وتار
گریانی بایکۆت
محه‌مه‌د ره‌ئوف

گریانی رێکخەرانی خۆپیشاندانی مامۆستایانی ناڕازی، گریانێک نیە تەنھا بۆ گوزەران و حاڵی مامۆستایان و موچەخۆرانی ھەرێم، گریانێک نیە تەنھا بۆ دۆخی پەروەردەو نەوەی داھاتو، بەڵکو گریانێکە بۆ بێباکی ئەو دەسەڵاتەی کە باکی بە خاک و ئاو و سامان و ھاوڵاتیانی نیەو گوێ بە کڕوزانەوەی پیرەژنێکی خانەنشین و کەمئەندامێکی بێموچە و نابینایەک نادات و موچەکەیان دەبڕێت و بەبەرچاویانەوە سامانی وڵات دەبات و داھاتەکەشی لوش دەدات. گریانی رێکخەرانی خۆپیشاندانەکان گریانێکە بۆ بێھەڵوێستی ئەو ھەمو حیزب و گروپ و رێکخراوەی کە مامۆستایانیان بەتەنھا لەبەردەم کەڵبەی بێویژدانی دەسەڵاتدا جێھێشت.
ئەگەر گریانی رێکخەرانی خۆپیشاندانەکان بۆ دەستکەوتی گەورەی مەلموس بێت، لەبەدیھێنانی ئامانجەکانیان کە ھەڵوەشاندنەوەی سیستمی پاشەکەوتو گەڕانەوەی شایستە داراییەکانی مامۆستایان و باشکردنی دۆخی پەروەردە بێت، رەنگە لەروی مادیەوە دەستکەوتی گەورەیان بەدەست نەھێنا بێت، بەڵام گەورەترین دەستکەوتی مەعنەویان بۆخۆیان تۆمارکرد، ئەوەی ئەوان کردیان زیندویەتی گەورەیان بە شەقامی کوردی بەخشی، لە سەد رۆژی بایکۆت و ناڕەزایی مامۆستایاندا، توێژێکی کاریگەرو ھۆشیاری کۆمەڵگە شەقامیان بە زیندویی ھێشتەوەو ئەو پەیامەیان دا بە گوێی کۆمەڵگەدا کە کەسێک نەتوانێت بەرگری لە ماف و گیرفانی خۆی بکات ناتوانێت نەوەیەکی خاوەن ئیرادەو راستگۆو جەسور پەروەردە بکات.
دەبێت رێکخەران و مامۆستایانی ناڕازی ئەوە بزانن کە دەستکەوتی خەباتی مەدەنی دەستکەوتێکی مەعنەویەو زۆرجار کاریگەریەکانی لە داھاتودا دەردەکەون وەک ئەوەی لە (١٧)ی شوباتدا کە لە دوای (٦٢) رۆژ بەزۆر کۆتایی بە خۆپیشاندانەکان ھێنراو چەندین شەھید و برینداری لێکەوتەوە، بەڵام دەسەڵاتی راچڵەکاند و لە خەوی گەندەڵی و ملھوڕی بە ئاگای ھێنایەوە، خەباتی بایکۆتی مامۆستایانیش ئەوەی پێوتین کە ناکرێت دەسەڵاتێک ملھوڕانە بڕیار لەسەر چارەنوس و گیرفانی ھاوڵاتیەکانی بدات و خۆشی لەوپەری رەفاھیەت و خۆشگوزەرانیدا بژیت، ھاوڵاتیانیشی بێدەنگ و قورو قەپ دابنیشن، بایکۆت ھاواری ناخی ئەو ھاوڵاتیانە بو کە دەیان ساڵە بەڕوی نادادی ئەو دەسەڵاتەدا بەرزدەبێتەوە.
بایکۆت سەرەڕای ئەوەی ئازایەتی و جەرائەتی مامۆستایانی خستەڕو، ئەوەشی سەلماند کە بۆ یەکەمجار شەقام حیزبەکانی جێھێشتو بە بێ ئاراستەکردنی حیزب، شەقام خۆی بڕیاری لەسەر خەباتەکەی خۆی دا و حیزب و شەقامی بۆ یەکەمجار لێکجیاکردەوە، ئەوەشی سەلماند کە عەقڵیەتی ئەوانەی لە لقی چواردا چالاکانی (١٧)ی شوباتیان خەڵتانی خوێنکرد، ھیچ گۆڕانێک لە عەقڵیەتی بیکەیسی ئاسایان روی نەداوەو چونە بەردەم بارەگاکانیان بە ھێڵی سور ناودەبەن.
خۆ ئەگەر لەروی سایکۆلۆجیەوە گریانی مامۆستایان لەبەردەم رای گشتیدا ئاماژە بێت بە بەزەییھاتنەوەو بەتەنھایی و بێھوابون لە دۆخی ھەرێم و دەسەڵاتداران، ھەڵگری ئاماژەیەکی ترسناکە کە مامۆستایان لەماوەی (١٠٠) رۆژی بایکۆت و ناڕەزاییدا نەیانھێشت رێرەوی توندوتیژی وەربگرێت، بەڵام بێئەنجام بونی ئەو خەباتە واتا ئیدی خەباتی مەدەنی و ئاشتیانە بێسودە و رەنگە ئەمە سەربکێشێت بۆ ئەوەی ئیدی خەباتگێڕان بیر لە شێوازی دیکە بکەنەوە، چونکە رەفتاری دەسەڵات و بێباکیان بەرامبەر بە مامۆستایان دوا گوللەیان نا بە شێوازی خەباتی مەدەنیەوە.
رەنگە ئەو خەباتە مەدەنیەی مامۆستایان نەبوایە، توڕەیی شەقام ئاراستەیەکی تری بگرتایەتە بەرو دۆخی ھەرێم ئاڵۆزی زیاتری بەخۆوە ببینیایە. بەڵام مامۆستایان وەزیفەی خۆیان بەجێھێناو مەسجی خۆیان گەیاندە دەسەڵات، ئیدی دۆخی ھەرێم و خەباتی شەقام بەھەر ئاراستەیەکدا بڕوات ئەوا دەسەڵات خۆی بەرپرسە لە ھەر روداو پێشھاتێکی چاوەڕوانکراو.
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
17/01/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1