وتار
‌ كێڵگە نەوتییەكانمان لە بەڵگەنامەكانی ویكیلیكس دا ‌
فەرید ئەسەسەرد
٢٠١٦ چەند رۆژێکی مابوو، کاتێک سایتی ویکیلیکس ئیمێڵێکی وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستانی بڵاو کردەوە کە جەنابی وەزیر بۆ بەرات ئەلبەیراک وەزیری وزەو سامانە سروشتییەکانی تورکیای ناردووەو تێیدا پێشنیاری فرۆشتنی چەند کێڵگەیەکی نەوتی ھەرێمی بە پێنج ملیار دۆلار کردووە. 

بەپێی ئیمەیلەکە، پێشنیاری فرۆشتنی کێڵگەکان یەکێ لەو سێ پێشنیارە بووە کە وەزارەت بۆ چارەسەرکردنی  کێشەی قەرزەکانی سەر ھەرێم ھێناویەتییە پێش. ناوەڕۆکی ئیمەیلەکە دەری دەخا کە ھەرێم زیاتر لەوەی کە پێشبینی دەکرا قەرزاری تورکیایە، ئەوەی ئەمەش دەسەلمێنێ ئەوەیە کە ئیمەیلەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە ھەرێم تا ساڵی ٢٠١٩ توانای دانەوەی قەرزەکانی تورکیای نیەو ئەگەر ھەرێم لە ساڵی ٢٠١٩ دەست بە قەرزدانەوە بکات، پرۆسەکە دوو ساڵی پێ دەچێ. ئەوەش پێشنیار کراوە کە ئەگەر تورکیا نەتوانێ تا ساڵی ٢٠١٩ چاوەڕێ بکا، ھەرێم ئامادەیە قەرزەکان بەشێوەی نەوت‌و گاز بداتەوە.

ھەرچەند ویکیلیکس ھیچ دیکۆمێنتێکی دەربارەی وەڵامی تورکیا بڵاو نەکردۆتەوە، بەڵام پێناچێ تورکیا رازی بووبێ بە کڕینی کێڵگە نەوتییەکانی ھەرێم چونکە دەزانێ ئەمە زۆر کێشەی یاسایی بۆ دروست دەکات.
دورنمای یاسایی بابەتەکە خۆی لە خۆیدا مەسەلەیەکی گرنگە، نە لە عیراق‌و نە لە ھەرێم یاساکان رێ بە فرۆشتنی کێڵگە نەوتییەکان نادەن چونکە ئەو کێڵگانە موڵکی حکومەت نین تا بیانفرۆشێ بەڵکو موڵکی گەلن. بۆیە لێرەدا نەک ھەر فرۆشتنی کێڵگە نەوتییەکان بەڵکو پێشنیاری فرۆشتنی کێڵگە نەوتییەکانیش یاسایی نیە. لایەنێکی گرنگی دیکەی مەسەلەکە ئەوەیە کە پێشنیارەکە لە ھیچ کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی وەزیراندا باس نەکراوە، بەتایبەتی کە لە بابەتێکی ھەستیاری وادا بریاڕدەر ئەنجومەنی وەزیرانە نەک وەزارەتێک بە تەنھا.

ھەرچەند ئیمەیلەکە لە کۆتایی ساڵی پار بڵاو کراوەتەوە، بەڵام مێژووی پێشنیارەکە بۆ مانگی ئازاری رابردوو دەگەڕێتەوە. ئەمەش بەم مانایە دێ کە ھەردوو وەزارەت لە ئازارەوە تاوتوێی ئەم بابەتە دەکەن. پێشنیاری فرۆشتنی کێڵگە نەوتییەکان بەڵگەی دوو راستیی ناخۆشە. یەکێکیان ئەوەیە کە حکومەتی ھەرێم قەرزێکی زۆری لەسەر کەڵەکە بووەو دووەمیشیان ئەوەیە کە حکومەت لە خۆی را نابینێ بتوانێ قەرزەکان بداتەوە، بۆیە بیر لە چارەسەری «نائاسایی» دەکاتەوە.

تا ئێستا ھیچ بەڵگەیەک لەسەر ئەوە نیە کە ھەرێم ھیچ کێڵگەیەکی نەوتی فرۆشتبێ بەڵام خودی بیرکردنەوە لە بابەتێکی وا، ئەوە نیشان دەدا کە کەموکوڕییەکی زۆر لە میتۆدی بیرکردنەوەی حکومەتدا ھەیە. ھەموومان دەزانین سیاسەتی چەوت ئاکامی چەوتی لێ دەکەوێتەوە بەڵام ئەمە مانای ئەوە نیە کە گیروگرفتێکی گەورە بە دروست کردنی گیروگرفتی گەورەتر چارەسەر بکرێ. وەک دەردەکەوێ، سڵکردنەوەی تورکیا لە کڕینی کێڵگە نەوتییەکان‌و ناتوانایی ھەرێم لە قەرزدانەوە، تای تەرازووی بژاردەی سێیەمی قورستر کردووە، ئەویش قەرزدانەوەیە بە ھەناردەکردنی بڕێکی زۆری نەوت‌و گاز بۆ تورکیا. ئەمە باری قەرزەکان سوک دەکا، بەڵام باری ھاووڵاتیانی ھەرێم قورستر دەکا چونکە قەرزدانەوە لە ڕێگای ھەناردەکردنی نەوت‌و گازەوە داھات بۆ ھەرێم دابین ناکات.

لە مێژوودا فر‌وشتنی مۆڵکی گشتی بە دەوڵەتان ھەمیشە مەسەلەیەکی ھەستیار بووە. نزیکترین نمونە لە ھەرێم، میسرە. لە سەردەمی سەرۆکی پێشوی میسر محەمەد مورسی دا لە سۆنگەی پەرەسەندنی قەیرانی ئابورییەوە، واتەواتێکی زۆر لە شەقام‌و لە میدیایەکاندا بڵاو بۆوە کە گوایە مورسی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی ئابوری بڕیاریداوە کەناڵی سوێس بە قەتەر بفرۆشێ. مورسی واتەواتەکەی بە درۆ خستنەوە، ھەواڵەکەی بە»مایەی پێکەنین» دایە قەڵەم‌و بە تەوسەوە قسەیەکی وای کردووە ماناکەی ئەوە بوو کە ئەگەر ئەمڕۆ کەناڵی سوێس بفرۆشن، سبەی ھەرەمەکانیش دەفرۆشن.

بەڵام لەڕاستیدا فرۆشتنی کەناڵی سوێس لە مێژووی میسر پێشینەی خۆی ھەیە چونکە ئەم کەناڵە پێشتر جارێک فرۆشراوە. لە ساڵی ١٨٧٦دا، پاشای میسر(خدێوی) ئیسماعیل کە قەرز تەنگی پێ ھەڵچنی بوو، لە کۆتاییدا ناچار بوو کەناڵی سوێس بە نزیکەی چوار ملیۆن پاوەن بە بریتانیا بفرۆشێ. پاش ٨٠ ساڵ سەرۆکی میسر جەمال عەبدولناسر بە زەبری ھێز کەناڵی سوێسی خۆماڵی کرد‌و دواتر ئەم کارە جەنگی سوێسی لێکەوتەوە کە تێیدا بریتانیا‌و فەرەنسا‌و ئیسرائیل ھێرشێکی سێقۆڵییان کردە سەر کەناڵی سوێس‌و ھەوڵی رووخاندنی رژێمی عەبدولناسریان دا. 

میسر پاش ٨٠ ساڵ کەناڵی سوێسی سەندەوەو ئەمڕۆ لە جیاتی یەک کەناڵی سوێس دوو کەناڵی سوێسی ھەیە. بەڵام بۆ ئێمەی کورد، ئەگەر پاش ٨٠ ساڵ کێڵگە نەوتییە فرۆشراوەکانمان وەرگرینەوە، بەدڵنیاییەوە بە چۆڕبڕکراوی، بەبێ یەک دڵۆپە نەوت، وەریان دەگرینەوە.
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
10/01/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
12