وتار
لەحەلەبەوە بۆ موسڵ
فەرید ئەسەسەرد

تورکیا لەقۆناغی پاشەکشە دایەو خەریکە سیاسەتەکەی بێ سەروبەرییەکی زۆری پێوە دیار دەبێ. کاتێک ھێرشی سعودیە لەئازاری ٢٠١٥ بۆ سەر یەمەن دەستی پێ کرد، تورکیا پشتگیریی ئۆپەراسیۆنەکەی کردو دواتریش ئەردۆغان داوای لەئێران کرد ھێزەکانی لەعیراق‌و سوریاو یەمەن بکێشێتەوە. بیری زاڵ لەئەنکەرە ئەوە بوو کەئۆپەراسیۆنی ھێرش کردنە سەر یەمەن ناوچەکە بەرەو قۆناغێکی تازە دەبا کەتێیدا تورکیاو ھاوپەیمانەکانی سەروەرترو دەستڕۆیشتوتر دەبن. داوود ئۆغلۆی سەرەک وەزیرانی پێشووی تورکیاش پێی وابوو رەوتی روداوەکان لەقازانجی تورکیا دایەو لەم رووەوە ھەموومان ئەوەمان لەیادە کە لەکۆتایی ئازاری ٢٠١٦دا زۆر بەگەرم‌و گوڕی باسی ئەوەی دەکرد کەپشتێنەی ئاسایشی تورکیا لەحەلەبەوە دەست پێدەکاو لەموسڵ کۆتایی دێ. لەکۆتایی ئایاردا، نزیکەی یەک مانگ پێش وازھێنانی لەپۆستی سەرەک وەزیران، لەلێدوانێکدا لەویلایەتی موش رایگەیاند کە حەلەب" ھەر رزگاری دەبێ"‌و پێشبینیی شکست ھێنانی ھێرشەکانی رژێمی سوریای کرد.
ئەو تورکیایەی کەپاش بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆنی "قەڵغانی فورات" کەوتبووە ھەڕەشەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی تر بەناونیشانی "قەڵغانی دیجلە"‌و خۆی بەوە ھەڵدەکێشا کەبەشداری لەئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی موسڵ دا دەکات، ئەمڕۆ وازی لەباس کردنی مافە مێژووییەکانی لەحەلەب‌و موسڵ ھێناوەو بەڵێنی داوە پاش گرتنەوەی موسڵ ھێزەکانی لە باشیک بکێشێتەوە.
بەدڵنیاییەوە شکستەکە ھەموو ئاستەکانی گرتۆتەوە. تاکە گرەوی تورکیا لەم ھەلومەرجەی ئێستادا لەسەر ئاراستە سیاسییەکانی سەرۆکی تازەی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپە. ھەرچەند ئاراستەکانی ئێستای سیاسەتی ئەمریکا لەسەردەمی ترەمپ بە بەراورد لەگەڵ ماوەیەک لەمەوبەر، رۆشنتر دێنە بەرچاو، بەڵام ھێشتا ئاراستەکان نەگەیشتونەتە رادەی پێویستی رۆشنی. لەگەڵ ئەوەشدا، لانی کەم سەبارەت بە سوریاو ناوچەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، خەریکە ئاراستەکانی حکومەتی تازەی ئەمریکا بەرچاو رونتر خۆیان دەنوێنن. چوار ئاراستە لەلای ترەمپ خەریکە گەڵاڵە دەبن. سەبارەت بە حەلەب، ترەمپ قسەیەکی وای نەکردووە شتێکی وای لێ ھەڵبکڕێندرێ کە گێڕانەوەی شارەکە بۆ ژێر دەسەڵاتی رژێمی سوریا مایەی نیگەرانییە، لەمەدا ترەمپ لەتورکیاو دەوڵەتانی کەنداو دوور دەکەوێتەوەو بەپێچەوانەی حکومەتی ئۆماباو وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە روداوەکەی وەک شتێکی ئاسایی وەرگرتووە. سەبارەت بەروسیاش، ترەمپ ئامادەیی تێدایە لەگەڵ روسیا ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش لەدژی داعش ئەنجام بدات. ئەمەش لەناوەڕۆکدا داننانە بەرۆڵی یەکلاکەرەوەی روسیا لەسوریا، ھەروەک داننانیشە بەوەی کەتێڕوانین‌و بەرژەوەندییەکانی روسیا، لەھەر چارەسەرێکی کێشەکەدا، دەبێ لەبەرچاو بگیرێن. سەبارەت بەمانەوەی رژێمی سوریاش، لێدوانەکەی ترەمپ سەبارەت بەوەی کەئەو دژی سیاسەتی گۆڕینی رژێمەکانە، بەڕونی شتێکی وای لێ دەخوێندرێتەوە کەحکومەتی تازەی ئەمریکا کێشەی لەگەڵ مانەوەی رژێمی سوریادا نیە. تاکە ئاراستە کەدەشێ مایەی دڵخۆشیی تورکیا بێ ئەوەیە کەترەمپ پشتگیریی پێکھێنانی چەند زۆنێکی ئارام دەکات لەسوریا بۆ جێگیرکردنی ئاوارەکان تیایدا بەڵام ھیچ وردەکارییەکی لەم بارەیەوە نەخستۆتە بەرچاوو ھیچ میکانیزمێکیشی پێشنیاز نەکردووە، سەرباری ئەوەی کە بۆ جێبەجێ کردنی پڕۆژەکە، ئەو مەرجەی داناوە کەدەبێ دەوڵەتانی کەنداو بودجەکەی دابین بکەن، بەڕەچاوکردنی ئەوەش کەپڕۆژەکە بەبێ ھەماھەنگی لەگەڵ روسیا بەڕێوە ناچێ.
بۆ تورکیاو دەوڵەتانی کەنداو گرتنەوەی حەلەب مایەی شۆک بوو. لەھەموو جەنگە گەورەکاندا شەڕێکی دیاریکراو دەبێتە خاڵی وەرچەرخان کەچارەنوسی جەنگەکە بەشێوەیەکی تێکڕایی دیاری دەکات. بۆیە، لەتێڕوانینێکی سەرتاپا سوپاییدا، دەشێ شەڕی حەلەب ھەمان رۆڵی شەڕی ستالینگرادی جەنگی دووەمی جیھان ببینێ کەئەگەر بھاتایە ئەڵمانیا سەرکەوتنی تێدا بەدەست بھێنایە، یەکێتیی سۆڤێت فت دەبوو، کاتێکیش شەڕەکە بەسەرکەوتنی یەکێتیی سۆڤێت کۆتایی ھات، ستالینگراد بووە سەرەتای شکستە یەک لەدوای یەکەکانی ئەڵمانیا. لەم روانگەیەوە حەلەب بۆ رژێمی سوریاو روسیاو ئێران دەبێتە سەرەتای ریزە سەرکەوتنێکی یەک لەدوای یەک‌و بۆ داعش‌و بەرەی نوسرەو ھێزەکانی تری ئۆپۆزیسیۆن‌و تورکیاو دەوڵەتانی کەنداو دەبێتە سەرەتای زنجیرەیەک شکستی یەک لەدوای یەک کە کاریگەریی تەواو لەسەر چارەنوسی سیاسیی سوریا دادەنێ.
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
25/12/2016
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
12