وتار
سیناریۆکانی دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان
محه‌مه‌د ره‌ئوف

لە ئێستادا تەواوی لایەنەسیاسیەکان ئامادەیان دەربڕیوە بۆ کۆبونەوەو گفتوگۆ لەسەر قەیران و کێشەکانی ھەرێم، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە چۆن و لە کوێوە دەست پێدەکەن، ئایا لایەنەکان بەتایبەتیش پارتی جدیە لە ھەنگاوەکانی ئاساییکردنەوەی دۆخی سیاسی ھەرێم.
سیناریۆی کۆبوونەوەکان
ئەوەی لە خەیاڵی یەکێتی و گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتووە، جارێکی تر دەستپێکردنەوەی گفتوگۆو کۆبونەوە پێنج قۆڵیەکانە یاخود لانی کەم کۆبونەوەکان لە نێوان ئەو لایەنەنانەدا دەبێت کە لە حکومەت بەشدارن، بەڵام ئەوەی لە خەیاڵدانی پارتیدایە نابێت گفتوگۆکان تەنھا لە نێوان ئەو پێنج لایەنەدا بێت، بەپێی لێدوانە سەرەتاییەکانی بەرپرسانی پارتی، دەبێت کۆبونەوەکان فراوانتر بن و جگە لە پێنج حزبەکە لایەنە تورکمان و مەسیحی و سۆسیالیست و شیوعی و بزووتنەوەو زەحمەتکێشانیش دێنێتە کۆبونەوەکانەوەو لایەنەکان ئیحراج دەکات بەوەی ناتوانن نارەزایەتی دەرببڕن، ئەمەش ھەموو لە قازانجی پارتیدا دەبن و ھەر ئەجێندایەکی ھەبێت جێبەجێی دەکات.
سناریۆی سەرۆکایەتی ھەرێم
ئەگەرچی بارزانی لە راگەیەنراوەکەیدا دەڵێت بەرێزێک رابسپێردرێت بۆ سەرۆکایەتی ھەرێم، بەڵام چاوەڕوان ناکرێت بارزانی ھەرگیز واز لە سەرۆکایەتی ھەرێم بھێنێت و ئەو پۆستەو بینایەی سەرۆکایەتی ھەرێم لەسەری رەش رادەستی کەسی دیکە بکات، چونکە لە راگەیەنراوەکەدا ناڵێت بەرێزێکی تر، دەڵێت بەرێزێک، وەک ئاماژەیەک بەوەی خۆشی بێت ئاساییە، بارزانی ئەگەر نیەتی واز ھێنانی ھەبوایە یەکسەر وازی دەھێناو لەخۆیەوە دەستی پێدەکرد و ئەوە ھەنگاوی عەمەلی بوو بە دڵنیاییشەوە سەرۆکی پەرلەمانیش ئەو ھەنگاوەی دەگرتە بەرو لایەنەکانی ئیحراج دەکرد، بەڵام سیناریۆکان بەو ئاراستەیەن کە بارزانی پۆستەکەی دەخاتە بەردەم ئەو لایەنانەی کە کۆدەبنەوە جگە لە پێنج لایەنەکە لانی کەم شەش لایەنی تریش دەباتە کۆبونەوەکانەوە، بەوەش لەوێدا دەڵێن بارزانی بۆ قۆناغەکە زەرورەو دادەنرێتەوە.
ئەگەر لە حاڵەتێکدا بارزانی وازیش بێنێت کە زۆر ئەستەمە ئەوە پارتی ئەو پۆستە بە موڵکی خۆی دەزانێت و پێی وایە لەبەرامبەر پۆستی سەرۆک کۆماردایە، بۆیە لەوحاڵەتەدا چەند کارەکتەرەێک دەبینرێن، یاخود ھەر فوئاد حوسێن دادەنرێت بە وەکالەت و لەژێر ھەیمەنەی خۆیدا دەبێت، یاخود نێچیرڤان بارزانی دەباتە ئەوێ لە حاڵەتی پۆستی سەرۆکی حکومەت بداتە یەکێتی، یاخود مەسرور کە ئەمەیان ئەگەرێکی دوورەلە ئێستادا.
سیناریۆکانی پەرلەمان
کاراکردنەوەی پەرلەمان ئەستەمە بەر لە کۆبوونەوەو دانیشتنەکان بێت و دەکەوێتە دوای کۆبونەوەی لایەنەکان، دەخرێتە ناو پاکێجی سەرۆکایەتی ھەرێم و حکومەت و پەرلەمانەوە، ئەگەرسەرۆکی پەرلەمان بدرێتەوە گۆڕان کە ئەوە رەنگە بۆ پارتی قورس بێت، سکرتێر و جێگر دەداتە کەسێک کە نزیک بن لە خۆی یاخود لانی کەم زەمانەتی ئەوە بکات کە رێگری نین، چاوەروان دەکرێت پارتی سیناریۆی ووردی دارشتبێت بەوەی ھەموو ئەو پۆستانە بە جۆرێک دادەنرێت کە ھیچیان رێگر نەبن لەبەردەمیا وەک پۆستی سەرۆکی پارلەمان و سکرتێرەکەی، خۆ ئەگەر سەرۆکی پارلەمان نەدرێتەوە گۆڕان و بدرێتە یەکێتی ئەوا پۆستی سەرۆکی حکومەت ھەر لای پارتی دەبێت و جێگر لای گۆڕان، یەکێکی تر لە سیناریۆکان ئەوەیە کە سەرۆکی پەرلەمان و جێگر و سکرتێر بداتە کەسانێک لەدەرەوەی پێنج حیزبەکە تا ھەڵبژاردنی داھاتوو. 
سیاریۆی حکومەت
ئەگەر لایەنەکان نەگەنە ئەنجام لەسەر ئەو حکومەتەی ئێستا بە گەرانەوەی وەزیرەکانی بزوتنەوەی گۆڕان، رەنگە حکومەتی نوێ پێکبێت شێوازی ئەو حکومەتە بە چەند سیناریۆیەک دەبێت، یەکێک لە سیناریۆکان ئەوەیە کە پارتی سەرۆکی حکومەت بداتە یەکێتی و تا ھەڵبژاردنی داھاتوو خۆی لە قەیرانەکان بدزێتەوە، یەکێکی تر لە سیناریۆکان سەرۆکی حکومەت بداتە لایەنەکانی تر ( گۆران یان یەکێتی ) لەبەرامبەر پۆستی سەرۆکی ھەرێم بۆ مەسعود بارزانی، سیناریۆیەکی تر بە ھەمان شێوە نێچیرڤان بارزانی رابسپێرێتەوە بۆ پێکھێنانی حکومەتی زۆرینە لەو لایەنانەی کە خیان دەیانەوێت. 
خۆ ئەگەر پارتی دیموکراتی کوردستان بە جدی ھەنگاو بۆ چارەسەری کێشەکان بنێت و ھەنگاوەکەی جدی بێت، ئەوا لە کێشەی سەرۆکایەتی ھەرێمەوە دەست پێدەکات، بە دوو سیناریۆ:
یەکەم/ دەستھەڵگرتنی مەسعود بارزانی بەتەواوی و جدی لە پۆستی سەرۆکایەتی ھەرێم و رادەستکردنی بە کەسانی دیکەو لەبەرامبەریشدا پۆستی سەرۆکی پەرلەمانیش دەگۆڕدرێت و حکومەتی نوێ پێکدێت،ئەگەر ئەم سینایۆیە جێبەجێ بکرێت پارتی لەبەرامبەر خۆ دەربازکردنێتی لەو قەیرانە گەورانەی لە کوردستاندا ھەیەو نایەوێت سومعەو پێگەی مەسعود بارزانی لەوە زیاتر بروشێ کە رۆژانە خۆپیشاندەران و خەڵکی نارازی لەسەر مانەوەی لە کورسیەکەی سەرزەنشتی دەکەن.
دووەم/ ئەو ھەنگاوەی پارتی لە پێناو دانانەوەی مەسعود بارزانیە لە پۆستەکەی واتا لە گفتوگۆکاندا پارتی مامەڵەی جدی دەکات لەسەر پۆستەی بارزانی واتا بە کاراکردنەوەی پەرلەمان و گەرانەوەی وەزیرەکای گۆران و ئاساییکردنەوەی دۆخەکە لەبەرامبەر دانانانەوەی بارزانی، ئەویش لە پارلەمانی کوردستانەوە، کە رەنگە یەکێک لە سیناریۆکانیان کە گۆرینی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانە بۆ ئەوە بێت کە جارێکی تر ویلایەتی بارزانی لە پەرلەمانەوە درێژبکرێتەوە، کە ئەمە ئەگەرێکی بەھێزە. 
بەڵام گفتوگۆو کۆبونەوەکان رەنگە نەتوانن چارەسەرێکی خێرای دۆخی ئابوری و خراپی ژیانی ھاولاتیان چارەسەر بکەن، بەوەی رەنگە کۆبوونەوەکان ماوەیەکی درێژ بخایەنێت و ھیچ میکانیزمێکیشیان پێنەبێت بۆ چارەسەری قەیرانی دارایی، جگە لەوەی ھەریەک لە یەکێتی و پارتی ئامادەبن یەکی بڕێک پاریە بە نزیکەی یەکی ملیارێک دۆلار بێنن و بیخەنە خەزێنەی دەوڵەت و باری لاری حکومەتی پێراست بکەنەوە.
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
30/11/2016
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1