وتار
شەڕی موسڵ و مەرجەکانی ھەرێم ‌
فەرید ئەسەسەرد

بەبێ ئەوەی ھیچ رێککەوتنێکی سیاسی، وەک ھەرێم دەیویست، سەبارەت بە شێوەی بەڕێوەبردنی پارێزگای نەینەوا پاش رزگارکردنی لە داعش، بێتە دی، ھەرێم رەزامەندیی لەسەر بەشداری کردن لە ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی موسڵ نیشاندا. رەزامەندییەکە خۆی لەخۆیدا لاوازیی دیپلوماسیەتی ھەرێم دەردەخا، چونکە ھەرێم پێشتر نەیدەویست بەبێ مەرج بەشداری لە ئۆپەراسیۆنەکەدا بکات. دواتر، ھیچ مەرجێکی سەرەکیی بۆ نەچوە سەر‌و وردە وردە دەستبەرداری یەک بەیەکی مەرجەکانی بوو.

 لە ڕوی ئاسایشی نەتەوەیەوە، ھەرێم بە دورکەوتنەوەی داعش لە سنورەکەی، بڕێکی زۆرتری سەقامگیری بۆ خۆی دابین دەکا‌و لە ھەڕەشەی بەردەوامی تیرۆر رزگاری دەبێ. ئەم ئامانجە بە بەشداریکردن‌و بەشداری نەکردنی ھێزی پێشمەرگە ھەر دەھاتە دی. بەڵام، لەلایەکی ترەوە، پێشنازکردنی چەردەیەک مەرج لەلایەن ھەرێمەوە، ئەو دەرفەتەی بۆ پێکھێنا کە بەرامبەر بە وازھێنان لەو مەرجانە، مووچەی ھێزی پێشمەرگە تا دوای تەواوبونی ئۆپەراسیۆنی موسڵ دابین بکات.

ھەرچەند رەزامەندیی ئەمریکا لەسەر دابین کردنی ئەو موچەیەی ھێزی پێشمەرگە کە حکومەتی ھەرێم پێی دابین ناکرێ، خۆی لە خۆیدا بایەخی خۆی ھەیەو لە ھەلومەرجی قەیرانی داراییدا ھەر دەبێ بە دەستکەوت بژمێردرێ، بەڵام ئەو زیانەی کە بە وازھێنانی ھەرێم لە مەرجەکانی بەری کەوتووە، گەورەترە لە دەستکەوتی دابین کردنی مووچەی ھێزی پێشمەرگە بۆ چەند مانگێک. 

ھەرێم دەیویست پێش ئۆپەراسیۆنەکە رێککەوتنێکی سیاسی سەبارەت بەشێوەی بەڕێوەبردنی تەواوی پارێزگای نەینەوا بێنێتە دی کە تێیدا ھەرێم رۆڵێکی کاریگەری لە بەڕێوەبردنی پارێزگاکە بە ھاوبەشی لە قۆناغی یەکەمدا‌و لە دیاری کردنی چارەنوسیدا لە قۆناغی دووەمدا ھەبێ. بەڵام ئەم پێشنیازە لەلایەن بەغدا‌و بەشێکی گروپەکانی پارێزگاکەوە رەت کرایەوەو ئەمریکییەکانیش بەدڵیان نەبوو، بەتایبەتی کە گومان ھەبوو ھەندێ لایەنی دەرەکی‌و ھەندێ گروپی ناو موسڵ بتوانن رێککەوتنەکە بە ئاراستەیەکی خراپدا ببەن. سەرباری ئەوەی کە رێککەوتنە پێشنیازکراوەکە دەسەڵاتێکی ئەوتۆی بۆ ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا نەدەھێشتەوەو رەوشێکی ئاڵۆزی لە پارێزگاکەدا دەھێنایە دی.

ھەرێم بیرۆکەی دابەشکردنی نەینەوای بەسەر چەند پارێزگایەکدا ھێنایە پێش‌و لەم روەوە زۆر بە تەنگ ئەوەوە بوو پێش رزگارکردنی موسڵ پارێزگای تازە لە سنوری پارێزگای نەینەوا پێک بھێنرێ. کاتێک ئەم پێشنیازە رەت کرایەوە، ھەرێم ھەموو ھەوڵەکانی لەسەر ئەوە چڕ کردەوەکە بەڵێنی پێ بدرێ کە دەم‌و دەست پاش رزگارکردنی موسڵ‌و پێش ئەوەی پارێزگاکە ببێ بە ھەرێم، دەست بە دابەش کردنی پارێزگاکە بکرێ. بەڵام ھەرێم ھیچ بەڵێنێکی لەو جۆرەی پێ نەدرا. پێشبینی دەکرێ نەینەوا پاش رزگارکردنی، ھەنگاو بۆ دروست کردنی ھەرێم بنێ. لە دۆخێکی وادا قەزاکان بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی دەبن بە پارێزگا بەڵام ئەوسا مافی ئەوەیان نابێ یەکلایەنە بڕیار لە جیابونەوە بدەن. ھەرێم زۆرتر مەبەستی بوو دوو پارێزگا، یەکێک لە شنگال‌و ئەوی تر لە دەشتی نەینەوا لە قەزاکانی شێخان‌و تلکێف‌و قەرەقوش پێک بھێنرێ.

ئەو رێککەوتنەی کە ھەرێم لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا واژۆی کردووە، ئەوە بەسەر ھێزی پێشمەرگەدا دەسەپێنێ کە پاش شەڕەکە لە ھەموو زەوییەکان بکشێتەوە. ئەمەش پێچەوانەی لێدوانەکانی لەمەوبەرە کە تێیدا دەوترا ھەر زەوییەک ھێزی پێشمەرگە بە خوێن بیگرێ، نادرێتەوە.

ھەرێم ھەر لە سەرەتاوە دژی بەشداریکردنی حەشدی شەعبی وەستایەوە بەڵام لە کۆتاییدا دستی لەم مەرجە ھەڵگرت. پێشی خۆش نەبوو، ھێزی پێشمەرگە ملکەچی سەرکردایەتیی ھاوبەشی ئۆپەراسیۆنەکە بێ بەڵام ئەمریکییەکان ھانیان دا پێ لەسەر ئەم مەرجە دانەگرێ.

دوو گروپ بەشداری لە ئۆپەراسیۆنی موسڵدا دەکەن کە ھەولێر حەز ناکا بەشداری بکەن، یەکێکیان ھێزەکانی حەشدی ئێزدییەکانەو ئەوی دیکە ھەندێ یەکەی پەکەکەیە. سەرباری ئەوەی کە گروپەکەی نوجەیفی‌و لە پشت ئەوەوە ھەندێ لایەنی ناو ھەرێم، ھەوڵی لێبڕاوانەیان بۆ بەشداری پێکردنی ھێزە تورکییەکانی سەربازگەی بەعشیقە دا، بەڵام ھەوڵەکەیان ھیچی لێ سەوز نەبوو.

لە ئۆپەراسیونی موسڵ ئومێدێکی زۆر لەسەر توانای شەڕکەرانەی ھێزەکانی نوجەیفی ھەڵناچنرێ. ھێزی پێشمەرگەش، بە پێچەوانەی ئەوەی کە ھەولێر دەیویست، زۆرتر رۆڵی پشتیوانی پێ سپێردراوەو سنوری جموجوڵی بۆ دیاری کراوە، وا دانراوە کە تەنھا لە کاتی پێویستدا رێی پێ بدرێ بچێتە ناو موسڵ، دواتریش ھەر کات داوای لێ کرا دەبێ چۆڵی بکات.

شەڕی موسڵ شەڕێکی چارەنوسسازەو پاش یەکلابونەوەی دەبێتە مایەی کردنەوەی چەند فایلێکی ھەستیار لەوانە فایلی دەست تێکەڵاوکردن لەگەڵ داعش لەکاتی گرتنی موسڵ لە ساڵی ٢٠١٤ ‌و فایلی کەمتەرخەمیی لایەنە پەیوەندیدارەکانی پارێزگاکەو فایلی چۆڵ کردنی شنگال‌و چەند فایلێکی دیکەی ھەستیار. ئەمە بەم واتایە دێت کە رزگارکردنی موسڵ لێی رادەبینرێ شەڕی سیاسیی گەورەی لێ بکەوێتەوە کە بەدڵنیاییەوە کاریگەری زۆری لەسەر تەواوی پرۆسەی سیاسی دەبێ.
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
28/09/2016
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
12
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ