وتار
فاکتەرەکانی داڕمانی پەیوەندییەکانی تورکیاو یەکێتی ئەوروپا
بورهان ڕەئوف

سەرەتا ئەگەر ئاوڕێک لە مێژووی پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی ئەوروپاو دەوڵەتی تورکیا بدەینەوە دەبینین یەکەم ھەنگاو لە تورکیاوە دەستی پێکردووە کە ساڵی ١٩٥٩ داواکاری بوون بە ئەندامی لە بازاڕای ھاوبەشی ئەوروپا پێشکەشکردن ئەوروپیەکانیش چوار ساڵ دواتر پەسەندیانکرد واتە ساڵی ١٩٦٣ .

ساڵی ١٩٨٠ بە ھۆی کودەتا سەربازییەکەی کەنعان ئیڤرینەوە  ئەو پەیوەندییانە سڕکرا دواتر لە ساڵی ١٩٨٣ لە پاش گەڕانەوە بۆ دەسەڵاتی مەدەنی و ھەڵبژاردن جارێکی تر پەیوەندییەکان ئاسایی بوونەوە .

تورکیا کەلە  ساڵی ١٩٩٦ ەوە چووە ناو یەکێتی گومرگیەوە و لە ساڵی ٢٠٠٥ ەوە بە فەرمی داواکاری فەرمی بە ئەندام بوونی تەواوی  پێشکەش بە  یەکێتی ئەوروپا کرد بەڵام ھەر لەو کاتەوە یەکێتی ئەوروپا و دامودەزگاکانی وەڵامێکی ئەرێنی و یەکلاکەرەوەی تورکیایان نەداوەتەوە لەبەرئەوەی یەکێتی ئەوروپا پێودانگ و مەرج وبنەمای تایبەت بە خۆیان ھەیە کە لە وڵاتی تورکیادا تائێستا ئەو بنەماو پێوەرانە فەراھەم نەبوون.

ئەگەر فاکتەری گرنگ و سەرەکی قەیرانەکانی نێوان یەکێتی ئەوروپاو تورکیا لە دیدی تورکیا و پەیوەندییەکانی نێوان تورکیاو ئەرمینیاو وھەروەھا پەیوەندییەکانی نێوان قوبرس و تورکیا بێت ئەوە کێشەی کورد لە باکوری کوردستان یان باشووری ڕۆژھەڵاتی تورکیایە کە کێشەی گەلێکە نکووڵی لە بوونی دەکرێت و پێشتر مسعود یەڵمازی سەرۆک وەزیرانی پێشووی ئەو وڵاتە وتبووی ڕێگەی ئەوروپا لە ئامەدەوە دەست پێدەکات .

بۆیە تورکیا نیگەرانی خۆی لە سستی وتووێژەکان بۆ چوونە ناو یەکێتی ئەوروپا نەدەشاردەوە و لە گەڵ سەرھەڵدانی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانی ساڵی ٢٠١٣  گۆڕپانی جیزی و تەقسیم لە ئەستەنبوڵ کە ئەوروپیەکان شەپۆلێکی گەورەی ڕەخنەیان ئاڕاستەی حکومەتی تورکیا کرد و تاوانباریان کرد بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و ئەردۆغانیان بە دکتاتۆر ناوبرد .

لەپاش بەھاری عەرەبی و بەتایبەتی شۆڕشی سوریا و  سەرھەڵدانی قەیرانی سوریاش جارێکی تر بە ھۆی دەستێوەردانەکانی تورکیا لە و وڵاتە و پشتیوانیکردنی لە گروپە تیرۆریستیەکان و بەشدار نەبوونی لە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش لە سەرەتاوە   دەستێوەردانەکانی لە میسرو لیبیا و عێراق و یارمەتی و کۆمەکی  ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شەڕڤانانی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان واتە باکووری سوریا کە تورکیا ئەوان بەباڵی سوریای پارتی کرێکارانی کوردستان دەناسێت و جیاوازی لە نێوان تیرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی داعش و شەڕڤانانی کورد نابینێت  ئەمەش خاڵێکی تری ناکۆکیەکانی ئەو دوولایەنەیە.

ھەر سەبارەت بە کورد تورکیا ئەوروپیەکان تاوانبار دەکات بە یارمەتیدانی تیرۆری (pkk) و دەڵێن ئەو کۆمەک وچەک و یارمەتیانەی بە شەرڤانانی کورد لە ڕۆژاوا دەدرێت ئەوان دژی تورکیا بەکاری دەھێنن و ھەڵگیرسانەوەی شەڕ لە باکوری کوردستان دەگێڕنەوە بۆ ئەو کۆمەک و یارمەتیانە.

خاڵێکی تری ناکۆکی نێوانیان قەیرانی کۆچبەران بوو کە تورکیاوە ڕوویان لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا دەکرد کە ڕێککەوتنێکیان لە سەر واژۆکرد کە تورکیا ڕێ بگرێت لە پەڕینەوەی کۆچبەران بۆ ئەوروپا لە بەرامبەردا یەکێتی ئەوروپا ٦ ملیار ئۆریۆ بدات بە تورکیا ولابردنی ڤیزە لە سەر ھاوڵاتیانی تورکیا کە ئەمەش جێبەجێ نەکرا .

لە کۆتاییدا لە دوای کودەتا شکستخواردووەکەی ١٥ تەمووزی ٢٠١٦ ئەو ھەڵمەتی گرتن و دەرکردنەی کە نەیارانی ئەکەپەی گرتەوە جارێکی تر تورکیا کەوتەوە بەرشاڵاوێکی تری ڕەخنەو نیگەرانی ئەوروپیەکان ,تورکیاش ئەوان بە پشتیوانی کودەتاو بزوتنەوەی خزمەتی فەتحوڵاگویلەن تاوانباردەکات .

لە ئاوا بارودۆخێکدا ئەردۆگان پەیوەندییەکانی لە گەڵ ڕوسیادا ئاسایی کردەوەو بانگەشەی ئەوەدەکات کە ببێتە ئەندامی ڕێکخراوای شنگھای  و وڵاتانی ئەندامی  شنگھایش خۆشحاڵی دەرببڕن .

ئەوەی تورکەکان دڵی  خۆیانی پێخۆش دەکەن لە کاتێکدا پەرلەمانی ئەوروپا پێشنیاری سڕکردنی پاڵێورانی تورکیا بۆ یەکێتی ئەوروپا دەکەن ئەوەیە کە بە سەرکەوتنی ترامپ بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا و ھاتنە دەرەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا و ھەڵکشانی ڕەوتە ڕاستڕەو تووندڕەوەکان لە ئەوروپا پێشبینی ھەڵوەشانەوەی ئەو یەکێتیە بکەن .
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
30/12/2016
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ