وتار
سعودیەو نەوت‌و ھاندانی تایفەگەری
فەرید ئەسەسەرد

بۆچونێکی بەھێز لەناو سعودییەکاندا زاڵە، ئەویش ئەوەیە کەسعودیە چیتر ناتوانێ لەدابین کردنی ئاسایشی خۆیدا پشت بەئەمریکا ببەستێ‌و کاتی ئەوە ھاتووە پشت بەخۆی ببەستێ‌و سیاسەتێکی جیاواز لەسیاسەتی ئەمریکاو ئەوروپا پیادە بکات. ئەم بادانەوەیە ھەم زۆر درەنگ ھەم لەکاتێکی زۆر خراپ‌و ھەم بەشێوەیەکی سەرلێشێواوانە ئەنجام دراوە.
لەوەتەی سعودیە دامەزراوە، ئەمە یەکەم جارە ئەم دەوڵەتە سیاسەتێکی "سەربەخۆ" پیادە دەکاو ئیلھام لەتێڕوانین‌و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا وەرناگرێ. سعودییەکان دەزانن بایەخی دەوڵەتەکەیان بۆ ئەمریکا داویەتی لەکزی. لەمەوبەر، ئاسایشی وزە بەشێکی گرنگی ستراتیجی ئەمریکای پێکھێناوەو لەم ستراتیجەدا سعودیە بەھاوپەیمانی ستراتیجیی رۆژئاوا دانراوە. پاش ھەرەس ھێنانی بلۆکی سۆسیالیست، تێڕوانینی ئەمریکا بۆ رۆڵی جیھانیی سعودیە گۆڕانی بەسەردا ھات بەڵام رۆڵی ئەو وڵاتە وەک بەشێک لەستراتیجی ئاسایشی وزەی ئەمریکا، وەکو خۆی مایەوە بەڵام بەدۆزینەوەی نەوتی بەردین، ئەمریکا لەوە رزگاری بوو کەئاسایشی وزەی خۆی بەئاسایشی سعودیەوە ببەستێتەوەو لێرە بەدواوە کەوتە دانانی نەخشەیەکی ستراتیجیی تازە کەتێیدا رۆژھەڵاتی ناوەڕاست لەپێشی پێشەوەی ئەو ناوچانە نیە کەئەمریکا بەبایەخێکی زۆرەوە لێی دەڕوانێ.
سعودییەکان ئەوە دەزانن‌و لەوەش دڵنیان کەئەمریکا ئامادەیی تێدا نیە ھێز بۆ پاراستنی سعودیە بنێرێ‌و چارەنووسی سعودیە بەقەد جاران بەھەند وەرناگرێ. لەم چوارچێوەیەدا سعودیە دوا بەدوای ھاتنە سەر کاری پاشا سەلمان لەساڵی ٢٠١٥، کەوتە خۆنواندن وەک دەوڵەتێک کە بەبێ پشتگیریی رۆژئاواش دەتوانێ رۆڵێکی بەھێزی لەناوچەکەدا ھەبێ. پاش دوو مانگ لەھاتنە سەر کاری پاشا سەلمان، سعودیە جەنگی لەدژی یەمەن ھەڵگیرساندو دوا بەدوای ئەمە کەوتە پیادەکردنی چەند سیاسەتێک کەبونە مایەی زیادکردنی گرژی لەناوچەکەدا.
مەترسیدارترین خاڵ لەسیاسەتی سعودیە ئەوەیە کە وەک دەوڵەتێک ھەڵسوکەوت دەکا کەڕابەرایەتیی سوننەکانی جیھان دەکا لەدژی نەیارە سەرەکییەکەیان کەشیعەیە. بەدرێژایی مێژوی ئیسلام، ھیچ کات جیھانی ئیسلام بەقەد دوو ساڵی رابردوو گیرۆدەی ململانێی سوننە- شیعە نەبوە.
خودی دابەزینی نرخی نەوت لەجیھاندا، پەیوەندیی بەسیاسەتی سعودیەوە ھەیە کە ویستویەتی چەکی نەوت لەدژی ئێران‌و روسیا بەکار بێنێ‌و ئابورییەکەیان پێ وێران بکاو بەرەو لێواری ھەرەس بیانبا.
لەچوارچێوەی ئەم سیاسەتەدا، سعودیە لەو گۆشە نیگایەوە سەیری رەوشی سوریا دەکا کە دەبێ دەسەڵات لەو وڵاتە بۆ سوننە بگێڕدرێتەوە. لەم ھەلومەرجەی ئێستادا سعودیە لە دوو شەڕدا تێوە گلاوە: یەکێکیان بەشێوەیەکی راستەوخۆ لەیەمەن‌و ئەوی دیکە بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لەسوریا.
سعودیە بەم سیاسەتە شێواوەی، تەنانەت زیانی لەخۆیشی داوە. ئەویش زۆرتر لەکورتھێنانی بودجەدا دەردەکەوێ. لەبودجەی ساڵی ٢٠١٦دا، پاش کەمتر لەساڵێک لەھاتنە سەر کاری پاشا سەلمان، کورتھێنانی بودجە ٨٧ ملیار دۆلار بوو. ئەگەر بودجەی ٢٠١٦ بەبودجەی ٢٠١٣ بەراورد بکرێ، قەوارەی زیانی سعودیە دەردەکەوێ. بودجەی ساڵی ٢٠١٣ جگە لەوەی کەھیچ کورتھێنانێکی تێدا نەبوە، دەوروبەری ٢٠٦ ملیار دۆلاریشی لێ زیاد بووە. وەزرارەتی دارایی سعودیە ئەگەری ئەوەی لەبەرچاو داناوە کەڕەنگە کورتھێنانەکە بەقەرزکردن پڕ بکاتەوە.
ئەمە بەم واتایە دێت کەسیاسەتی زیادکردنی گرژی لەناوچەکە، سەرباری ئەوەی کە کاریگەرییەکی خراپی لەسەر سەقامگیریی ناوچەکە بەجێ ھێشتووە، سعودیەشی لەچەند کێشەیەک تێوە گلاندووەو زۆر خراپ لەسەر باری دارایی شکاوەتەوە.
ئەگەر ئەم سیاسەتە لەسەر ئەم ریتمەی ئێستا بەردەوام بێ، رەنگە پاشای بەتەمەن ٨١ ساڵ، وڵاتێکی قەرزارو پڕ کێشمەکێش لەپاش خۆی بۆ جێنشینەکەی بەجێ بێڵێ.
سعودیە رۆژ بەرۆژ زیاتر لەئەمریکا دور دەکەوێتەوە. ئەمریکاش ئەم مەسەلەیە بەقەد جاران بەھەند وەرناگرێ چونکە نەوتی سعودیە بایەخێکی زۆری بۆ ئایندەی ئەمریکا نیە. پلانی ئەمریکا ئەوەیە کە لەساڵی ٢٠٢٠دا دەستبەرداری ھاوردنی نەوت بێ‌و لەماوەی ٢٠٢٥- ٢٠٣٠دا بتوانێ دەست بەھەناردەکردنی نەوت بکات. سەبارەت بەئێرانیش ئەمریکییەکان تێڕوانینی جیاوازیان لەتێڕوانینی سعودییەکان ھەیە. سعودییەکان لەڕوانگەی تایفەگەرییەوە ھیچ بوارێکیان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران نەھێشتۆتەوەو سیاسەتێک لەسەر بنەمای ئابلۆقەدانی ئێران پیادە دەکەن، لەکاتێکدا ئەمریکییەکان کار بۆ ھەموارکردنەوەی سیاسەتی دەرەوەی ئێران دەکەن‌و پێیان وایە تێکھەڵکێشبونی ئێران لەسیستمی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، ئاکامی باشتری لێ چاوەڕوان دەکرێ‌و ئاستی گرژی لەناوچەکە کەم دەکاتەوە. کەس ناتوانێ نکوڵی لەوە بکات کەئێران لەسعودیە زیرەکانەتر کاری کردووەو لەدوو ساڵی رابردودا سەرکەوتنی زۆرتری بەدەست ھێناوە. ئەوەی ئەمەش نیشان دەدا ئەوەیە کەسەرەڕای ئەم ھەموو گرژی‌و پشێوییەی کەناوچەکەی گرتۆتەوە، ئێران سەقامگیرترین وڵاتی ناوچەکەیەو توانیویەتی ئاستێکی بەرزی گەشە بۆ ئابوورییەکەی دابین بکات.
ئەگەر سعودیە دەستبەرداری سیاسەتی ھاندانی تایفەگەری نەبێ، گرژییەکانی ناوچەکە کۆتاییان نایە. لەھەموی ناخۆشتر ئەوەیە کەناوچەکە باجی سیاسەتە تایفەگەرییەکانی سعودیە دەدا.
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
19/10/2016
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
12
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ