وتار
بە دەستی بەتاڵەوە دێنەوە!
ئومێد بابان
 
 
تا دوو مانگ لەمەوپێشیش، لای ژمارەیەک لە حزبە کوردستانییەکانی باشوور، گەڕانەوە بۆ بەغدا بڤە بوو، ئێستا خەریکە دەبێتە دیفاکتۆ، بەشێک لە حزبەکان سەریان لە خۆیان، ڕاگەیاندن و کادرەکانی خۆشیان شێواندووە، بەوەی کە نازانن چۆن لە خەڵک بگەیەنن ھەر لە سەرەتاوە فرۆشتنی نەوتی ھەرێم بە شێوەی سەربەخۆ ھەڵەیەکی مێژوویی بوو و قەرەبووکردنەوەیشی لە مەحاڵەوە نزیکە.
فرۆشتنی نەوتی ھەرێمی کوردستان بە وڵاتانی دەرەوە، کە وەک ھەمووان دەزانن سامانێکی نیشتمانییە و نەوە دوای نەوە چاوی تێوە دەبڕن، ھەر لە بنەڕەتەوە بە سەقەتی دەستی پێکرا، چونکە ھەر زوو نوێنەری تێکڕای لایەنە سیاسییەکانی باشوور لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئۆکەیان بۆ یەکپارچەیی خاکی عێراق کرد و ئەمەیش لە سەربەخۆیی داراییەوە گەیاندنیە قەیرانێکی قووڵی ئابووری کە بە گەنگەشەیەک و گفتوگۆیەکی ئاسایی و بگرە درێژخایەنیش لەگەڵ بەغدا، چارە ناکرێت.
ئێستا کە دەنگۆ ھەیە شاندی کوردی کە سەرۆکایەتیی ھەرێم و نوێنەری لایەنە سیاسییەکان تێیدا بەشدارن و دەخوازن سەردانی بەغدا بکەن تا لەگەڵیدا یەکلای بکەنەوە بۆچی قوتی خەڵکی کوردستانیان بڕیوە، بەڵام ھیچ دەرەنجامێکیان چنگ ناکەوێت و بە دەستی بەتاڵەوە دەگەڕێنەوە ھەرێم.
چونکە، وەک لە سەرەتاوە ئاماژەی پێ درا، سەرکردایەتیی سیاسیی کورد، نائاگایانە لە دەرگای وڵاتانی دەرەوە و کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی دا بەوەی کە نەوتی خۆی خۆماڵی دەکات، بێباک لەوەی کە قوتی ھاوڵاتیانی دەبڕێت و بەو ھۆیەشەوە بوودجە و مووچە نادرێت و پشکی ھەرێمی کوردستانیش لە قەرزی نێودەوڵەتیدا فەرامۆش دەکرێت.   
لەو نێوەندەدا، بەغدا کە ھەرگیز جێی متمانەی ھەولێر نەبووە و پێشوو و پێشووتریش و بەئەنقەست بژێویی کوردستانیانی لە ھەرێم بڕیوە، دووبارە کۆمەڵێک سیناریۆ دێنێتە کایەوە کە ھەرگیز نابێ لای سەرکردایەتیی سیاسیی کورد باوەڕپێکراو بن و بگرە ناشێ ھیوایەکیشیان لەسەر ھەڵبچنرێت کە خەڵکی کوردستان لە نائومێدی ڕزگار بکات.
لەبەر ئەوەی، ئەزموونی تاڵمان لەگەڵ قەڵەمڕەوانی بەغدا ھەیە و دوای پرۆسەی ئازادیی عێراق، سەرۆکوەزیران دوای ئەوی تر یەک جۆر مامەڵەیان لەگەڵ کورددا کردووە، جا مامەڵەکە بە فیتی وڵاتانی ئیقلیمی بووبێت یان دەرەکی و زلھێزەکانیش، بۆیە ئەو شاندەش کە دەچێتە بەغدا، نە دار دەخاتە سەر بەرد، نە موژدەیەکیش لەگەڵ گەڕانەوەیدا بە گوێی کوردستانیاندا دەدات.
ئەگەر درێژدادڕی نەکەین، دەبێ دواجار بپرسین، لە نێوان گەڕانەوە و نەگەڕانەوەی چەندبارەدا بۆ بەغدا، چ نھێنییەکی شاراوە ھەیە و کورد چی دەست کەوتووە و چی دەست دەکەوێت؟
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
30/09/2016
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
12
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ