وتار
قەندیلەکەی دیکە!
ئومێد بابان

بەوپێیەی بار و زرووفی پارچەکانی کوردستان لە ڕووی دیپلۆماسی و لەسەر ئاستی کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە جیاوازە، حەقە ڕەچاوی دۆخی ھەر پارچەیەک لە چوار پارچە لەتکراوەکەی کوردستانی گەورە بکرێت.
باشوور، باکوور، ڕۆژھەڵات و رۆژئاوای کوردستان، بە بارێکی ھەستیاردا تێدەپەڕن و ھەر پارچەیەکیش جۆرێک لە سیاسەتی گەرەکە کە زیان بە پارچەکانی دیکە نەگەیەنێت و بگرە ھاوکاریش بێت تا پارچەیەک لە دۆزێکی ڕەوای نیشتمانییەوە بۆ دەوڵەتبوون و سەربەخۆیی پەل بھاوێژێت.
لەسەر بنەمای نەتەوەییبوون و بۆ کاڵکردنەوەی ھەیمەنەی ئەو دەوڵەتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە، پێویستە فۆڕمی سیاسەت و جیھانبینیی سەرکردە سیاسی و ڕێبەرەکانی کورد لە ھەر چوار پارچەدا گۆڕانکاری بەسەردا بێت و ھەرچی زووە پێکەوە ڕێگاچارەیەک بۆ ناکۆکییە لاوەکییەکان و ئاریشەکان بە گشتی بدۆزنەوە و لەوێوە نەخشەڕێگایەکی نوێ بۆ چۆنیەتی و چەندێتیی مامەڵە لەگەڵ دەرودراوسێ و بگرە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش دابڕێژن.
چونکە، بە یەکھەڵوێستی، پێکەوەیی و یەکبڕیاری، تۆپەکە دەکەوێتە گۆڕەپانی سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان و دواجار دەشێ ھەموو ئەو دەوڵەتانە ملکەچی خواستە ڕەوا و مافە شەرعییەکانی نەتەوەی کوردی ژێردەستە بکرێن.
بەڵام، بە دووبەرەکی و ناتەبایی، بوغزاندنی یەکتر و بە نەیار زانینی یەکدی، ھیچ پارچەیەکی کوردستانی مەزن قازانج ناکات جگە لە زیان.
ئێستا کە بۆ باشووری کوردستان زەمینەی سەربەخۆیی لە ھەموو ڕووەکانەوە ڕەخساوە، حەقە ھەموو پارچەکانی دیکە ھاوکار بن و تەنانەت سازش لەسەر زۆرێک لەو پرسانەش بکەن کە جێی ناکۆکی و قسەلەسەرکردنن و دەکرێ ئەو بابەتە بۆ پاش ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی یەکێک لە پارچەکان ھەڵبگیرێت.
لەبەر ئەوەی، پێویست وا دەخوازێ، دۆزی ڕەوای نەتەوەیەک نەکرێتە قوربانیی ململانێیەکی لاوەکی و ساکار کە دەکرێ دواکەڕەت ھەمووان لەسەری کۆک بن و بەیەکەوە پرسە نەتەوەییە چارەنووسسازەکان شرۆڤە و چارە بکەن.
لە ئێستاشدا کە پارتی کرێکارانی کوردستان "پەکەکە" لەگەڵ ھێزی پێشمەرگەی کوردستاندا بەشێک لە باشووری کوردستانی ڕزگار کردووە و کردوویەتە پاساو بۆ یەکلاکردنەوەی حیسابی خۆی لەگەڵ تورکیا، دەبێ بڵێین، زیانمەندی سەرەکی لەم ھاوکێشە ئاڵۆزەدا، کوردە و بەس.
ئاخر، ھێشتا بەشێکی سنووری ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، ئازاد نەکراون و لە تیرۆریستان پاک نەکراونەتەوە، بۆ دەبێ شنگال بکرێتە بیانوو بۆ مانەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان لە خاکێکدا کە بە مانەوەی "پەکەکە" دنیابینیی ھاوپەیمانان دژی تیرۆریستانی داعش، بە جۆرێک بگۆڕێت کە بە زیان بەسەر نەتەوەی کورددا بشکێتەوە؟.        
پارتی کرێکارانی کوردستان، لە قەندیل رێی پێ دراوە بەوپەڕی تواناوە چالاکییە سەربازی و سیاسییەکانی درێژە پێ بدات و، لەوێ بەدواوە، بنیاتنانی قەندیلێکی دیکە لە شنگال، زیانی مەزن لە دۆزی ڕەوای نەتەوەیی کورد دەدات و ھەرگیز مێژووش بەسەر ھیچ کەس و حزب و لایەنێکدا باز نادات.
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
30/12/2016
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
12
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ