وتار
خوێندنەوەیەکی فیکری بۆ تیرۆریزم
دانا مەنمی

ھەموو  کردەیەکی ئیرھابی جا چ فیکری بیت یان جەستەیی ئامانجی سەرەکییان خولقاندنی ترس و تۆقاندنە بە مەبەستی تێکچوونی شیرازەی کۆمەلایەتی و روخاندنی ورەو بئ متمانەیی سیاسییە بۆ ھینانەدی گۆرانکاری سیاسی ،  کەواتە ئامانجی تیرۆریستان تەنھا خولقاندنی ترس و تۆقاندن نییە ، بەڵکو مەبەستیشیانە خەلک متمانەی بە حکومەت و بە سیستەمی سیاسی وڵاتەکەی لەق بێت ، ھەموو پلانێکی داڕێژراوی تیرۆریستیانە کاریگەری و کاردانەوە لەسەر  رەوشی سایکۆلۆژی و فسیۆلۆژی ھاونیشتیمانیان دروست دەکات ،  دواجاریش ھەوڵی تیرۆریستان بۆ ئەوەیە کە کاریگەری و دەرھاویشتەی فراوانترو بەربڵاوتر لەسەر ئاستی تاک و کۆمەڵگاو نێونەتەوەیی بخولقێنن .
تیرۆریزم دیاردەیەکی نوئ نییە و دەتوانین بڵێین ھەمیشە ھەبووە ، ھەمیشە دیدو تێڕوانین و خوێندنەوەی جیاوازیش بۆ تیرۆریزم کراوە ، بەنموونە ئەوەی لای یەکێک بە تیرۆریست دادەنرێت ، لەلای یەکێکی تر جەنگاوەرە !   سێبەری تیرۆریزم ھیچکات سەرزەمینی جێنەھێشتووە ، دیاردەو سەرچاوە مێژوویییەکان لەمەڕ پرسی تیرۆریزم  بە تولە ڕێگاکاندا دەمانبەنەوە بۆ ئاسەوارەکانی جەنگی جیھانی دووەم ، ئەودەم چالاکی تیرۆریستی بچوک و ھەندێکجاریش بە ناوی ئازادیی و خەباتی رزگاری نەتەوەییەوە  ئەنجام دراوە ، ھەموو چالاکییەکانیش خوێناوی و ترسناک بوون ، بەڵام لە ١١ سێپتێمبەردا بەتەواوی پێگەیشت و ناوجەرگەی  ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای بۆردومان کرد و کارەساتێکی جەرگبڕ بوو .
سروشتی ھەموو تیرۆریزمێک بۆخۆی جوڵانەوەیەکی سیاسییە دیاردەیەکی جیھانیشە ،  پەنا دەبات بۆ بەکارھێنانی ھێزو ھەوڵی بە دەستھێنانی ھێزیش ئەدات ، ئەمرۆ بەرەکانی جەنگ دژ بە تیرۆریستان لیوان لیوە لە مەینەتی و پاشماوەی کەلاکی مرۆڤ ، سەرچاوەی سەرەکی ھەموو ئەم نەھامەتی و مەینەتیانە خودی مرۆڤ خۆیەتی  کە بەسەر خۆی ھێناوە ،  شەڕی چەند سەدەی مرۆڤایەتی و جەنگە جیھانیەکان و دروستکردنی چەکی ئەتۆم و بایەلۆژی و لەناوچوونی رژێمەکان و شەڕی تەقلیدی قۆناغ بە قۆناغ ھەوڵی بەشێکیش لە مرۆڤایەتی بۆ ئەوەبووە کە سەقامگیری لە جیھاندا بەرقەرار بێت ، دروستبوونی دەوڵەت ھەروەک دکتۆر علی وەردی دەڵێت : ( کۆتایی بە کوشت و بڕی خێلەکی ھێنا ).
خودی دەوڵەتیش بووە یەکەو بناغەیەکی یاسایی بۆ داڕێژرا ، دەوڵەتان پێکەوە لە چوارچێوەی پەیوەندییە نێودەولەتییەکان ، کۆمەڵگای نێودەوڵەتی پێکدەھێنن ، کەواتە ھەر ھەڕەشەیەک ڕوبەڕوی پێکھاتەی دەوڵەت ببێتەوە ، کارێگەری ڕاستەوخۆی لەسەر کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ھەیە ، چونکە بەرژەوەندی چین و توێژەکانی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بەستراوە بە یەکدیەوە ، دکتۆر اسماعیل سەبری پێی وایە کە : ڕێکخستنی پەیوەندی نێودەولەتان سئ ئامانجی سەرەکی ھەیە کە ئەمانەن : ( ئاشتی ، خۆشگوزەرانی ، سیستەم ) .
کەواتە ئەو سئ ئامانجە ئامانجی گشتی نێودەوڵەتین ، ھەرھەڕەشەیەکیش بۆ سەر ئەو ئامانجانە پەیوەندی نێودەوڵەتی دەشێوێنن ، سەقامگیری سیاسی دەتوانێت گرێبەستی ئاشتی کۆمەلایەتی بپارێزێت ، لەگەڵ ئەوەشدا ئاراستەی سیاسی بەندە بە فەلسەفەی حوکمرانیەتیەوە ، ھەربۆیە ھەڕەشە بۆسەر ھەریەک لەو ئامانجانە، ھەربەتەنھا ھەڕەشە نییە بۆ سەر دەولەتێک ، بەلکو ھەرشەیە بۆسەر سیستەمی نێودەوڵەتی ،  ئێستا ھەڕەشەی تیرۆریزمی جیھانی لە زیادبووندایە ، مرۆڤ ھێشتا ترسناکە تۆقێنەرە و مرۆڤ دەکوژێت و ئیفلیجیان دەکات ، بە بیانوو ھۆکارو پاڵنەر لاشەکان دەشێوێنن .
کەواتە تیرۆریزم لە شەقام و لە ماڵەکانمانە ، ئۆباڵی تیرۆریزمی نوئ لە ئەستۆی مرۆڤایەتی ھاوچەرخە ، ھەڕەشەیەکی مەترسیدارو گەورەترو ترسناکترە لە ھەموو ئەو شتانەی کە لە ڕابردوو وە لە ئێستادا بەرەنگارمان دەبنەوە ، ھەموو گروپێکی تیرۆریستی ھۆیەکی ھەیە ، ھەم بۆ  دروستبوون و مانەوە ھەمیش بۆ ڕەوایەتیدان و شەرعییەتدان بە کارە توندوتیژییەکانی ، ئەو پاڵنەرانە چین کە تیرۆریست بە ھۆیەوە کوشت و بڕی دڕندانە ئەنجام ئەدات ؟ ئایا باوەڕێکی قوڵ و چەسپاوە و ھەڵگری بەرگی پیرۆزییە ؟ یان چێژو لەزەت بەخشینە؟ یاخود ھۆکاری سیاسی و یاسایی و کۆمەلایەتی ، پاڵنەرو ڕێگا خۆشکەرن بۆ سەرھەلدانی تیرۆریزم ؟  
ئایین رۆلێکی گەورەی گێڕاوە لە بەرگی تیرۆریزم دا ، بە سیاسیکردنی ئایین تەنھا ناگەریتەوە بۆ سەدەی بیستەم ، بەڵکو خوێندنەوە مێژوویەکان دەگەرێتەوە بۆ سەرتاکانی دەسپێکی حوکمی خەلافەت و تیرۆرکردنی  ( عومەرو عوسمان و علی ) پاشانیش ئیمپراتۆرەکانی ( ئەمەوی و عەباسی و عوسمانی )   ، ھۆیەکی تری گەشەکردنی فکری توندڕەوی ئەوەیە کە لە ولاتانی ئیسلامیدا ئایین و سیاسەت بە یاسا تێکەڵکراوەو لێک جیانەکراوەتەوە ، دواجاریش پاڵنەرو سایکۆلۆژیای کۆمەڵایەتی  جیاناکریتەوە لە حوکمێکی ئوسوڵی دیینی سیاسی کە یاسا رەوایەتی پێدەدات ، بەواتایەکی تر ئیسلامی سیاسی رادیکاڵ ھەرجیھانبینییەک کە لە دەرەوەی فەرھەنگ و زەمینەی کۆمەلایەتی دا بیت ڕەتی دەکاتەوە ، دواجار ھەلگری بیرو باوەرێکی تۆتالیتارییە و ھەموو بەھاکان لە قاڵب ئەدات .
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
27/11/2016
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
12
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ