وتار
تورکیا بەرەو گۆڕینی ئاراستە ستراتیجییەکانی ‌
فەرید ئەسەسەرد

ھێشتا نازانرێ ئایا ئەردۆغان بە ڕاست دەیەوێ راپرسییەک سەبارەت بە یەکلاکردنەوەی مەسەلەی چوونە ناو یەکێتی ئەوروپا رێک بخا یاخود ئەم مەسەلەیە وەک کارتێکی فشار لە دژی رەخنەکانی ئەوروپا بەکار دێنێ؟ لە ٧ی تشرینی دووەمدا ئەردۆغان رایگەیاند کە بەنیازە بگەڕێتەوە بۆ گەل‌و راپرسی لەسەر ئەم مەسەلەیە بکات. ھۆی وروژاندنی ئەم کەیسە بۆ لێدوانەکانی مارتن شۆلتز سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا دەگەرێتەوە کە تێیدا رەخنەی توندی لە تورکیا گرتبوو. ئەردۆغان، دور لە نەریتی دیپلۆماتکارانە، لە وەڵامدانەوەدا ھێرشی توندی کردە سەر شۆلتز‌و وشەی رەقی بەکار ھێنا، وتی» تۆ کێی؟ تۆ جگە لەوەی کە سەرۆکی پەرلەمانیت، ھیچی تر نیت. تۆ کێی؟ بۆت نیە بە ناوی تورکیاوە بڕیار بدەیت». یەکێتیی ئەوروپا لەو روانگەیەوە کە تورکیا داوای ئەندامێتی کردووەو چەند رێککەوتننامەیەکی ئەوروپاییشی واژۆ کردووەو بەشێکی «مەرجەکانی کۆپنھاگن» ی بۆ بوونە ئەندام جێبەجێ کردووە، ئەو مافەی ھەیە کە لە کاتی پێویستدا رێنمایی تورکیا بکات. لەراستیشدا ئەمە یەکەم جار نیە ئەوروپا رێنمایی تورکیا دەکات. پێش ئەردۆغانیش، ئەم دۆخە ھەر لە ئارادا بووە. وەڵامە رەقەکەی ئەردۆغان‌و وروژاندنی مەسەلەی راپرسی، بەڵگەی ئەوەیە کە ئەردۆغان بێزار بووە لە ڕەخنەکانی ئەوروپا‌و بیر لە چارەیەک دەکاتەوە.
پرسیارە گەوھەرییەکە ئەوەیە: ئایا پارتی داد‌و پەرەپێدان دەیەوێ تورکیا ببێتە ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا؟ پێشینەی ئیسلامگەرای ئەم حزبە گومان لە گرتنە بەری ئاراستەیەکی ئەوروپایی دەکات. بەتایبەتی کە ئەندامبون لە یەکێتیی ئەوروپا بژاردەی ستراتیجیی تورکیا دەکاتە بژاردەیەکی رۆژئاوایی و تورکیا لە رۆژھەڵاتی موسلمان دور دەخاتەوە. بەڵگەی ئەم قسەیە ئەوەیە کە بەئەندامبونی ھەر یەک لە ھەنگاریا‌و پۆلەندا‌و بولگاریا‌و ئیستۆنیا‌و لاتفیا‌و لیتوانیا‌و رۆمانیا‌و سلۆڤاکیا‌و چیک‌و سلۆڤێنیا‌و کرواتیا، ھەر یانزەیان بوونە بەشێکی جیھانی رۆژئاوا‌و بە یەکجارەکی پشتیان لە رابردووی کۆمۆنیستی‌و پەیوەندیی ستراتیجییان لەگەڵ روسیا کرد. ئەوەندەی مەسەلەکە پەیوەندیی بە تورکیاوە ھەیە، ئەگەر ئەوەشی بچێتە سەر کە تورکیای ئەردۆغان خوازیارە رابەرایەتیی جیھانی ئیسلامی سوننەگەرا بکات، دەبێ لەوە دڵنیا بین کە تورکیا ناتوانێ لەلایەک ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا بێ‌و لەلایەکی ترەوە کار بۆ رابەرایەتی کردنی جیھانی ئیسلامی سوننەگەرا بکات. بژاردەی ستراتیجی پارتی داد‌و پەرەپێدان، ئەوروپا نیە، بەڵکو رۆژھەڵاتە. بۆیە رابەرانی داد‌و پەرەپێدان زۆر بەتەنگ ئەوەوە نین کە وڵاتەکەیان ببێ بە ئەندامی یەکێتییەکی مەسیحی. دەرچونی بریتانیا لەڕێی راپرسییەوە لە یەکێتیی ئەوروپا‌و گرژیی ئەم دواییەی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا‌و ئەوروپا، ھەلێکە بۆ خۆرزگارکردنی پارتی داد‌و پەرەپێدان لە ڕێنمایی‌و رەخنەو دەستێوەردانەکانی ئەوروپا. ئەردۆغان ئەوەی پێ خۆشترە کە ئەوروپا دەسپێشخەری بکا‌و کاندیدکردنی تورکیا ھەڵپەسێرێ، بەڵام کە تا ئێستا ئەوروپا ئەمەی نەکردبێ، رەنگە ئەردۆغان ھانا بۆ کاری راپرسی بەرێ. بەڵام جگە لەوە کارتێکی دیکەشی ھەیە، ئەویش کارتی زیندووکردنەوەی سزای لەسێدارەدانە کە دەبێتە مایەی ھەڵپەساردن یان ھەڵوەشاندنەوەی کاندیدکردنی تورکیا بۆ ئەندامەتیی یەکێتیی ئەوروپا. ئەگەری ھانا بردنی ئەردۆغان بۆ یەکێ لەم دوو کارتە ئەگەرێکی بەھێزە.
سەبارەت بەو زیانە ئابورییانەش کە لە کاتی دورخستنەوەی تورکیا لە یەکێتیی ئەوروپا بەر تورکیا دەکەون، پێناچێ ئەم مەسەلەیە ھیچ کاریگەرییەکی لەسەر بڕیاری ئەردۆغان ھەبێ چونکە ئایدیۆلۆژیای ئیسلامگەرا گوێ ناداتە بنەما ئابورییەکان‌و لەم سەروبەندەدا شرۆڤەو راڤەی غەیبیاتی ئامادەی ھەیە. بەڵام مەسەلەی ئەندامبونی تورکیا لە یەکێتیی ئەوروپا مەسەلەیەکی دابڕاو لە مەسەلە ھاوچەشنەکانی دیکە نیە، لەوانە مەسەلەی ئەندامبوونی تورکیا لە پەیمانی ناتۆ. ئەگەر تورکیا ئەندامبونی لە یەکێتیی ئەوروپا بەدڵ نەبێ، بەدڵنیاییەوە ئەندامبونی لە پەیمانی ناتۆش بەدڵ نیە. ئەمە وا دەکا بیر لەوە بکرێتەوە کە خۆدەربازکردنی تورکیا لە یەکێتیی ئەوروپا، ھەنگاوی یەکەمە بۆ خۆدەربازکردن لە ئەندامەتیی پەیمانی ناتۆ. لەڕوی مێژووییەوە، مەبەست لە وەرگرتنی تورکیا لە پەیمانی ناتۆ، بەکارھێنانی تورکیا بوو لە دژی بلۆکی کۆمۆنیست‌و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی رۆژئاوا لە ناوچەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست. لەو سەردەمەدا تورکیا خۆی بە ھەڕەشە لێکراو دادەنا‌و بە دوای دۆستدا دەگەڕا. بۆیە ئەندامبونی لە ناتۆ، ھەڕەشەکانی بلۆکی کۆمۆنیستی لە دژی تورکیا رەواندەوەو تورکیای زۆرتر بەرەو جیھانی رۆژئاوایی پاڵ پێوە نا. بەڵام ئێستا بلۆکی کۆمۆنیست نەماوەو تورکیاش ناچار نیە بەرژەوەندییەکانی رۆژئاوا بە ناوچەکەدا بپارێزێ. لەم ھەلومەرجەی ئێستادا تورکیا پەیوەندییەکی گرژی ھەم لەگەڵ ئەوروپادا ھەیە ھەم لەگەڵ ئەمریکادا. بە کردەوە، ھەوڵی تورکیا بۆ رابەرایەتی کردنی جیھانی ئیسلامی سوننەگەرا لەگەڵ ئەندامەتیی ناتۆ وێک نایەتەوەو ئەم ئەندامەتییە کۆسپە لەبەردەم بوونی تورکیا بە یاریکەرێکی کارا لە ناوچەکەدا.
پێویستە سەرنج بەلای ئەوەشدا رابکێشرێ کە بیرۆکەی دورخستنەوەی تورکیا لە ناتۆ، لە توێژینەوەو ستراتیجییە ئەمریکییەکاندا پێشنیار کراوە. ئاماژە سەرەتاییەکان لەم بارەیەوە بۆ ناوەڕاستی ساڵی ٢٠١٥ دەگەڕێنەوە، کاتێک رۆژنامەی ستریت ژورنال لە سەروتارەکەیدا پێشنیاری گواستنەوەی بنکەی ئینچەرلیکی لە تورکیاوە بۆ کوردستان کرد.بەڵام زەقترین ئاماژە، وتارەکەی دامەزرێنەر‌و سەرۆکی راپەڕاندنی ئاسایشی نیشتمانی، ستانلی وایزە کە لە شوباتی ٢٠١٦دا لە رۆژنامەی»زی وۆرلد پۆست» بە ناونیشانی»کاتی ئەوە ھاتووە تورکیای ئەردۆغان لە ناتۆ دەر بکرێت» بڵاو کراوەتەوە. ناوینشانی وتارەکە ئەوەندە روونە، پێویست بە باس کردنی ناوەڕۆکەکەی ناکات. ئەمە بەم مانایە دێت کە وەک چۆن بیرۆکەی»دەرکردنی» تورکیا لە مێشکی ئەمریکییەکاندا ھەیە، بیرۆکەی»دەرچون» لە ناتۆ لە مێشکی ئەردۆغاندا ھەیە. بەڵام ھەر یەکێکیان بە دوای دەرفەتێکی لەباردا دەگەڕێ.
بە کردەوە، ئەردۆغان پێویستی بە ناتۆ نیەو ئەلتەرناتیڤەکەشی پەرەپێدانی پەیوەندییە لەگەڵ روسیا وەک ھاوپەیمانێکی ستراتیجی‌و رەنگە لە دواییدا مەسەلەکە بگاتە ئەوەی کە تورکیا لەگەڵ ھەر یەک لە روسیا‌و برازیل‌و ھیندستان‌و باشوری ئەفریقیا‌و چین ببێتە ئەندامی بلۆکی بریکس یاخود لەگەڵ ھەر یەک لە چین‌و روسیا‌و کازاخستان‌و قیرغیزیا‌و ئۆزبەکستان‌و تاجیکستان ببێتە ئەندامی رێکخراوی ھاوکاریی شەنگھای. ئایندە ئەم ئەگەرانە یەکلا دەکاتەوە.
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
30/11/2016
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
12
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ