وتار
وەڵامێکی دیکە بۆ ئاشتی ھەورامی
عەلی حمە ساڵح

ئاشکرا کردنی ھەموو دزی و دزە گەورەکان 
ئەمڕۆ ئاشتی ھەورامی، وتارێکی پڕ لە چەواشەکاری لە ڕۆژنامەی روداو بڵاوکردووەتەوە، پڕ لە زانیاری ناڕاست و درو، ئەو دزیانەی تێدا ئاشکرادەکەم بۆ بەرپرسانی باڵای پارتی و یەکێتی کردوویەتی:
یەکەم: دەڵێت: شەڕی داعش زیانی بە نەوت و کێڵگە نەوتییەکانمان گەیاند، ئەمە جگە لە چەواشەکاری ھیچی دیکە نییە، بەھۆی شەڕی داعش لە دوای مانگی ٧ی ٢٠١٤ پارتی و یەکێتی بایی ١٢ ملیار دۆلار نەوتی کێڵگەکانی ئاڤاناو بای حەسەن و عەینزالەو جەمبورو خەبازو بابەگوڕ گڕوڕیان فرۆشت،کە پێشتر لەدەست حکومەتی عێراق بوو، پارەکەی نەدرا بەخەڵک و بەشی ٢٤ موچەی دەکرد.. واتە نەک یەک کێڵگەی نەوتی نەکەوتە دەست داعش، بەڵکو چەند کێڵگەیەکی زۆر گرنگ دەستی بەسەردا گیرا، ئەگەر ١٠ ساڵی دیکەش حکومەتی ھەرێم کاری لە دۆسییەی نەوتدا کردبا نەدەبووە خاوەن ئەو کێڵگانە.
دوو: ئاشتی ھەورامی کە چەند ڕۆژ پێش ئێستا وتی ١٠ ملیار دۆلار قەرزارین ئێستا دەڵێت: ٢٠ ملیار دۆلار!!! 
پێشتر رامگەیاند حکومەت ٢٠ ملیار دۆلار قەرزارەو پارەی نەوت خوراوەو موچە لە قەرز دراوە؟ ، حکومەت رەتی کردەوە، ئێستا خۆیان ئیعتراف دەکەن.... 
باشە لە ساڵی ٢٠١٤ و ٢٠١٥ و ٢٠١٦ حکومەت ١٧ ملیار دۆلاری داوە بە موچە، چۆن ٢٠ ملیار قەرزارە، ئەگەر پارەو داھاتی نەوت بە زیادەوە نەدزراوە. 
ئەمە ئابوری سەربەخۆ بوو، بازاڕ بکوژن و موچە نەمێنێت و ٢٠ ملیاریش قەرزاربین!!
ئاخر تەنیا داھاتی نەوتی کەرکوک نزیکەی ١٢ ملیار دۆلاربووە، کوا؟
ئەم قەرز ھی پێش ٢٠١٤ نیە، چونکە بە پێی راپۆرتی دارایی حکومەت کەمتر لە سێ ملیار دۆلار عیجز ھەبوو، بەڵام شیرینی و داھاتی ماوەی نەوت زیاتر لە ٥ ملیار دۆلار بووە.
سێ: ئاشتی ھەورامی دیسانەوە دەڵێت: ئەگەر بەرمیلێک نەوت بێتە ١٠٠ دۆلار و ئێمە بە ٩٠ دۆلار بیفرۆشین و ڕۆژانە یەک ملیۆن بەرمیل بفرۆشین ئەم دۆخە چاک نابێت. بە ئەم حسابە مانگی ٢ ملیارو ٧٠٠ ملیۆن دۆلار دەکات، موچەی مانگانە ٧٠٠ ملیۆن دۆلارەو ٢ ملیار دۆلار دەمێنێتەوە، بۆ چارەسەر نابێت!!!! چونکە دزو قومارچییەکانی نەوت باخەڵیان کونە. 
ئەمە جگە لە داھاتی دیکەی ناوخۆ کە دەبێتە نزیکەی ٣٠٠ ملیۆن دۆلار، چونکە پێش ٢٠١٤ مانگانە ٣٠٠ ملیۆن دۆلار بوو. 
چوار: ھیچ پاڵپشتییەکی سوتەمەنی ناماوەو وێستگەی کارەبا بە شێوەیەکی گشتی بە گازی سروشتی کاردەکات و پشتیوانی بەنزین نەماو نەوتیش نادەنە ماڵان، ئیدی پشتیوانی چی! ئەوەشی ھەبوو پێشتر گازوایل و بەنزینتان بە نرخێکی گران لە کۆمپانیای خێزان و حیزب و بەرپرسەکانی دەکڕی.
دڵنیام پارتی و یەکێتی لەم دزیەدا شەریکن و بەرپرسەکانی حکومەتی یەکێتی دەڵێت: ئاگاداری داھاتی نەوتین!!!!! 
ئەی حیزبەکانی دیکە بۆ بەبێ دەنگی لەم حکومەتەدا دانیشتون خەریکی چاوپۆشیکردنن لە دزی و برسیکردنی خەڵک.
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
08/11/2016
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
12