وتار
یلانگێڕی لە بارزانی و نەوشیروان مستەفا
سلێمان عه‌بدوڵڵا

لە چەندین لاوە تۆڕێکی پیلانگێڕیی گەورە، لەسەر بارزانی و نەوشیروان مستەفا ھەیە و ناھێڵێت پەیوەندییەکانی ئەو دوو رێبەرە کاریزمیەی
 کورد، بکەوێتە سەر سکەیەکی نۆرماڵ. لەوەش زیاتر، ئەو تۆڕە بە ھەموو ھێزی خۆیەوە، ھەوڵ دەدات دابڕانێکی گەورەتر، بخاتە نێوانیانەوە .

ئەم تۆڕە چەندە لە دەرەوەی دوو حزبەکەی بارزانی و نەوشیروان مستەفایە، ئەوەندەش لەناو ئەو دوو ھێزەدا وجودی ھەیە و پێکھاتەکەشی گرووپێکی ھەمەچەشنی بەھێزی تێکەڵەیە لە نوخبەیەکی سیاسی پیر و گەنجی رادیکاڵی دنیای سیاسەتی کوردی و لەڕێگای میدیایەکی ورووژێنەرەوە، کارتەکانی گەمەیەکی ناڕەوا بۆ پاراستنی پێگە و بەرژەوەندییەکانی خۆی لەناو جومگە جیاوازەکاندا دەجوڵێنێ، بەئامانجی بەردەوامکردن و بەرھەمھێنانەوەی ریتمی ململانێ مێژووییەکان .

چارەسەر ئەوەیە، بارزانی و نەوشیروان مستەفا، لەدیدی دوژمندارانەی گۆڕان و پارتیەوە، سەیری یەکتری نەکەن. چونکە ھەم بارزانی دەزانێت، نەوشیروان مستەفا لە رابردوودا ناژیت و بەھەموو توانایەوە لەھەوڵی بەرھەمھێنانی سیستمێکی تەندروستی کراوە و دادپەروەری نوێدایە، ھەمیش نەوشیروان مستەفا دەزانێت، بارزانی ھەڵگری قەزیەیەکی گەورەترە لە پارتی کە دەوڵەتی کوردستانە .

بارزانی بۆئەوەی قەزیە گەورەکە بباتەوە، باشترە وەک سەردەمی راپەڕین دەستی ھاوخەباتی بۆ نەوشیروان مستەفا درێژ بکات. بێگومان نەوشیروان مستەفاش بۆئەوەی خەونی خۆی و ریفۆرمیستەکانی کوردستان لەواقیعدا بەرجەستەتر بکات، باشترە ھەنگاوە وەستاوەکانی رووەو پیرمام دەست پێبکاتەوە. چونکە دواجار رێگای دەوڵەتەکەی بارزانی ھەر دەچێتەوە سەر ھەماھەنگیی ئەو لەگەڵ نەوشیروان مستەفا و پلانی گۆڕانی ریشەیی نەوشیروان مستەفاش، یەکەمین ھەنگاوی حەیاتی، بەپاڵپشتیی بارزانی دەست پێدەکات .
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
20/12/2016
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ