وتار
پەکەکە لە شنگال دەکشێتەوە؟
ئومێد بابان

گوتە و لێدوانەکانی ئەم دواییەی موراد قەرەیلان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبردنی پارتی کرێکارانی کوردستان سەبارەت بە کشانەوەی پەکەکە لە شنگال، جێگای ڕێز و ھەڵوەستەیە.
ھەڵوێستەکەی قەرەیلان بۆیە جێی ڕێزە، چونکە لە سۆنگەی ھەستکردن بە بەرپرسیارێتیی نیشتمانی و نەتەوەیی و لە دەلاقەی دنیابینیی و قاڵبوونەوە لەنێو دنیای سیاسەت بە گشتی و بە تایبەتیش سیاسەتکردن لە رۆژھەڵاتی ناوین و تایبەتتریش ئەو پارچەیەی باشووری کوردستان، ئەو بڕیارەی داوە.
موراد قەرەیلان، ھەر لەخۆڕا و بێ وردبوونەوە لە دۆخی سیاسی و تەناھیی ھەرێمی کوردستان ئەو بڕیارەی وەرنەگرتووە، بەڵکە پاش ھەڵسەنگاندنی بارە ھەستیارەکەی باشووری کوردستان و بە تێھزرین لە جەمسەربەندی و بلۆکبەندییەکەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەرھەق بە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و دروستتر سەبارەت بە ھەرێمی کوردستان، دارێکی خستووەتە سەر بەردێک کە دیرۆک دەینووسێتەوە.
ئەو ئەندامەی کۆمیتەی بەڕێوەبردنی پارتی کرێکارانی کوردستان، کە دۆخی سیاسی و دیپلۆماسیی ھەر چوار پارچەی کوردستانی گەورەی لەبەر چاوە، بۆیە سڵ لە کشانەوەی ھێزەکانیان لە شنگال ناکاتەوە، تا لە ھەموو ئەو ھاوکێشانەی دێنە پێشەوە، تەنیا کورد قازانج بکات و نەیاران ھەم زیانمەند و ھەم خەیاڵپڵاو بن لەوەی کە کورد یەکدەست و ھاوئاھەنگ نییە.
قەرەیلان، بەو بڕیارەی، موژدەیەکی خۆشی بە گوێی کوردستانیان دادا کە ئیدی، بەرژەوەندیی گشتیی نیشتمانی و نەتەوەیی، لە سەرووی ھەموو بەرژەوەندییەکانەوەیە و لە ھەر پارچەیەکی کوردستانی گەورەدا، کورد لە پێناو پارچەیەک لە پارچەکان، سازش لەسەر مافەکانی خۆی دەکات.
سازش لە پای سەربەخۆیی و داننان بە مافە سرووشتی و سەرەتاییەکانی کوردستانیان لە ھەر پارچەیەک، لە پێناو پێشکەوتنی دۆزی ڕەوای نەتەوەیی کورد لە یەکێک لە پارچەکاندا.
ئەو دۆزەی، ساڵەھایە کورد لە پێناویدا ھەزاران شەھید و قوربانیی بەخشیوە و یەک لە دوای یەک، شۆڕشی بۆ بەرپا کردوون و بەوپەڕی تواناوە و لە شاخ و لە شار، بەرەنگاری نەیار و دوژمنان بووەتەوە.
لێدوانەکەی قەرەیلان، بۆیە جێگای ھەڵوەستەشە، دەکرێ بپرسین، ئایا سەرکردایەتیی پارتی کرێکارانی کوردستان تا چەند زرووفی ھەنووکەیی ھەرێم لە بەرچاو دەگرن و بە گوتەکانییەوە پابەند دەبن؟
پارتی کرێکارانی کوردستان کە ڕۆڵی بەرچاوی لە ئازادکردنەوەی بەشێکی خاکی کوردستان لە چنگ تیرۆریستانی داعش ھەبووە، جێدەستیان دیارە و خەڵکی کوردستانیش ھەڵوێستەکەیان بەرز دەنرخێنێت.
لەبەر ئەوە، حەق وایە ھەرچی زووە شنگال چۆڵ بکەن و ناوچەکان ڕادەستی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان بکەنەوە، تا بیانوو نەدرێتە وڵاتانی دەوروبەر چیدیکە دەست لە کاروباری ھەرێمی کوردستان وەربدەن و ئەم و ئەو بۆ شکاندن، لەکەدارکردن و بە نەیارزانینی یەکدی بقۆزنەوە.
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
05/01/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
12
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ