وتار
چۆن ده‌بین به‌فریادڕه‌س؟
سلێمان عه‌بدوڵڵا

ئەگەر وەک یەکێتی، بەتەنگ ھاوخەباتی گۆڕانەوە بین ‌و بمانەوێت ھاوپەیمانێتی دەباشان بچەسپێت و بۆ یەکگرتنەوە بڕۆین، ئەوا نابێت چیتر، لەپرسی پارێزگاری سلێمانی، خەمساردی بنوێنین و دوور لەگیانی ھاوخەباتی و ھاوپەیمانێتی ڕەفتار بکەین و گۆڕان لەبەردەم دوو بژاردەی دژواردا ڕابگرین.

ئەگەر بەڕاستی ئایندەی نێوان گۆڕان و یەکێتیمان دەوێت و مەبەستمانە زۆنی سەوز و نیلی بەقازانجی دیموکراسی و ھەرێمی کوردستان ڕێکبخەینەوە، ئەوا پێویستە وەک یەکێتی، ھەنگاوی دوور لەدووفاقی بھاوین و دەستی گۆڕان بگرین و لەو ئیحراجیە دەربازی بکەین، کە ھەم لەسلێمانی لەسۆنگەی یەکێتی و ھەمیش لەھەولێر لەسۆنگەی پارتی توشی ھاتووە.

یەکێتی ئەگەر بیەوێت، دەتوانێت شانی بداتەبەر و سەرکردایەتی دۆزینەوەی دەریچەیەکی یاسایی و سیاسی بکات و ھەڤاڵ ئەبوبەکر وەک پارێزگاری شەرعی، کە دەنگی خەڵک و ئۆکەی ڕێککەوتنێکی سیاسی پێدراوە، دەست بەکار بکات. بەبێ ئەوەی گۆڕان توشی ھەڵوێستی دژوار بکاتەوە سەبارەت بەپێویستی بڕیاری سەرۆکایەتی ھەرێم، چونکە یەکێتی دەتوانێت لەڕێگای کەناڵە فەرمیەکانی خۆیەوە و بەڕاوێژ لەگەڵ پارتی ئەو پرسە یەکلایی بکاتەوە .

لێرەدا یەکێتی دەتوانێت ببێت بەفریادڕەس بەڵام بەو مەرجەی تا زووە، دەوای دەردی دوولەتی خۆی بکات، بۆ ئەوەی شەرمی بەڕێککەوتنی ستراتیژی نەبێت، چونکە کوردستان پێویستی پێیەتی. ترسیشی لەڕێککەوتنی دەباشان و بوونەوە بەیەک لەگەڵ گۆڕان نەبێت، لەبەرئەوەی، زەمانەتی دڵنیایی و قەدەری ھەستانەوەی کوردایەتی و سلێمانیە.
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
28/10/2016
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ