وتار
‌ڕێکەوتنی گۆڕان و یەکێتی جێبەجێ نابێت
سلێمان عه‌بدوڵڵا

لەپرسی ڕێکەوتن لەگەڵ یەکێتیدا، باشترە گۆڕان بزانێت بەھەڵە کەوتووەتە شوێن خەیاڵێکی سیاسی بێ ھودەوە، ئاخر ئەگەر یەکێتی نەتوانێت لەنێوان دووباڵەکەی خۆیدا، فیدراسیۆنێکی یەکگرتووی حزبی دروست بکات و باڵەکان کێشەی ڕێکەوتنیان لەگەڵ خودی خۆیان ھەبێت، ئەوا لەچاوەڕوانیەکی ئاوادا گۆڕان باشترە بەر لەیەکێتی گازندە لەخۆشخەیاڵی خۆی بکات   .

گرفتی گۆڕان ئەوەیە چاوەڕوانی شتێک دەکات کەھەرگیز ڕوونادات. چونکە وەک چۆن ھەریەکێک لەباڵەکان، بەجیا لەگەڵ گۆڕان ڕێکەوتنیان نەکرد، ئاوەھاش ھیچ کام لەو باڵانە، تاک بەتاک خۆیان ناکەن بەسوری بەرلەشکر و لەگەڵ پارتیش ناچنە ناوڕێکەوتنێکی نوێی تاک لایەنەوە و بەرژەوەندی مۆڵی ئێستا بەقەرز ناگۆڕنەوە.

لەڕاستیدا بۆ بەشێک لەسەرکردەکانی ھەردووباڵەکە، خودا دووشەشی ناردووە و حەز دەکەن ھەتا قیامەت دۆخەکە ئاوا بمێنێتەوە. چونکە جۆلانێی بەرژەوەندیە تایبەتیەکانیان لەنێوان پارتی و گۆڕاندا، بەئارەزووی خۆیان دێت و دەچێت.

 ئاخر ئۆلیگارشیەکانی ناو یەکێتی کەبەتۆکمەیی لەناو ھەردوو باڵەکەدا بوونیان ھەیە، لەکاتێکدا بەتەنگ پێگەی یەکێتی و ناوبانگی مام جەلال و خواستی کادران و جەماوەرەکەی خۆیانەوە نەبن، بەکوێدا خەیاڵیان بۆلای ڕێکەوتن و ھاوپەیمانێتیەک دەروات، کەئەوان تیایدا دەبێت لەپێناویدا، بەرژەوەندیە تایبەتیەکانیان، بەبەرژەوەندیە گشتیەکان، بگۆڕنەوە.
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
12/01/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ