وتار
بەڵێنی جێبەجێ نەكراو‌و ئایندەی نادیار
فەرید ئەسەسەرد

لە دیداری ھەفتەی رابردووی دامەزراوەی مێری لە ھەولێر، وەزیری سامانە سروشتییەکان ئاشتی ھەورامی لە وتارەکەیدا» بۆمبێکی» مەترسیداری تەقاندەوە کە بەھۆیەوە ھەموو دەرگاکانی بە ڕووی چارەسەرکردنی قەیرانی داراییدا داخست، ئەویش کاتێک رایگەیاند کە ئەگەر نرخی بەرمیلی نەوت بگات بە سەد دۆلاریش، رەوشی دارایی ھەرێم وەکو خۆی، بە خراپی، دەمێنێتەوە. ئەمە بەم واتایە دێت کە ئەگەر ھەرێم رۆژانە یەک ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو بە نرخی سەد دۆلار بۆ ھەر بەرمیلێک ھەناردە بکات‌و مانگانە سێ ملیار دۆلار بە دەست بێنێ، قەیرانەکە ھەر بەردەوام دەبێ‌و رەوشەکە ھەر بە خراپی دەمێنێتەوە. خراپی رەوشەکە لەوەدا دەردەکەوێ کە ھەرێم پێش ساڵی ٢٠١٠ لە رێژەی ١٧% ەکەی بودجە، مانگانە بە کەمتر لە یەک ملیار دۆلار کاروباری خۆی بە بێ کەموکوڕی رایی کردووەو لە ساڵی ٢٠٠٣وە تا ٢٠١٤ ھیچ کات بودجەی مانگانەی ھەرێم نەگەیشتۆتە سێ ملیار دۆلار.

ھەورامی لە ١٥ ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٣ دا لە چاوپێکەوتنێکدا لە رۆژنامەی «روداو» مژدەی بە ھاووڵاتیان دا کە لە ساڵی ٢٠١٥ دا کاتێک ئاستی بەرھەمھێنانی نەوت دەگاتە یەک ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، ھەر خێزانێک لە کوردستان مانگانە ١٢٠٠ دۆلاری چنگ دەکەوێ. پاش دوو ساڵ لەم لێدوانە، ھەورامی لە لێدوانێکدا کە لە ١٨ی تشرینی دووەمی ٢٠١٥دا لە INA بڵاوکرایەوە، دانی بەوەدا نا کە حکومەت تا تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١٤ قەرزاری سێ مانگی مووچەی کارمەندان بووە، بەڵام زۆر بە گەشبینیەوە دوو بەڵێنی دا، یەکێکیان ئەوەیە کە لە ساڵی ٢٠١٦دا کورتھێنانەکە چارەسەر دەکا‌و حکومەت ھەموو قەرزەکانی کارمەندان دەداتەوەو مانگانەش لەکاتی خۆیدا مووچە دەدا، بەڵێنی دووەمیشی ئەوە بوو کە لە ساڵی ٢٠١٦دا ھەموو قەرزی کۆمپانیا بەرھەمێنەرەکانی نەوت دەداتەوە یان لایەنی کەم بەشێکی زۆری دەداتەوە. بڕی قەرزەکانی ئەو کاتەی کۆمپانیاکان لەسەر حکومەت تەنھا ٣ ملیار دۆلار بوو.

بە دڵنیاییەوە ھیچ کام لەو بەڵێنانە نەھاتۆتە دی. لێدوانەکانی ئەم دواییەشی لە ھەولێر دەری دەخات کە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ھیچ پلانێکی سەرکەوتووی نیە. ئەوە جگە لەوەی کە ھیچ بوارێکی بۆ بینینی روناکییەکی کز لە کۆتایی تونێلەکە نەھێشتەوە، دانی بەوەشدا ناوە کە وەزارەتەکەی دەستی بۆ یەدەکی دراوی ستراتیجی حکومەتی ھەرێم بردووەو ھەمووی لە پرۆژە شکستخواردووەکانی نەوت‌و گازی ناوخۆی ھەرێم فەوتاندووە.

ئەمە ھەمووی بەسەر یەکەوە یەک مانای ھەیە، ئەویش ئەوەیە کە مەسەلەکە بە قەد ئەوەی کە پەیوەندیی بە سیاسەتی چەوتی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە ھەیە، بەقەد ئەوە پەیوەندیی بە دابەزینی نرخی نەوتەوە نییە.

نکوڵی لەوە ناکرێ کە ھەورامی بە ئەندازیاری سیاسەتی نەوتی ھەرێم دادەندرێ‌و وەزارەتەکەی بە درێژایی ١٠ ساڵ، لە ساڵی ٢٠٠٦وە تا ٢٠١٦ سەرپەرشتیی فایلی نەوت دەکات. بەڵام لە ھەمان کاتدا ناشکرێ نکوڵی لەوە بکرێ کە ئەو کوردستانەی کە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی لەسەر زاری وەزیرەکەی شانازی بەوەوە دەکرد کە خستویەتیە سەر نەخشەی جیھانیی وزەوە، ھەر ئەو کوردستانەیە کە ئەمڕۆ باجی سیاسەتە چەوتەکانی ئەو وەزارەتە دەدا. تیۆرییە زیاد لە پێویست گەشبینەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان‌و خۆشباوەڕیی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، ئەو دۆخەی ھێناوەتە ئاراوە کە ئەمڕۆ ھەرێم پێوەی دەتلێتەوە. وڵاتان بە گەشبینی بێ بنەما‌و بە خۆشباوەڕیی حکومەتەکان گەشە ناکەن، بەڵکو بە پلانی تۆکمەو کاری لێبڕاوانە.

خراپترین لایەنی مەسەلەکە ئەوەیە کە ھیچ وەزارەتێک بە قەد وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کاریگەریی لەسەر بڕیاری سیاسیی حکومەتی ھەرێم نەبوە. ھەر بە ھۆی ئەو کاریگەرییەشەوە پەیوەندیی ھەولێر لەگەڵ بەغدا بە رێچکەیەکی خراپدا رویی‌و پاشکۆیەتی بووە روخساری زاڵ بەسەر پەیوەندیی ھەولێر‌و ئەنکەرەدا، سەرباری کاریگەریی خراپ لەسەر پەیوەندییە ناوخۆییەکان.

لە کۆتاییدا دەبێ دان بەوەدا بنرێ کە ھەورامی لە قسەکانیدا ناچار بووە زۆر راستگۆ بێ، چونکە سیاسەتی چەوت ئەنجامی خراپی لێ دەکەوێتەوەو بەردەوامبون لەسەر سیاسەتی چەوتیش چاوەڕوانی ئەنجامی خراپتری لێ دەکرێ. بەھۆی ئەمەوە ئەو بارودۆخە خراپەی کە ئێستا لە ئارا ھەیە، پێویستی بە پوچەڵ کردنەوەی»بۆمبە» مەترسیدارەکە ھەیە.
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
03/11/2016
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
12
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ