وتار
سعودیەو نەوت‌و ھاندانی تایفەگەری ‌
فەرید ئەسەسەرد

بۆچونێکی بەھێز لەناو سعودییەکاندا زاڵە، ئەویش ئەوەیە کە سعودیە چیتر ناتوانێ لە دابین کردنی ئاسایشی خۆیدا پشت بە ئەمریکا ببەستێ‌و کاتی ئەوە ھاتووە پشت بە خۆی ببەستێ‌و سیاسەتێکی جیاواز لە سیاسەتی ئەمریکا‌و ئەوروپا پیادە بکات. ئەم بادانەوەیە ھەم زۆر درەنگ ھەم لە کاتێکی زۆر خراپ‌و ھەم بەشێوەیەکی زۆر خراپ ئەنجام دراوە.
لەوەتەی سعودیە دامەزراوە، ئەمە یەکەم جارە ئەم دەوڵەتە سیاسەتێکی «سەربەخۆ» پیادە دەکا‌و ئیلھام لە تێڕوانین‌و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا وەرناگرێ. سعودییەکان دەزانن بایەخی دەوڵەتەکەیان بۆ ئەمریکا داویەتی لە کزی. لەمەوبەر، ئاسایشی وزە بەشێکی گرنگی ستراتیجی ئەمریکای پێکھێناوەو لەم ستراتیجەدا سعودیە بە ھاوپەیمانی ستراتیجیی رۆژئاوا دانراوە. پاش ھەرەس ھێنانی بلۆکی سۆسیالیست، تێڕوانینی ئەمریکا بۆ رۆڵی جیھانیی سعودیە گۆڕانی بەسەردا ھات بەڵام رۆڵی ئەو وڵاتە وەک بەشێک لە ستراتیجی ئاسایشی وزەی ئەمریکا، وەکو خۆی مایەوە بەڵام بە دۆزینەوەی نەوتی بەردین، ئەمریکا لەوە رزگاری بوو کە ئاسایشی وزەی خۆی بە ئاسایشی سعودیەوە ببەستێتەوەو لێرە بە دواوە کەوتە دانانی نەخشەیەکی ستراتیجیی تازە کە تێیدا رۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە پێشی پێشەوەی ئەو ناوچانە نیە کە ئەمریکا بە بایەخێکی زۆرەوە لێی دەڕوانێ.
سعودییەکان ئەوە دەزانن‌و لەوەش دڵنیان کە ئەمریکا ئامادەیی تێدا نیە ھێز بۆ پاراستنی سعودیە بنێرێ‌و بەقەد جاران چارەنووسی سعودیە بە ھەند وەرناگرێ. لەم چوارچێوەیەدا سعودیە بە ھاتنە سەر کاری پاشا سەلمان لە ساڵی ٢٠١٥، کەوتە خۆنواندن وەک دەوڵەتێک کە بەبێ پشتگیریی رۆژئاواش دەتوانێ رۆڵێکی بەھێزی لە ناوچەکەدا ھەبێ. پاش دوو مانگ لە ھاتنە سەر کاری پاشا سەلمان، سعودیە جەنگی لە دژی یەمەن ھەڵگیرساند‌و دوابەدوای ئەمە کەوتنە پیادەکردنی چەند سیاسەتێک کە بونە مایەی زیادکردنی گرژی لە ناوچەکەدا. 
مەترسیدارترین خاڵ لە سیاسەتی سعودیەدا ئەوەیە کە وەک دەوڵەتێک ھەڵسوکەوت دەکا کە ڕابەرایەتیی سوننەکانی جیھان دەکا لە دژی نەیارە سەرەکییەکەیان کە شیعەیە. بە درێژایی مێژوی ئیسلام، ھیچ کات جیھانی ئیسلام بەقەد دوو ساڵی رابردوو گیرۆدەی ململانێی سوننە-شیعە نەبوە.
خودی دابەزینی نرخی نەوت لە جیھاندا، پەیوەندیی بە سیاسەتی سعودیەوە ھەیە کە ویستویەتی چەکی نەوت لە دژی ئێران‌و روسیا بەکار بێنێ‌و ئابورییەکەیان پێ وێران بکا‌و بەرەو لێواری ھەرەس بیانبا.
لە چوارچێوەی ئەم سیاسەتەدا، سعودیە لەو گۆشەنیگایەوە سەیری رەوشی سوریا دەکا کە دەبێ دەسەڵات لەو وڵاتە بۆ سوننە بگێڕدرێتەوە. لەم ھەلومەرجەی ئێستادا سعودیە لە دوو شەڕدا تێوە گلاوە: یەکێکیان بەشێوەیەکی راستەوخۆ لە یەمەن‌و ئەوی دیکە بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لە سوریا.
سعودیە بەم سیاسەتە شێواوەی، تەنانەت زیانی لە خۆیشی داوە.ئەویش زۆرتر لە کورتھێنانی بودجەدا دەردەکەوێ. لە بودجەی ساڵی ٢٠١٦دا، پاش کەمتر لە ساڵێک لە ھاتنە سەر کاری پاشا سەلمان، کورتھێنانی بودجە ٨٧ ملیار دۆلار بوو. ئەگەر بودجەی ٢٠١٦ بە بودجەی ٢٠١٣ بەراورد بکری، قەوارەی زیانی سعودیە دەردەکەوێ. بودجەی ساڵی ٢٠١٣ جگە لەوەی کە ھیچ کورتھێنانێکی تێدا نەبووە، دەوروبەری ٢٠٦ ملیار دۆلاریشی لێ زیاد بووە. وەزارەتی دارایی سعودیە ئەگەری ئەوەی لەبەرچاو داناوە کە ڕەنگە کورتھێنانەکە بە قەرزرکردن پڕ بکاتەوە.
ئەمە بەم واتایە دێت کە سیاسەتی زیادکردنی گرژی لە ناوچەکە، سەرباری ئەوەی کە کاریگەرییەکی خراپی لەسەر سەقامگیریی ناوچەکە بەجێ ھێشتووە، سعودیەشی لە چەند کێشەیەک تێوە گلاندووەو زۆر خراپ لەسەر باری دارایی شکاوەتەوە. 
ئەگەر ئەم سیاسەتە لەسەر ئەم ریتمەی ئێستا بەردەوام بێ، رەنگە پاشای بەتەمەن ٨١ ساڵ، وڵاتێکی قەرزار‌و پڕ کێشمەکێش لە پاش خۆی بۆ جێ نیشینەکەی بەجێ بێڵێ.
سعودیە رۆژ بە رۆژی زیاتر لە ئەمریکا دور دەکەوێتەوە. ئەمریکاش ئەم مەسەلەیە بە قەد جاران بە ھەند وەرناگرێ چونکە نەوتی سعودیە بایەخێکی زۆری بۆ ئایندەی ئەمریکا نیە. پلانی ئەمریکا ئەوەیە کە لە ساڵی ٢٠٢٠ دا دەستبەرداری ھاوردنی نەوت بێ‌و لە ماوەی ٢٠٢٥-٢٠٣٠ دا بتوانێ دەست بە ھەناردەکردنی نەوت بکات. سەبارەت بە ئێرانیش ئەمریکییەکان تێڕوانینی جیاوازیان لە تێڕوانینی سعودییەکان ھەیە. سعودییەکان لە ڕوانگەی تایفەگەرییەوە ھیچ بوارێکیان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران نەھێشتوۆتەوەو سیاسەتێک لەسەر بنەمای ئابلۆقەدانی ئێران پیادە دەکەن،لەکاتێکدا ئەمریکییەکان کار بۆ ھەموارکردنەوەی سیاسەتی دەرەوەی ئێران دەکەن‌و پێیان وایە تێکھەڵکێشبونی ئێران لە سیستمی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، ئاکامی باشتری لێ چاوەڕوان دەکرێ‌و ئاستی گرژی لە ناوچەکەدا کەم دەکاتەوە.
کەس ناتوانێ نکوڵی لەوە بکات کە ئێران لە سعودیە زیرەکانەتر کاری کردووەو لە دوو ساڵی رابردودا سەرکەوتنی زۆرتری بەدەست ھێناوە. ئەوەی ئەمەش نیشان دەدا ئەوەیە کە سەرەڕای ئەم ھەموو گرژی‌و پشێوییەی کە ناوچەکەی گرتۆتەوە، ئێران سەقامگیرترین وڵاتی ناوچەکەیەو توانیویەتی ئاستێکی بەرزی گەشە بۆ ئابوورییەکەی دابین بکات.
ئەگەر سعودیە دەستبەرداری سیاسەتی ھاندانی تایفەگەری نەبێ، گرژییەکانی ناوچەکە کۆتاییان نایە. لە ھەموی ناخۆشتر ئەوەیە کە ناوچەکە باجی سیاسەتە تایفەگەرییەکانی سعودیە دەدا.
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
22/09/2016
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
12
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ