وتار
حەلەب، جێگایەک بۆ داڕمانی ئەخلاقی و کارەساتێک بۆ خوێندنەوە و پەند لێ وەرگرتن
ئه‌بوبه‌كر كاروانی

حەلەب بووە ڕەمزێکی تری پیادەکردنی وەحشیگەری و جیھانێکی لە ئاست ھەقا خەوتوو، خەونێکی بزرکاو و شۆڕشێکی دز راو و سەرکووتکراو. لە حەلەبدا توندڕەویی وبەربەریەتی ناسیۆنالیزم و دەمارگیریی و بە خوێن تینوویی مەزھەبی و ھەڵپەرستی سیاسی لەگەڵ یەکدا تێکەڵ بوون. بە خوێنی ھەزاران ژن و مناڵ و لاو و وێرانی و کاولیەکی زۆر، سەرکەوتنێکی سەربازیی داڕنراو لە ھەر بەھایەکی ئەخلاقی و مرۆیی تۆمارکرا. 
بەڵام حەلەب تەنھا ئاماژە نیە بە تاوان و وەحشیگەری و سەرکوت و خوێنڕێژی بێ بەزەییانە، بەڵکو پرسێکە دەبێت لە ڕووی ستراتیژییەوە بخوێنرێتەوە و وانەکانی دەستنیشان بکرێت. کە چۆن و لەبەر چ ھۆکار گەلێک شارێک دوای ٤ ساڵ بەرگری بە وەدەر دەچێت و ئەو چارەنووسە ی دەبێت. ئەم ڕووداوە ھەروەک چەندین ناوەند و شرۆڤەکار و خوێندنەوەیان بۆ کردووە وانەی زۆری تێدایەو ئاماژەیە بە چەندین شت لەوانەش :
١\ دووبارە لە ڕوو ھەڵماڵینی سیاسەتی دوو قافی جیھان و ھەڵپەرستی ناوەندەکانی بڕیار و بێ دەسەڵاتی دەزگا نێودەوڵەتیەکان و درێژەدان بە سیاسەتی ئامڕازکردنی مرۆڤ و سڵ نەکردنەوە لە ئەنجامدانی تاوانەکانی جەنگ و کۆمەڵکوژی و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی بە بەرچاوی کامێرە و جیھانەوە.
٢\ کارەساتی بەنێودەوڵەتی بوونی ململانێکان و یەکلاکردنەوەیان لەسەر حسابی گەل و نەتەوەکان و خوێنی سەدان ھەزار قوربانی و ونبوونی کێشە سەرەکیەکە کە پرسی .
دکتاتۆریەت و شۆڕش و ئازادی گەلە.
٣\ نایەکگرتوویی و پرش و بڵاوی ھێزەکانی شۆڕش و نەبوونی سەرکردایەتی سەربازی ھاوبەش و ڕووکارێکی سیاسی بەھێز و جۆراوجۆری پشتیوانان و ململانێ ی نێوانیان و بێ بەرنامەییەکان، دەبێتە ھۆی سەرچاوەی سەرلێتێکچوون و دەرفەت لە دەستدان و سەرەنجام شکستی و لاوازی.
٤\لادانی شۆڕش لە پەیامی بنەڕەتی خۆی کە پێویستە کار بۆ دەوڵەتێکی مەدەنی و دیموکراسی قوڵ بکات، تەنھا ڕووخانی دیکتاتۆریەت ئامانج نەبێت، بەڵکو جێگرەوەیەکی دیموکراسی بۆی لەو بنچینەیی تر بێن.
٥\ کورتبینی ھەندێ لە وڵاتانی سوننە مەزھەبی ناوچەکە بەرامبەر شۆڕشەکانی بەھاری عربی. کە لە ئێستادا بۆتە ھۆی دروستکردنی بۆشاییەکی ستراتیژی و لاوازی بنکەی خۆیان و ھەڵگەڕانەوەی ھەندێ لەو دەسەڵاتانەی بە پارە و پاڵپشتی ئەوان ھاتنە سەر کار.
٦\ سەلەفیەتی جیھادی و ترۆری بە ئیسلام پاساودراو توندڕەوی ئاینی لە ھەر وڵاتێکدا پەل و پۆی ھاویشت و باسکی ئەستوور بوو، دەبێتە سەرچاوەی بەڵا و کارەسات و بیانوو دانە دەستی ئەملا و لا بۆ دەستتێوەردان و ، لە بار بردن و شێواندنی شۆڕشی گەلان و بە سوتەمەنی کردنی ڕۆڵەکانی گەل لە تەندووری شەڕێکی شێتانەی بێ ئامانجدا.
بۆیە حەلەب بەو ئەندازەی جێگای خۆ نمایش کردنی ھێزێکی دابڕاو لە ئەخلاقە، وە شوێنێکە بۆ مایە پوچبوونی ئەخلاقی زیاد لە ئایدۆلۆژیا و ھێڵێکی فکری و سیاسی و دینی، بەو ئەندازەش کارەساتێکە بۆ خوێندنەوە بۆ پەند لێ وەرگرتن. بۆ تێگەیشتنێکی زیاتر لە جیھانی ئەمڕۆ و یاساکانی گەمە کەو سروشتی ڕێزبەندیەکان و ڕێگاکانی گەیشتن بە ئامانجەکان .
20/12/2016
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ