وتار
ڕێککەوتننامەی پارتی و یەکێتی
ئومێد بابان

ئەو ڕێککەوتنە ستراتیژییەی لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا دوای کۆتاییھێنان بە شەڕی براکوژی واژۆ کرا، زۆر لە ھاوکێشە سیاسییەکانی گۆڕی و دۆخی کوردستانی خستە بارێکی سەقامگیرەوە.
خەڵکی کوردستان کە پێش ڕێککەوتنەکە لە دۆخێکی چەقبەستووی ناھەمواردا دەژیان، دوای رێککەوتنەکە دەرگایان لە بەردەمدا ئاوەڵا بوو کە ئیدی یەکڕیزیی نێوان یەکێتی و پارتی، ھەوێنی خۆشگوزەرانی و ئاوڕدانەوەیە لە کۆی کایەکانی ژیانی ھاونیشتمانیانی باشووری کوردستان.
بە کردەییش، پاش ڕێککەوتنەکەی ئەو دوو حزبە، کوردستانیان لە دۆگماییەکی داسەپاوەوە بەرەو کرانەوەیەکی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری ھەنگاویان نا.
ئاخر، دوای ئەو ڕێککەوتنە ستراتیژییە، دەرفەت بۆ خەڵک بە گشتی ڕەخسا مومارەسەری ژیانی تایبەتی خۆیان بکەن و بگرە پتر لە دوێنێش فرسەت بۆ ئازادیی دەربڕین و گوزارشتکردن لە ڕای کەسی و تەنانەت گرووپ و دەستە و تاقمێکیش ھاتە ئاراوە.
لەوێوە دەشێ سەرنج بۆ لای ئەوە ڕابکێشین، لە ڕێککەوتنەکەی نێوان پارتی و یەکێتیدا، زۆر دەروازە کرانەوە کە لەمەوپاش، سیاسەتی گشتی و دنیابینیی حزبەکان تەنیا بەرژەوەندیی ھاووڵاتیانی بە دواوە بێت و ئیدی زرووفی ناوچەکەیش وا دەخوازێت، حزب لە خزمەت ھاونیشتمانیاندا بکۆشێ نەک بۆ بەرژەوەندیی تەسکی تایبەتی و حزبی.
یەکێتی و پارتی، دەکرێ سەرلەنوێ ڕێککەوتننامە ستراتیژییەکەی نێوانیان دابڕێژنەوە، بە جۆرێک کە خزمەت بە خەڵک بکات و بەس، چونکە ئەو ڕێککەوتننامەیە بە فۆڕمی جودا و لە شکڵێکی تردا، دیسانەوە خزمەت بە دۆخی ئێستا لە ڕووی دیپلۆماسی لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوەیش دەکات.
لەسەر ئەو پرەنسیپە، پارتی و یەکێتی، کە قەیرانی دارایی و ئابوورییان خراوەتە ئەستۆ، پێویستە سڵ لە لەئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتی نەکەنەوە، بەڵکە باشتر وایە ھەرچی زووە ڕێککەوتننامە ستراتیژییەکەیان تازە بکەنەوە و مل بدەنە بەر مەسئولییەتێک کە خەڵک چاوەڕوانیی لێیانە باری قورسی سەر شانیان کەمێک سووک بکەن.
سووککردنی ئەو بارە، بە بڕوای من، تەنیا بە پارتی و یەکێتی ناکرێت، زۆر ئاساییە کە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی دیکەیش گەنگەشە بکەن و پێکەوە کۆ ببنەوە.
کۆبوونەوە لە پێناو کۆبوونەوەدا، نا، بگرە بۆ وەرگرتنی ڕای حزبەکانی دیکەیش، ئاخۆ ئایدیا و جیھانبینیی حزبەکانی تریش دەرھەق بەو دۆخەی ئێستای کوردستان چییە؟
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
14/01/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
12
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ