، بەڵام ٩ مانگە نەکراوە، ھەر بانکی کوردستان بە قۆرخکاری دەیکات و بۆ ھەر ١٠٠ دۆلار بە ١١٧ ھەزار ئەژمار دەکرێت، واتە١٠٪ داھاتی نەوت تەنیا لە ئاڵوگۆڕ بۆ بانکی کوردستانە!!!
٨- دوو ساڵە دوای گرێبەستی ٥٠ ساڵی 
نەوت و گاز لە گەڵ تورکیا دەکەین ئامادەنین پێمانبدەن!!
٩- دۆسییەی داناگاز، گەورەترین گرفتە ئامادەنین ھیچ رونکردنەوەیەکی لەسەر بدەن. 
١٠- یاسای سندوقی داھاتە نەوتییەکانمان پەسەند کرد، بەڵام ئەنجومەنی وەزیران ئامادەنەبوون پەسەندی بکەن. 
١١- دەیانجار زانیاری نادروستمان لە وەزیری سامانە سروشتییەکان بیستووە، ئەمە جگە لەوەی چەندین بەڵگەی گەندەڵی لەسەر ھەیە، ئێستا چۆن گوێی لێبگرین و داتای قبوڵ بکرێت، کە ھیچ لایەنێکی وردبینی پەسەندی نەکردووە؟ . 
١٢-بەھیچ شێوەیەک ڕێگایان نەداوە چاودێری دارایی وردبینی داھاتی نەوت و گرێبەستە نەوتییەکان بکات، ھەرچەندە چەندین جار داوامانکردووە. . 
چەندین جارو لە چەندین کۆبونەوەدا ئەم پرسیارانەمان کردووە، بەڵام وەڵاممان وەرنەگرتووە، بە پرسیاری فەرمیو لە ڕێگای سەوۆکایەتی پەرلەمان کردوومانە وەڵاممان وەرنەگرتووە، ئەم دۆخە بە بڕیار چاک دەبێت نەک بە کۆبونەوە، بفەرموون و بڕیاردەن و داھاتی نەوت بخەنە خزمەتی خەڵک و لە بانکی ئەھلی دەریبکەن و با چاودێری بکرێت و دامەزراوەی نەوت دروستکرێت، لەسەر ئەو سکاڵایانەش تۆمارمانکردووە وەرنە دادگا. 
بۆیە نایەمە ھیچ کۆبونەوەیەک کە بۆ بەلادا ڕێبردنی خەڵک بیت
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
20/09/2016
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
12