وتار
ھیچ شتێ جێگای چاککردنی ڕەوشی ھەرێم ناگرێتەوە.
ئه‌بوبه‌كر كاروانی

دەربارەی چوونی وەفدی ھەرێم بۆ بەغدا.
شاندەکەی ھەرێم لە چوارچێوەی دۆخێکی دیاریکراودا چۆتە بەغدا، بۆ سەرکەوتوویی و سەرنەکەوتوویشی دەبێت ھەندێ چاوەڕێ ی بەرەنجامەکان بکەین ولەوێوە حوکمی بەسەردا بدەین.
بەو ئەندازەی بەرەنجامی ئەرێنی بۆ گەلی کوردستانی باشور لێ بکەوێتەوە، ئاماژەیە بە سەرکەوتنی و پێچەوانەکەشی ڕاستە. بەڵام ئەوەی لێرەدا گرنگە لەسەری بوەستین چەند خاڵێکە لەوانەش:
١\ شاندەکە بە گشتی سیاسی سەربازی بوو، بۆ شکاندنی بەربەستە دەروونیەکان دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان و زەمینە سازکردن بۆ کێشەکان دەکرێت دەوری ھەبێت وەفدەکە ڕێکەوتنی کردووە لەسەر ڕێککەوتن گفتوگۆی کردووە لەسەر ئەوەی کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێن گەیشتۆتە ھەندێ تێگەیشتنی ھاوبەشیش، دەنا ئەوەی وردەکاریە و پێویستە بکرێت بەجێھێڵراوە بۆ وەفد و دانووستانی تر، ئەویش بێ کێشەنیە.
٢\ پێکھاتەی وەفدەکە گەرچی ھەمەڕەنگی پێوە دیاربوو بەڵام ئاماژە نیە بە نوێنەرایەتی کردنی پرۆژەیەکی سازان لەسەرکراوی نیشتیمانی لە ھەرێمدا، بە حوکمی ئەوەی ئەندامە یەکیەتی یەکان لەناو خودی حیزبەکەیاندا کێشەیان ھەیە، یەکگرتووەکانیش چەند ساڵێکە لە بەردەم ئەم جۆرە ھەنگاو و بەشداریانەدا سازانی نێوخۆییان نیە، کە دێنەوە کوردستانیش ھێزە بەشدارەکانی وەفدەکە زیاد لە کێشەیەکیان لەگەڵ یەکتردا ھەیە، ئەمە جگە لەوەی ھەر لە بنەڕەتەوە دوو ھێزی بەشدار لە پەرلەمان و حکومەت بەشداری وەفدەکە نەبوون. 
٣\ سەبارەت بە پرسی سەربەخۆیی بە لاوەکی باسکراوە بەستراوەتەوە بە سەرنەکەوتنی شەراکەتی ڕاستەقینە لە نێوان ھەرێم و بەغدا و وەک کارتێک لەم ڕوەوە ئاماژەی پێکراوە . ئەوەش بۆ دۆخی ئێستای ھەرێم و ماڵە پرش و بڵاوەکەی چاوەڕێ کراوە.
٤\ چاوەڕێ دەکرێت وەفدەکە دوای گەڕانەوەی، بە تایبەتیش شەخسی بارزانی دەستپێشخەری ھەبێت بۆ جوڵە خستنەوە بەر دۆخی چەقبەستوویی سیاسی ھەرێم و دەرگا کردنەوە بە ڕووی وەرزێکی نوێ ی گفتوگۆکان. چونکە:
ڕ\ دەبێتە جێ ی سەرسوڕمان عەقڵی سیاسی کوردی و بەشێ لە ھێز و سیاسیە کوردیەکان، توانای شکاندنی بەربەستەکانی گەل بە غدا و دووبارە ھەوڵدان بۆ چارەسەر کردنی کێشەکانیان ھەبێت ، کەچی لە کوردستاندا نەتوانن بەسەر گرێ دەروونی و بەربەستە حیزبیەکاندا زالببن و لەگەڵ ھاونەتەوە و چارەنوسەکانیان دەستبکەنەوە بە گفتوگۆ. 
ب\ دەبێت ئەو ڕاستیەمان لا ڕوون بێت ھیچ ھەوڵ و ھەنگاوێک جێگای دووبارە باشکردنەوەی ڕەوشی ھەرێم و باشوری کوردستان ناگرێتەوە. ئیرادەی نیشتیمانی و خەون و ھیواکان لە ھەرێمەوە بینا دەکرێنەوە و ئاسۆی نوێیان بە ڕوودا دەکرێتەوە. پشت گوێ خستنی ئەم ڕاستیە ڕێگاکان دوورتر دەکاتەوە و نائومێدیەکان قوڵتر دەکاتەوە، لەبەر ئەوە، ئەگەر وەفدەکە بۆ چەند ڕۆژێ تیشکیان خستە بەغدا و کردیانە شارێکی پڕ جموجۆڵی سیاسی، داخۆ کە ھاتنەوە، دەتوانن وا لە ھەولێر بکەن ھەمان ڕۆڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوخۆمان ببینیت؟ چاوەڕوانین.
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
03/10/2016
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1