وتار
‌ئاماژەكانی پشت سەردانەكەی شاندی هەرێم بۆ بەغدا ‌
فەرید ئەسەسەرد

پێش چوونی شاندی ھەرێم بۆ بەغدا، چەند پەیامێکی رون یەک لە دوای یەک بۆ شاندەکە نێردران، لە ٢٦ی ئەیلولدا ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق
 بڕیاریدا سنوری پارێزگای نەینەوا وەکو خۆی بمێنێتەوە. ئەم پەیامە ئەو دەرفەتەی بۆ شاندەکە نەھێشتەوە کە لە بەغدا وتووژێژ لەسەر رێکەوتنێکی سیاسی سەبارەت بە موسڵ بکات. لە ٢٧ی ئەیلولدا دۆگلاس سیلیمان باڵیۆزی ئەمریکا لە عیراق، لە سایتی باڵیۆزخانە جەختی کردەوە سەر پابەندبونی ئەمریکا بە پرنسیپی عیراقێکی دیموکراتی یەکگرتوو. ھەر ئەو رۆژە خۆپیشاندانە گەورەکەی سلێمانی ئەو پەیامەی بە ھەولێر دا کە نابێ لە دۆزینەوەی چارەسەردا کات بەفیڕۆ بدات.

لە ٢٨ ی ئەیلولدا عەبادی لە لێدوانێکدا دوو پەیامی نارد. لە یەکێکیاندا باسی کرد کە نەوتی عیراق بۆ ھەموو عیراقییەکانەو شێوەی بەڕێوەبردنی کەیسی نەوتی ھەرێم شەفاف نیە. بۆ عەبادی، ئەمە یەکەم جار بوو باسی لە ناشەفافیی فرۆشتنی نەوتی ھەرێم بکات. لە دووەمیاندا بە ئاشکرا راپرسی‌و جیابونەوەی ھەرێمی رەت کردەوە.

ھەموو پەیامەکان رەنگدانەوەیان لەسەر رەوتی گفتوگۆکان ھەبوو. شاندی ھەرێم لە بەغدا یەک پەیامی پێ بوو، ئەویش ئەوەیە کە ھەرێم ئامادەیە کاری راستەقینە بۆ چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکان لەگەڵ بەغدادا بکات. ئەم پەیامە و چوونی خودی بارزانی بۆ بەغدا، سەرکەوتوو بوو لە تواندنەوەی ئەو بەستەڵەکەی کە چەند ساڵێکە لەنێوان بەغدا‌و ھەولێردا ھەیەو دیوارێکی بەرزی لەنێوانیاندا دروست کردووە، بەڵام لە دانیشتنە ئاشکراکاندا بارزانی پەیامێکی تایبەت بەخۆی ھەبوو کە بە دیاریکراوی ئاراستەی خودی عەبادی کرابوو. بارزانی دوو جار، جاری یەکەم لە دانیشتنی پێشوازی کردن لە شاندەکەو جاری دووەم لە کۆنفرەنسە رۆژنامەوانییەکەیدا لەگەڵ عەبادی، رایگەیاند کە شاندەکە بۆ»پشتگیری» کردنی عەبادی لە بەغدایە. لێرەدا دەستەواژەی «پشتگیری» تەمومژێکی زۆری لەسەرە چونکە رون نیە بۆچی‌و لە چ بوارێکدا‌و لە دژی کێ پشتگیریی عەبادی دەکرێ‌و ئایا عەبادی شایستەی پشتگیرییەو ئایا پێویستی بە پشتگیرییەو ئاخۆ جۆری پشتگیرییەکە چیە. نامۆیی مەسەلەکە لەوە دایە کە ئاستی پەیوەندیەکانی نێوان ھەولێر‌و بەغدا ھێشتا چاک نەکراوەتەوە تا ھەنگاو بۆ»پشتگیری» بنرێ.

گومان لەوەدا نیە کە سەردانەکە خۆی لە خۆیدا ھەنگاوێکە بە ئاراستەیەکی راست‌و دروستدا بەڵام خراپترین لایەنی مەسەلەکە لەوە دایە کە سەردانەکە زۆر درەنگ‌و لە بارودۆخێکدا ئەنجام دراوە کە تێیدا ھەرێم لە خراپترین رەوش دایە. بەشێوەیەک لە شێوەکان، ناتوانرێ ئەو نیگارە لە سەردانەکە داماڵدرێ کە دوا بەدوای شکست ھێنانی سیاسەتی سەربەخۆیی ئابوری‌و یەکلایەنە ھەناردەکردنی نەوت بەبێ ھەماھەنگی لەگەڵ بەغدا‌و پاش پەککەوتنی پرۆسەی سیاسی‌و ھەڵپەساردنی کاری پەرلەمان‌و شکستی حکومەتی ھەرێم لە دابین کردنی موچەی کارمەندەکانی‌و کرێی کۆمپانیا بەرھەمھێنەرەکانی نەوت، ھەرێم بە شکستخواردویی‌و بە لاوازی‌و بە ناچاری روی لە بەغدا کردۆتەوە بەو ئومێدەی کە بتوانێ لە رێی دروستکردنەوەی رایەڵەکانی پەیوەندییەوە رێگە چارەیەک بۆ تەنگژە داراییەکانی بدۆزێتەوە.

ئەم بادانەوە خێرایەو ھەوڵەکانی ھەولێر بۆ سەیرکردنی بەغدا وەک «قوڵایی ستراتیجی» بەدڵنیاییەوە بڕێکی زۆر لێکدانەوە ھەڵدەگرێ دەستەواژەی»قوڵایی ستراتیجی» کە بارزانی لە کۆنفرەنسە رۆژنامەوانییەکەدا بە ئەنقەست بە کاری ھێناوە، رەنگە ئاماژە بێ بۆ وازھێنان لە تەماشاکردنی ئەنکەرە وەک قوڵاییەکی ستراتیجی چونکە یەکێ لە مەرجەکانی قوڵایی ستراتیجی ئەوەیە کە دەبێ یەک بێ نەک دوو. ئەگەر تەماشای نیوە پڕ ئاوەکەی پەرداخەکە بکەین، دەشێ بەو جۆرە بیر کەینەوە کە ئاشتبونەوە لەگەڵ بەغدا بەبێ ئاشتبوونەوەی ھەولێر لەگەڵ لایەنە سەرەکیەکانی پرۆسەی سیاسیی ناوخۆی ھەرێم ھیچ بەھایەکی نابێ. بۆیە دەشێ ھەولێر بە نەرمییەکی زۆرترەوە مامەڵە لەگەڵ قەیرانی سیاسی ناوخۆدا بکا‌و پێشنیازی بەجێتر پێشکەش بکات.

بەھەرحاڵ، سەردانەکەی ئەم دواییەی شاندی ھەرێم بۆ بەغدا کۆتایی بەو تیۆرییە ھێنا کە زۆرتر لە ھەولێر بانگەشەی بۆ دەکرد کە گوایە چەند لە بەغدا دوور بکەوینەوە، ئەوەندە لە پاشکۆیی دور دەکەوینەوەو بەھەمان بڕ لە سەربەخۆیی نزیک دەبینەوە. ئەزمون نیشانیداوە کە ئامانجی گەورە بە دروشمی بریقەدار نایەتەدی، بەڵکو بە کاری لێبڕاوانەو بەرنامەی 
دروست دێتە دی.
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
04/10/2016
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
12