وتار
لە پایتەختێکی کاولبوودا چی دەکەن؟
ئومێد بابان

ڕەنگە زۆربەمان سەرنجمان لەوە دابێت، چەند ساڵێکە کابینە دوای کابینە، کورد نوێنەری خۆی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و پۆستە باڵا و سیادییەکانی ئەو وڵاتە ھەن و پێشمان وا بووبێت بەرگریکاری شەرعیی خەڵکی کوردستانٍن، بەڵام پێدەچێ بەشێکمان بیرمان بۆ ئەوە نەچووبێت کە مووچەخۆرەکانی کورد لە پایتەختە وێرانەکەی عێراق "بەغدا"، لە ئەوپەڕی پۆستی باڵاوە تا دەگاتە وەزیر و گزیر و ئەوانی تریش، بە ئاشکرا و بێباکانە، سووک سەرنجی عەقڵ و ویژدانی ھاونیشتمانیانی باشووری کوردستانیان داوە و دەشیدەن.

ئاخر، خۆ خەڵکی سادەش، چاو و گوێی ھەیە و ورد و درشتی بەرەنجامەکان بە چاو دەبینێت و بە گوێش دەیبیستێت. تەنانەت کار گەیشتووەتە ئەوەی ھاووڵاتیان درکیان بەوە کردووە کە نوێنەرەکانیان جگە لە بەرژەوەندیی حزبی و تایبەتی، شتێکی ئەوتۆیان بۆ خەڵک نەکردووە و نایکەن کە جێی باس بێت و لە خزمەت بەرژەوەندیی کوردستانیاندا بێت. 

دیقەت بدەن، پتر لە دوو ساڵە قوتی ھاووڵاتیانی ھەرێم بڕاوە،
بوودجەی پێشمەرگە نادرێت، ماددەی ١٤٠ جێبەجێ ناکرێت، چەک و تفاقی پێویست ناگاتە دەست ھێزە ئەمنییە کوردستانییەکان بۆ شەڕی دژ بە تیرۆر، شیعەکان میلیشیا بۆ سەرکوتکردنی ھاونیشتمانیان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم پێک دەھێنن.. زۆر شتی تریش، کەچی لای مووچەخۆرە کوردەکان لە بەغدا، نە بای دێت و نە باران!

ئەوان کە ھێشتا کێشەیان لەسەر دابەشکردنی پۆست ھەیە و بۆ ھەموو بڕیارێک دەگەڕێنەوە بۆ مەکتەب سیاسییەکان، تەخشان و پەخشانکردنی پارەی میللەتیشیان بەلاوە گرینگ نییە و بگرە سزادانی کوردستانیان و ھاوشاری و ھاوزمان و تەنانەت ھاودۆزەکانیشیان پێ ئاساییە!
بۆ؟ چونکە مووچەخۆری بەغدان و ھەموو سەری مانگێک ملیۆنان دینار بۆ خۆیان و حیمایە وەھمییەکانیان خەرج دەکرێت، لەگەڵ موعاناتی کوردستانیاندا نەژیاون و بەشێکیان لە پڕێکەوە بوونەتە کوڕێک و قەترەیەک ئارەقەیان بۆ نیشتمان نەڕشتووە!  
دواجار دەبێ ڕووی پرسیار بکرێتە ئەو مووچەخۆرە زەبەلاحانە، لە پایتەختی وڵاتێکی کاولبوودا چی دەکەن و چی دەچێنن و چیش دەدوورنەوە؟

ھەمووان دەزانن، مووچەخۆرە کوردەکانی بەغدا، نیشتمانیان ھەیە، دەتوانن لەبری گەڕانەوە بۆ شەرعییەتدان بە گەندەڵی و تێوەگلان لە شەڕی تایفی و خۆھەڵقورتاندن لە جەمسەربەندییە ئاڵۆزەکەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، تەشریف بھێننەوە بۆ نیشتمانی دایک و چیتر چاولەدەستی ئەو کابینە شکستبردووانە نەبن کە یەک لە دوای یەک، تەنیا کورد دەکەنە ئامانج و لەسەر حیسابی دەنگەکانی خەڵکی باشووری کوردستان، ھەم حکوومەتی ناشەرعی بنیات دەنێن و ھەم مافەکانی خەڵکی کوردستانیش بە ئاشکرا و بێمنەتانە، دەخەنە ژێر پێوە.
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
06/12/2016
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
12
زۆرترین بینراو