وتار
میدیای کوردی پیشەیی بوون و جەنگی داعش
هاوكار جه‌زا

جەنگی داعش بەھەموو تێبینی و لێکەوتنە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانیەوە بووتە واقیعێک و کەس ناتوانێت نکوڵی لێبکات بەوەی کە دەستی "ئەمریکا یەو ڕۆژھەڵات بەرێوەی دەبات وھتر"... لەسەرەتای دەست پێکردنی جەنگ میدیاکان وبەتایبەتی میدیاکانی کوردستان بەھەموو شێوازەکانییەوە کەوتنە چەندین ھەڵەی گەورەوە وقوربانیشیان دا لەوانە" بڵاو کردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی سەنگەرەکان و شوێن وچەندیەتی ھێزی پێشمەرگە وبڵاو کردنەوەی لێدوانی نا بەپرسانە ناوبابەتی نانیشتیمانی ونەتەوایەتی".

لەوکاتەدا چاودێرا وایان لێکدایەوە نەبوونی ئەزموونی کردەیی ڕۆژنامەوانان و میدیای" کوردی" لەگەڵ بەرەکانی جەنگ و ھێڵەجیاکەرەوەکانی شەڕ، بووەتە ھۆی ئەنجامدانی ئەم ھەڵانە، پاش ئەوەی دەرک کرا بەو ھەڵانە رێکخراوەکانی ئەو بوارە "میدیا وڕاگەیاندن" ھەستان بکردنەوەی چەندین خول و وۆرک شۆپ بۆ ڕۆژنامەنوسان وچەندین بابەتی وەک کتێب بۆئەو مەبەستە بەچاپ گەیەنرا. 

ئەوەی "من و زۆربەمان"ی توشی سەرسورمان کردووە، لەپاش دوو ساڵ لەوھەڵانەی پێشوو کەباسم کردن لەئێستاداو بەتایبەتی لەگەڵ دەستپێکی ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنەوەی شاری "موسڵ" بەگشتی وپەڵاماری چەکدارانی "داعش" بۆ کەرکوک بەتایبەتی میدیای کوردی دیسانەوە کەوتەوە ھەمان ھەڵەی پێشوو بەڵام ئەمجارەیان ئیدی پاساوی ئەوەی بۆنەمایەوە "ئاشنای حاڵەتی جەنگی وچۆنییەتی مامەڵەکردن نییە لەگەڵ بەرەکانی جەنگ"، بەڵکو دەبێت چەندین گریمانەی تر بۆ ئەوەی مەمەتەڵە کەھەڵبێنین بخەینە ڕوو.

گریمانەکانیش خۆیان دە بینێتەوە لە:
گریمانەی یەکەم: میدیای کوردی دەیەوێت بابەتیانە ھەڵسوکەوت بکات

بابەتی بوون وپیشەیی بوون دوو پرەنسیپی گرنگی کاری رۆژنامەگەرین وھەرلایەنێک ئەو پرەنسیپانە جێبەجێ بکات دەبێتە جێگەی متمانەی بینەرانی، بەڵام لەم ئەوەی جێگەی ھەڵوێستەیە لەجەنگی دژ بە"داعش" نابێت میدیا بەتایبەتی "کوردیەکان" بەو جۆرە سەختگیری و بێلایەنییە مامەڵەبکەن، چونکە ئەوەی لێرەدا دەبێت لەبەرچاو بگیرێت، کورد و پێشمەرگە لەبەرەیەکن و"داعش"لەبەرەیەکی دی، بۆیە دەبێت میدیا خۆی یەکلا بکاتەوە و بەبێلایەنانە نەڕواتە مەیدانی جەنگ و ڕوماڵکردنەکانەوە، چونکە ھەر بێلایەنییەک بەشێک لەحەقیقەت و بەشێک لە بەتاڵ دەداتە لایەنەناکۆکەکان، بەڵام بۆخۆی ئەم پرەنسیپە بەھیچ جۆرێک لەم گەڵ ئەم جەنگەدا ناگونجێت، بەوەی ھەتا سەرئێسقان "داعش" بەتاڵە و پێشمەرگەی کوردیتانیش حەقیقەت بۆیە پێویستە میدیا بەلایەنگریەوە لەم جەنگەدا ڕوماڵ بکات وبەبیانوی بێلایەنییەوە نەبێتە ھۆکارێک بۆ ئەنجامدانی پڕو پاگەندە بۆ" داعش".

گریمانەی دووەم: کێبڕکێی بڵاو کردنەوەی زۆرترین زانیاری
ھەبوونی دەزگای جۆراو جۆری میدیایی و کێبڕکێیان بۆ بڵاو کردنەوەیی زۆرترین زانیاری بە خێراترین کات یەکێکی ترە لە گریمانەکان، بەداخەوە لەئێستا کوردستان بووتە مەیدانێکی بەرفراوانی شەڕی دژی تیرۆرستانی "داعش" ئەمەش وایکردووە زۆرترین میدیا جیھانیەکان فۆکس یان لەم ناوچەیەبێت و بەتەماحی بڵاو بونەوەی ناوبانگی کەناڵەکوردیەکان لە دەرەوەو کردنیان بەسەر چاوەی ھەواڵی بۆ جیھانی دەرەوە زۆرترین زانیاری و داتا کۆدەکەنەوەو بڵاوی دەکەنە ئەمەش بۆخۆی کارێکی نەگونجاوە، ھەر میدیایەک ئەیەوێت ناو بانگی بڵاو بێتەوە ئازادە دەتوانێت ئاژانسی ھەواڵی دابنێت و ھەواڵ بفرۆشێت و بەشێوەی فری ھەموو ھەواڵێک بڵاو نەکاتەوە، چونکە بلاو کردنەوەی ھەموو ھەواڵێک وداتاو زانیاری ورد و دەقیق دەبێتە ھۆی پڕوپاگەندەیەکی ناڕاستەو خۆ بۆ "داعش"، بەوەی کە پرۆسەی ڕاگەیاندن پرۆسیسێکی پەیوەندی کردنەو "پەیوەندیش" چەندین پرەنسیپ وتیۆریای تایبەت بە خۆیی ھەیە، کە دەبێت ھەموو دەزگا پەیوەندیدارەکان ڕەچاوی ئەو پرەنسیپەبکەن.

ئەگەر تەماشای کردەی پەیوەندی بکەین پێکدێت لە 
١- نێررەر  ٢- وەرگر ٣- نێردراو (نامە) ٣- کاریگەری ٤-  فیدباک

ئەبێت میدیا تێبگات وەرگرەکەی کێیە و چ پەیامێکیش ئەنێرێت، ھەروەھا بەھەمان شێوە ئایا کاریگەری ئەو مەمەسیجەی ئەینێرێت لەکوێدا خۆی دەبینێتەوە؟ و ئایا فیدباکەکەی چۆن دەبێت؟ وەک ئاشکرایە سروشتی فیدباک زۆر بەھێواشتر لە کاریگەری ڕوو دەدات و لێکەوتەکانی قوڵترە لە کاریگەری.

ئەو پەخشەی ئەکرێت بەو شێوە فراوانە لەلایەن میدیای کوردیەوە  تەنھا خزمەت بە دوولایەن دەکات، "یەکەم کەناڵەکە ودووەمیش ئەو لایەنەشی ھەیمەنەی زاڵ دەبێت بەسەر ڕوداوەکاندا"، ئەگەر تەماشا بکەین "داعش" لە ڕوداوەکەی کەرکوک لایەنی ھێرش بەربوو" کامێراو پەیامنێرەکان" کوچە بەکوچە بەدوایانەوە بوون بۆ ئەوەی شوێن ومەکانیان بگوازنەوە کوردەواری وتەنی" وەک ئەوەی دوو ھەنگیان لەدارێکدا دۆزیبێتەوە" بەبێ ئەوەی "داعش" بۆخۆی ھیچ شتێک بڵاو بکاتەوە، میدیای کوردی کردیە ھەڵاو ھۆسەک کە ھەموو جیھان بە ڕوداوەکەیان زانی و ترس و دڵەڕاوکێی لەھەموو کوردسنتان وتەنانەت بەرەکانی جەنگیش بڵاو کردوەتەوە.

بەداخەوە میدیای کوردی وای زانیوە ھێرشی "داعش" حاڵەتێکە وەک ھەڵبژاردنەکان مامەڵەی لەگەڵ بکرێت بۆ ئەوەی خەڵک زۆرترین زانیاری لابێت، نائاگا لەوەی کە ئێستا حاڵەتی جەنگە و "داعش" خۆی بەدەوڵەتێک دادەنێت و وەک چۆن عێراق و ھاوپەیمانان پلان وھێرشیان ھەیە، وەک پێشتر وتم بڵاو کردنەوەی ھەر پێشڕەوی وکردەیەکی تیرۆرستان، ناڕاستەوخۆ دەبێتە پڕوپاگەندە بۆ "داعش". 

کەناڵە میدیاییەکان بەھەموو جۆرە ئامێرە پێشکەوتو تەکنیکەکانەوە لەبەرەکان بون وھەموو ھۆکارەکانی گەیاندن وگواستنەوەیان بەکار ھێناوە بۆ ئەوەی ھاوڵاتی زانیاری بزانێت، ئەگەر ھەڵوەستەیەک بکەین، لە "پەخشی ڕاستەوخۆی فەیسبوک ویوتیوب" ئەگەر  تەنھا سێ کەناڵ وەربگرین "ڕوداو وئێن ئاڕ تی و کوردستان ٢٤" زیاتر لە٤ ملیۆن بەشداربوویان لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ھەیە، لەھەموو چین و توێژەکان... گریمان پەخشەڕاستەو خۆکانیان  ٢ ملیۆن کەس بینیویەتی دەردەکەوێت ٢ ملیۆن ھاوڵاتی کورد بەجموجوڵی داعش و پەلامەرەکانی ئەوانی زانیوە، دوو ملیۆن کەس وێنەی چەکدارانی داعشیان بینیوە لەسەر خاکی پیرۆزی کوردستان، ئایا دەبێت فیدباکی ئەم پەخشە ڕاستەوخۆ یانە چی بوبێت؟ ئایا نەبووەتە ھۆی دروست کردنی ترس ونیگەرانی؟ نابێتە ھۆی بڵاو کردنەوەی بیری توند وتیژی بەتایبەتی لای منداڵان؟ نابێتە سەرچاوەی زانیرای چەکدارانی "داعش" بۆ نمونە ئەگەر تەنھا سەیری بڵاو کراوەکانی ڕوداو بکەین، زیاتر لە ١٠٠ بابەتی لەیارەی شەڕی کەرکوک بڵاو کردوەتەوە، ھەر لەڤیدیۆی چەکداران و وێنەکانیان، بەتایبەتی چەندین مانشێت کەبەبێ دوو دڵی دەچێتە خانەی پڕو پاگەندە بۆ "داعش" لەنمونەی ئەو مانشێتانە:

١- ڕاستەوخۆ: ھێرشی چەکدارانی داعش بۆناوکەرکوک - بەھۆی پەخشی راستەوخۆی فەیسبوک- ١١:٠٣ سەرلەبەیانی

٢- چەکدارە قەناس بەدەستەکەی داعش بەقەناس پێشمەرگەیەک بریندار دەکات – ڤیدیۆ

٣- پێشمەرگەیەک: بێبەرنامەیی شەڕەکەی ئالۆز کرد "ھیچ بەرپرس وپلەدارێک نییە سەرپەرشتی شەڕەکە بکات" 
بڕیار بۆ خوێنەر بەجێ دەھێلم ئەو بڕیار بدات کێ سود لەم جۆرە ڕوماڵانە وەردەگرێت.

گریمانەی سێیەم: نەبوونی دەستەڵاتی چاودێری بەسەر میدیاکانەوە

میدیا کوردیەکان بەبێ ئەوەی لەلایەن ھیچ دەستەڵاتێکی ھونەری و لۆجیستی یەوە چاودێری بکرێن بۆخۆیان کەوتونەتە نێو پانتاییەکانی جەنگەوە وبە ئارەزووی خۆیان بەرپرسانی سەربازی وسەربازان لەجەنگەکاندا ناچار بەقسەکردن و ئاشکراکردنی داتا و زانیاری دەکەن، بە بوێریەکی زۆرە وە بەکامێراکانیانەوە دەڕۆنە سەنگەرەکانەوە و ھیچ بەربەستێک نییە رایانبوەستێنێت، ئەگەر ھەشبێت بەداخەوە بەبێ ئەوەی لێکدانەوەی زۆری بۆ بکرێت، ھەڵایەکی گەورەی لەسەر دروست دەکرێت. ئەوەتا دەبینین، بۆھۆی زۆر چونە پێشەوەی ڕۆژنامەنوسان زۆرجار توشی حاڵەتی شەھید بوون و بریندار بوون دەبن. 

ئەمە بەو مانایە نایەت لەگەڵ چونە سەنگەری ڕۆژنامەنوسان نەبین، بەپێچەوانە پێمان وایە میدیاکان دەبێت ڕۆڵ باش بگێڕن و پێشمەرگە وەک پاڵەوان بناسێنن وسەرکەوتنەکانیان بەباشترین شێوە بگوازنەوە، بەڵام بەداخەوە ئەوەندەی کار بۆ بەرژەوەندی میدیایی کراوە ئەوەمان نەبینیوە لەخزوەت ڕەوتی جەنگدابێت، ئەویش بەھۆی گریمانەکانی"یەکەم ودووەم".

گریمانەی چوارەم: نەبوونی زانیاری لەبارەی "جەنگ و بابەتە ئەمنییەکانی دیکە".

دەبوو بەر لەھەموو کەس میدیاکاران و پسپۆڕانی ئەو بوارە ئەوەیەن بزانیبایە ئەو جۆرە کارانە بەتایبەتی گواستنەوەی وێنە وھەواڵی بەرەکانی جەنگ بەشێوەبەکی ڕاستەوخۆ، چەندە ھەڵەیەکی گەورەیەو وەسفی خودی خاوەنکردەکەیە بەوەی کارێکی سەلبی لەبواری سەربازی وپرەنسیپەکانی جەنگدا کردووە. بەدەر لە و سێ خاڵەی باسم کرد یەکێکی تر لە گریمانە مومکینەکانی لەمەڕ ئەم کێشەیە نەبوونی ئەزمونی جەنگیی وبوارەکانی تری ئەمنییە.

ئەنجام

بەداخەوە ڕۆشنبیری میدیای کوردی نەگەشتوەتە ئاستی خوێندنەوەی قوڵ بۆ بابەتە ھەستیارەکانی وەک ڕوماڵکردنی جەنگ بەشێوەیەکی فراوان" کەتەنھا بەپێی ئەو داتایەی من کۆم کردوەتەوە لەماوەی دوو ڕۆژدا سێ کەناڵی میدیایی" ٣٥٠ بۆ ٤٠٠ " بابەت و ھەواڵ وڕاپۆرت وپەخشی راستەو خۆی تی ڤی وفەیسبوک ویوتیوب"بکات، تەنھا بۆ ئەوەی ببێتە سەرچاوەی کەناڵەبیانییەکان وببێتە ھۆی بڵاو کردنەوەی زۆرترین زانیاری پێشێلی چەندین پرەنسیپی ئەخلاقی و نەتەوایەتی دەکەن و بەشێوەیەکی ناخود ئاگایانەش، دەبنە ئامێرێکی ڕاگەیاندنی بەھێز بەدەست تیرۆرستانەوە وفۆبیای ئەو ھێزی بڵاو دەکەنەوە.
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
29/10/2016
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ