وتار
مەملەکەتی موستەشارەکان!
ئومێد بابان

لە دوای ڕاپەڕینە مەزنەکەی ١٩٩١، کە خەڵک ڕاپەڕی و تەخت و تاراجی بەعسی تێک شکاند، بە بیانووی جیاجیا، بەعسی و خوێنمژ و موستەشارە کوردەکان، (ھاتنە ڕیزی گەلەوە) و ھەم دەسەڵاتی سیاسی و قەڵەمڕەوان دوێنێیان لەبیر کرد، ھەم ئەو بەعسیانەش لە ھەرێمی کوردستاندا بوونە خاوەنی پۆست و پلەی باڵا.
ئەو بەعسییە کوردە ناپاکانە کە تا دوێنێش سەری شوانەکانیان دەبڕی و بە پاساوی پێشمەرگەبوون بۆ مدیر عامەکانی ئەمنیان دەنارد، ئەمڕۆش دیوەخانانەیان ھەیە و وەک ئاغای سەردەمی خۆیان خاوەنی بڕیار و کاربەدەست و مەسئوولن لە پۆستی جودادا.
سەرنج لەسەر ئەوەیە، ئەو بابایانە کە لە زەمانی بەعسدا چی خراپ بوو دەرھەق بە خەڵک و پێشمەرگەیان دەکرد، ئێستاش بە ڕەنگ و لە ژێر ناوی جیاوازدا، بوونەتە پاڵەوانی مەیدان و بە ئۆتۆمبێلی ئاخیر مۆدێلەوە، تەشریف بۆ شین و شایی دێنن.
  بیرمە کە منداڵ بووم، زۆربەیان وەک (مەفرەزە خاسە) لە نێو کۆڵانەکاندا تەراتێنیان بوو و شەوانەش بەئاگا و بێباکانە، دەستیان بە خوێنی ڕۆڵەی کورد سوور دەکرد، کەچی ئێستاش لافی نیشتمانپەروەری لێدەدەن و شا بە سەپانی خۆیان نازانن!
ئێستا کە کاتی بەسزاگەیاندنی ئەو تۆمەتبارانەیە، بە بڕوبیانووی دەستھەبوون لەگەڵ شۆڕشدا، چاوپۆشییان لێ دەکرێت و لەلایەن بەشێک لە حزبەکانەوە داڵدە دراون.
پرسیار ئەوەیە، بۆچی کوڕە پێشمەرگەیەک بە ئیمزای ئەو ناپاکانە نەقڵ و نەشر و فەسڵ بکرێت؟ تا کەی سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان (بۆ سواڵی دەنگ) پشت بە ئاماژەی ئەو خۆفرۆشانە دەبەستێت؟ کەی کۆتایی بەو نەھامەتییە دێت کە لەسەر دەستی ئەو کۆنە بەعسیانە دووچاری خەڵکی فەقیر و ڕەشوڕووت بووەتەوە؟ ئەمانە و زۆر پرسیاری تری بێ وەڵامیش.
 دواجار، لە مەملەکەتی موستەشارە کوردەکاندا، کوڕی زۆرێک لەو بەعسیانە کە بەرپرسن، لە دەزگا و دامەزراوە میرییەکاندا، ھەمان ستەمی زەمانی زوو لە ھاونیشتمانیان دەکەن، خۆیان بۆ سەرئێشەیەکی سادەش دەچنە ئەورووپا، کەچی ھاووڵاتیی بەدبەخت ھەبووە لەبەر نەداری و دەستکورتی، گورچیلەکانی ڕاوەستاون و مردووە! نموونە زۆرن و کورت و موختەسەر، ئەوانەی لەگەڵ میللەت نەبن و دەنگی خەڵک نەگەیەننە سەرەوە، پاشەڕۆژیان باش نابێت.
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
12/12/2016
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
12
زۆرترین بینراو