وتار
مەلا بەختیار چی نەوت ..!!
محه‌مه‌د ره‌ئوف

مەلا بەختیار وەک کارەکتەرێکی سیاسی کە ئیشتیھای زۆری بە بۆنەو سمینارو کۆڕو کۆبونەوە دێت تا وتارە دووبارەکانی لێوە پێشکەشبکات، زۆر جار لە وتارە دوورودرێژەکانیدا تیرەکانی ئاراستەی ئەوانە دەکات کە لە رابردوودا ھەڵوێستەکانیان ئازاری پێگەیاندوون، ئەو لە دوایین وتەیدا لە پاڵ ھاوتا پارتیەکەی تیرەکەی ئاراستەی سەرۆکی پەرلەمان و فراکسیۆنەکەی خۆی کرد، کە لە ١٩ی ئابی ٢٠١٥ بە قسەیان نەکردووە، بەبێ ئەوەی خۆی لە قەرەی کێشە گەورەکەی ھەرێم و درووستکەری قەیرانەکانی ھەرێم بدات کە پرسی سەرۆکایەتی ھەرێمە، ئەو باش دەزانێت ئەگەر پەرلەمان خۆی لەقەرەی کێشەی سەرۆکایەتی ھەرێم نەدایەو باسی نەکردایە، بەم دۆخەی ئێستا ناگەیشت، ئەگەر پەرلەمان دوو ساڵی دیکەی وەک ئەوەی مەلابەختیارو حیزبەکەی لە ٢٠١٣ بۆ مەسعود بارزانیان درێژبکردایەتەوە، ئەوا پەرلەمان لە ئێستادا بە ئاسایی کاری خۆی دەکردوو سەرۆکەکەشی پیاوچاک بوو، بەڵام مەلا بەختیار بۆ ئەوەی دڵی ھاوتا پارتیەکەی زویر نەکات و خۆی لای بارزانی خۆشەویست بکات، ھات تەواوی کێشەکەی لە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستاندا کورت کردەوە کە کۆبوونەوەی ١٩ی ئابی ٢٠١٥ ی دوانەخستووە، بەبێ ئەوەی بپرسێت ئەی کۆبونەوەی ١٩ی ئاب لە پێناو چی بوو، بۆچی دەکرا، ئایا لە پێناو چارەسەری قەیرانی سەرۆکایەتی ھەرێم نەبوو، ئەگەر قەیرانی سەرۆکایەتی ھەرێم نەبوایە پەرلەمان کێشەی چی بوو. 
مەلا بەختیار ئەوەی لەبیر چوو ئەی حیزبەکەی ئەو نەبوو پرۆژە یاسایەکی وەک گۆڕان و لایەنەکانی دیکە بۆ چارەسەری کێشەی سەرۆکایەتی ھەرێم پێشکەشکرد و پەرلەمانتارەکانیان لێدوانی ئاگرینیان دژی ویلایەتەکەی بارزانی دەدا، لە نێو چوار پرۆژە یاسادا ( پرۆژە یاسای گۆڕان ، یەکێتی ، لایەنە ئیسلامیەکان، ژمارەیەک پەرلەمانتار) لە ھەموو پرۆژە یاساکانی تر توندتر بوون و لێدوانی پەرلەمانتارانیان لە ھەموو پەرلەمانتارانی تر توند تر بوو، لە پرۆژە یاساکەی یەکێتیدا لە مەرجەکانی خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ھەرێمدا ھاتبوو، کە نابێ ئەو کاندیدە بەشدارو ھاوکار بوبێت لە ھیچ پرۆسەیەکدا کە لەلایەن رژێمی بەعسەوە بۆسەر خاکی کوردستان ئەنجام درابێت( وەک ئاماژەیەک بە ٣١ی ئاب) وە دەبێت خاوەنی بڕوانامەبێت و خولە کانی پێشوش ئەژمار دەکرێت بۆ ویلایەتی سەرۆکایەتی ھەرێم، کە ئەم ٣ خاڵە دژ بە خودی مەسعود بارزانی دانرابوو، وە لە پرۆژەی تەواوی لایەنەکاندا باس لەوە کرابوو کە دەبێت سەرۆکی ھەرێم لەناو پەرلەماندا ھەڵبژێردرێت و دەسەڵاتەکانی پرۆتۆکۆڵی بن، کە رەنگە پرۆژە یاساکەی فراکسیۆنی گۆڕان نەرمترین بوبێت لەبەرامبەر ویلایەتەکەی بارزانی. 
من جارێک لە کاک نەوشیروانم پرسی نەدەکرا گۆڕان بە شێوەیەکی تر پرسی چارەسەری کێشەی سەرۆکایەتی ھەرێمی بخستایەتە روو و چارەسەری بکردایە، وتی من کە لێدوانی توندی پەرلەمانتارانی یەکێتی و یەکگرتوو و کۆمەڵ و لایەنەکانی ترم بینی لەسەر کێشەی سەرۆکایەتی ھەرێم و یاساکەی یەکێتیم بینی چەند توند بوو لەسەر ئەو پرسە وامزانی ئێمە بەجێماوین لە ھەڵوێست و بارودۆخەکە، بەڵام زۆربەیان لە ھەڵوێست و پرۆژە یاسا و لێدوانەکانیان یان بێدەنگ بوون یان پاشەکشەیان کرد.
مەلا بەختیار بەتەواوی درک بەوە دەکات کە ئەوان لە رابردوودا چیان دەوت و ئێًستاش چیان دەوێت، ئەو ئێستاش دەیەوێت سارێژی برینی رێکەوتنی ستراتیژی بکات کە حیزبەکەی خۆی تیایدا بووە قوربانی، ئەو لیدوان و ھەڵوێستانەی مەلا بەختیار و ھاوھەڵوێستەکانی بوون کە پارتیان کردە ھێزی پلەیەکی سەر گۆڕەپانی سیاسی کوردستان، ئەو موراعات و ماستاوکردنە بوو بۆ پارتی کە ئەو ھێزەی کردە ھێزی خاوەن ھەموو بریارەکانی کوردستان ( بڕیاری سیاسی، ئابوری ، پێشمەرگە، ئاساییش ، نەوت ، دەرەوە ) توانی دەست بەرێت بۆ شکاندنی پیرۆزیەکانی کوردستان کە پەرلەمانەو پرۆسەی سیاسی لە ھەرێمی کوردستانی بردەوە خاڵی سفر، ئەو ھەڵویست و لێدوانان و موراعاتانەی مەلا بەختیارو ھاوشێوەکانی بوون یەکێتیان بەو دەردە بردوو پارتیان بردە ئەو ئاستە لە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی ٣٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٥ یەکێتی لە پلەی یەکەمی دەنگەکانی ھەرێمی بەدەست ھێنا بەوەی لە سێ پارێزگاکەی ھەرێم یەکێتی ( ٧٦٥٥٤٤ ) دەنگی بەدەستھێنا لەبەرامبەردا پارتی ( ٧٤١٤٩٢ ) دەنگی بەدەستھێنابوو.
بەڵام ئەم پرسیارانەی تەنھا ئاراستەی یەکێتی نیە، ئەی بزووتنەوەی گۆڕان لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا کە پەرلەمان پەکخراوە چی کردووە بۆچی چۆتەوە قاوغەکەی خۆی و نقەی لە خۆی بڕیوە، نە لەبەرەی خەڵکدا ماوەو نە لە حکومەت و پرۆسەی سیاسی، یەک ساڵە دەرکراوە لە حکومەت تازە باسی کشانەوە دەکات، بیری چووە کە تەنھا ١١ مانگی ماوە بۆ ھەڵبژاردن، ئەی چۆن وەڵامی شەقام و مامۆستا و فەرمانبەرانی بێ موچە دەداتەوە..؟؟؟
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
29/10/2016
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1