وتار
دابـــڕان یا دوابڕان ؟!
شوان هه‌ورامی

لە کاتێکدا ھەرێم و گەلی کوردستان لە سایەی سیاسەتمەدارانی بازرگان و دزو گەندەڵەوە بە قەیرانێکی ترسناکدا تێدەپەڕێت ، ئەوانەی بۆ خۆیان ئەو دۆخە ناھەموارەیان بەرھەم ھێناوە ، دەیانەوێت بە چەواشەکاریی میدیایی و بانگھێشتی میوانی بێگانە ، نامەیەک بە سپۆنسەرە خۆرئاواییەکانیان بڵێن کە سەربازیی ھێڵی پێشەوەن بۆ لێدانی شارستانیەتی ئیسلامیی .
من لێرەدا باسی ریسوایی شەڕی ناوخۆ ناکەم ، کە ئەم کاراکتەرە سیاسیانە چەندین تراژیدیای دڵتەزێنیان لە نێو کۆمەڵی کوردەواریدا دروست کردووە ، کە پەڵەی رەشن بەنێوچاوانی ئەو سەرکردانەوە ، تەنانەت لەسەر خوانی دۆستانەش بە وشەی نھێنیی " ئحم " تراژیدیایان خوڵقاندووە و خوێنیان تێکەڵی نان و خوان کردووە !!
ئەمانە ئەوە دووەمین کۆنفرانسیانە لەژێر ناونیشانی " ئاین بۆ تاک و دیموکراسیی بۆ ھەموان " بەرپای دەکەن ، کە بەڕاستیی ئەم درووشمە لە بڕگەی یەکەمیدا پێچەوانەیە و لە بڕگەی دووەمیشدا درۆیەکی شاخدارە . چونکە ئەوانەی رایەڵە کۆمەڵایەتیەکانیان بەھێز کردووە و کوردەوارییان پێکەوە گرێداوە کەسانی دیندار و بەھاکانیانە ، ئەوانەش کە دابڕانیان لە نێوان خەڵکدا دروستکردووە ، ئەوانەن کە بانگەشەی دیموکراسیی دەکەن ، شار و بازاڕ و ژیانی چینایەتیان زەقکردوەتەوە و تەنیا یەکێکیان نابینیت وەکو ھاوڵاتیان بژی ، نە خۆی نە بنەماڵەو دەست و پێوەندەکانیشی . لەو کاتەوەش ئەمانە باسی دیموکراسیی دەکەن جەماوەر جگە لە دزیی و کاری مافیایی نەبێت شتێکی تریان نەدیووە .
مەلا بەختیار کە دەمڕاستی ئەو کۆنفرانسەیە ، ئەوە حیزبەکەی ئەوە کە ( ٢٥ ) ساڵە - وەکو ھاوڕێ و ھاوسەنگەری پارتیی - رێگەی نەداوە کوردستان بە دەستووریی و دامەزراوەیی بکرێت . کە باسکردن لە دیموکراسیی بەبێ جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و بە نیشتمانیی کردنی دامەزراوەکان ھیچ مانایەکی نیە .
حیزبەکەی مەلا بەختیار بە حساب سۆشیال دیموکراتە ، بەڵام تا بینەقاقای غەرقی شریتی ( BKC ) و چەک و تفاقی جەنگ و میلیشیایە ، ئایا ئەمە لەگەڵ کام پرەنسیپ و بنەمای سۆشیال دیموکراتدا یەکدەگرێتەوە ؟ ئێمە ئێستا باسی خەباتی رزگاریخوازیی ناکەین ، ئێمە ئەوە ٢٥ ساڵە باسی پەرلەمان و حکومەت و ھێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکەین ، کە ھیچیان لە بارەگای حیزب جیانین . بۆیە وەکو دیوەخان دەیانکەنەوەو دایاندەخەن !!
ئەم تەوژمە کە پێشتر بە تیۆری پەڕگیرانەی " مارکسیست – لینینیست " دژایەتیی ئیسلام و موسوڵمانانی دەکرد ، تا ھەرەسی بلۆکی خۆرھەڵات بەو شێوەیە خەباتیان دەکرد ، تەنانەت مەلا بەختیار بۆ خۆی رەخنەی لە کۆمەڵەی رەنجدەران دەگرت کە لە بنەماکانی خۆی لایداوە ، بۆیە باڵێکی جیاکردەوە بە ناوی ئاڵای شۆڕش ، بەڵام دوای رووخانی قەڵای پەیمانی وارشـــــۆ ، ئەم برادەرانە راستەوخۆ ١٨٠ پلە رووگەی خۆیان بەرەو قەڵای پەیمانی باکووری ئەتڵەســـــیی ( ناتۆ ) گۆڕیی ، چونکە " ڤیلی کلاس " ی سکرتێری پێشووی ناتۆ لە وەڵامی رۆژنامەنووسێکدا کە لێی پرسیی : دوای رووخانی پەیمانی وارشۆ بۆچی پەیمانی ناتۆ بەردەوامە ؟ ناوبراو رایگەیاند : ئامانجی داھاتوومان تووندڕەویی و ئوسولیەتی ئیســـــلامیە . ئەمە لە کاتێکدا بوو ھێشتا ھەزاران موشەکی ستینگەری ئەمەریکا بە دەستی موجاھیدانی ئەفغانیەوە بوو !!
زۆرینەی رەھای پارتە چەپەکانی خۆرھەڵات ، بە ھەمان بیروبڕواو پەروەردەی جارانەوە رووی دەرەوەی خۆیان بە رەنگی کاپیتالیستیی گۆڕیی و کەوتنە خزمەتی پڕۆژەی نوێی خۆرئاوا ، بەناوی چەسپاندنی سیستەمی نوێی جیھانییەوە ، کە جگە لە خۆسەپاندن و ھەژموونی ئەمەریکا وەکو یەکەمین ھێزی دونیا شتێکی تر نەبوو . ئەوەی بە وردیی سەیری حاڵەتی بەھاری عەرەبیی و دواتر کودەتا و دژایەتیی شۆڕشی گەلانی ناوچەکە بکات بۆ دیموکراسیی ، بۆی دەردەکەوێت ئەوانەی دژایەتیی دیموکراسیی و ئازادیی گەلانی ناوچەکەیان کردووە و بوونەتە ھاوپەیمانی دیکتاتۆرەکان ، کۆنە چەپەکان و لیبراڵ و بەناو دیموکراسیخوازە نوێیەکانن .
من لێرەدا مەودای ئەوەم نیە کە ھەڵسەنگاندن بۆ کۆی ئەو بابەتانە بکەم کە لەو کۆنفرانسەدا باسکراون یا دەکرێن ، بەڵام ئەوەی بەلامەوە سەیرە کەسانێ بوونەتە دەمڕاستیی ھەندێ بابەتی گرنگ بۆ خۆیان مێژووی خراپیان لەو بارەیەوە ھەیە ، مەگەر کێ سوکایەتیی بە پێگەی ژن کردووە ؟ تا ئێستا بیەوێت بە باسی فێمینیزم خۆی پاک بکاتەوە ؟ ئۆقیانوسێک لە تاوان کێ خوڵقێنەری بووە جگە لەوانەی باسی دیموکراسیی بۆ ھەموان دەکەن ؟ تەنانەت ھەیە بەھۆی دەسەڵاتیەوە ژنی خاوەن مێردی ھەڵگرتووە و ئێستا لە سەنگەری پێشەوەی بەرگرییە لە مافەکانی ژن ، بەڵام دەبینین رۆژ لە دوای رۆژ لە سایەی ئەو درووشمانەدا ژن و مێینە چارەڕەشتر دەبن و تەنانەت لەبەردەمی خەڵک و لە شوێنە گشتیەکاندا دەکوژرێن و کەس بەرگرییان لێ ناکات !!
ئەم ھەوڵەی کاک مەلا بەختیار و ھاوسەنگەرانی – کە لە خۆرئاواو جیھانی عەرەبیەوە کۆی کردوونەتەوە و خوا دەزانێ لەم قات و قڕیەدا چەندی بۆ خەرج کردوون - ھەوڵێکی نەزۆکانەیە و تازە گەلانی موسوڵمان ھۆشیار بوونەتەوەو بۆ بەھا بەرزەکانیان گەڕاونەتەوە ، بەڵام ئەوەی بەلای منەوە جێی سەرنجە ئەوەیە باوەڕ ناکەم مەلا بەختیار بەدواداچوونی بۆ حاڵیی فیکریی حیزبەکەی خۆی کردبێت ، ئەوانەی جاران تا سنووری کوشتن لە دژی موسوڵمانانی کوردستان دەچوونە پێشەوە ، ئێستا لە بۆنە ئاینیەکانیەکاندا ( وەکو یادی لەدایک بوونی پێغەمبەر و شەوڕەویی و میعراجدا ) بۆ پیرۆزبایی ئەو یادانە ، بە ناوی بارەگا حیزبیەکانەوە لافیتە و درووشم ھەڵدەواسن ، یا بڕوایان پێی نیە کە ئەمانە زۆر خراپە و دووڕوویی بەرانبەر بە خەڵک زوو ئاشکرا دەبێت ، یا لەڕاستیدا ئەوانیش بڕوایان بەو بۆنە رۆحیانە ھەیە و ئەوە ئەسڵەو عەلمانیی بوون تەنیا رووکەشە ، ھەرکام لەمانە بێت نیشانەی ئەوەیە تازە کاک مەلا بەختیار ناتوانێت پێناسەی راستەقینە و شوناسی حیزبەکەیمان بۆ ساغ بکاتەوە ، ئیتر چۆن دەتوانێت گومان لەسەر بەھا ئیسلامیەکان دروست بکات ، کە دین بووەتە سیمای باڵای کۆمەڵگە و دیموکراسیش لە لایەن کۆمەڵگەوە بەو شێوەیە ناسراوە کە وتەی بەتاڵی سیاسیەکانە و ئەوانی گەیاندووەتە بورجی عاج و بە تەواویی دیواری بێ متمانەیی لە نێوان ئەوان و جەماوەردا دروستکردووە .
پێموایە لەم ھەلومەرجەدا ئەم کۆنفرانسە زیانی زۆر بە بەرژەوەندییەکانی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان دەگەیەنێت ، بە تایبەتیی تریش ئەو خەتەی کاک مەلا بەختیار ، چونکە ئەو لەسەر ئەو باڵەی فرۆشتنی نەوتی قاچاغ و داھاتی نھێنیی ھەژمار دەکرێت ، کە مەحموود سەنگاوی بە دز و شەریکە دز ناویان دەبات ، ئەگەر ئەو کۆنفرانسەی بۆ ئەوەیە لایەنگر بۆ خۆی دروست بکات ، بە پێچەوانەوە کەس نابێتە لایەنگری کەسێ کە بێڕێزیی بە بەھا ئاینیەکان بکات ، ئەوە ھەوڵێکی نەزۆکانەیە کە خاوەنەکانی بەرەو ھەڵدێر و دابڕانی تەواو لە جەماوەر دەبات ، بەڵام ئەگەر بۆ ئەوەشە سپۆنسەرە خۆرئاواییەکان رازیی بکات ، دەیتوانی لە ئەوروپا بەڕێوەی ببات ، گەرچی لەوانەشە توانای رەتکردنەوەی شوێنەکەی نەبووبێت چونکە خۆرئاواییەکان زۆریان پێخۆشە دژایەتیی شارستانیەتی ئیسلامیی بە بیانووی داعش و قاعیدە و تووندڕەوییەوە لە نێوجەرگەی کۆمەڵگە موسوڵمانەکاندا بکرێت بۆ ئەوەی پێکدادان دروست بکەن ، وەکو ئەو فەوزا خەللاقەی کە کۆندۆلیزا رایس داوای دەکرد !!
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
25/09/2016
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو