وتار
ھەموو ڕێگاکان دەچنەوە واشنتۆن
ئومێد بابان


دۆناڵد ترەمپ کە لە دواھەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکادا پێش ھیلاری کلینتۆن کەوت و توانی پۆستی سەرۆکایەتیی ئەو وڵاتە بۆ چوار ساڵ مسۆگەر بکات، لەلایەن دیموکراتیخواز و کۆماریخوازەکانیشەوە پێشوازی لێ کرا و ھەمووان بە ئەنجامی ھەڵبژاردنەکە ڕازی بوون.

بە لای ئەمەریکاییەکانەوە، بەرژەوەندیی ویلایەت بە ویلایەتی وڵاتەکەیان گرینگە و ھەرگیزیش لەسەر حیسابی ئەم و ئەو دەوڵەت و بگرە کۆی کۆمەڵگای مرۆڤایەتییش سازشیان نەکردووە و ناشیکەن، چونکە ئەو دوو پارتە سەرەکییەی کە ئیدارەدانی ئەمەریکایان لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەشدا لە ئەستۆیە، ساڵەھایە (پێکەوە) ملیان داوەتە بەر حوکمڕانیی دەوڵەتێکی زلھێزی مەزن کە خاوەنی مێژوویەکی دروورودرێژە و لەسەر تێکڕای ڕووداو و پێشھاتە سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان خاوەنی بڕیاری یەکلاکەرەوەن و ھەمیشە نۆی وان، لەسەر دەی زۆربەی زلھێز و قەڵەمڕەوانی جیھانە.

ئەمەریکاییەکان، دەکارێ لەسەر ھەندێک پرسی تایبەت و نێوخۆیی ڕای جودایان ھەبێت، لێ خوێندنەوەیان بۆ چۆنیەتی و فۆڕمی دیپلۆماسییەتی دەوڵەتانی دراوسێ و تەنانەت ڕۆژھەڵاتی ناوینیش، ڕێک وەک یەکە بێ سین و جیم.

جیھانبینی و ڕۆڵی دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، ھەر لەوێوە ناوەستێت، بەڵکو پەل بۆ دەستوەردان لە کاروباری وڵاتانی دیکە لە پێناو بەرژەوەندیدا دەھاوێژێت (وەک لە سیاسەتدا باوە)، ئەگەرچی ڕەنگە بڕێک جاریش بەرژەوەندیی ھاوبەشی لێ بکەوێتەوە، بەڵام دواجار دەبێ ھەموو ڕێگاکان بچنەوە واشنتۆن.

گەر وردتر بین، سیاسەتمەدارانی ئەمەریکا، کە لە کۆنگرێس و ئەنجوومەنی پیرانەوە ئاڕاستە دەکرێن، ناشێ لە ھیچ بار و زرووفێکدا دژی بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەیان تەنانەت لێدوانێکی ھاکەزاییش بدەن، چجای ئەوەی لە دنیای سیاسەتدا دان بە شکستێکی حەتمیشدا بنێن، چونکە ڕای گشتیی کۆمەڵگای ئەمەریکایی، بە ھیچ کلۆجێک نوشوست قبووڵ ناکات، نەخاسمە ئەگەر ئەو شکستەش بەسەر سیاسەت و دنیابینیی ئەمەریکاییەکان دەرھەق بە وڵاتانی دیکەدا بشکێتەوە.

پێدەچێ نموونەی ئەو باسەی سەرەوە زۆر بن، بەڵام دیارترین و نزیکترینیان عێراقە، کە لە ٢٠٠٣دا دەستیان بەسەردا گرت و وێڕای لەناوبردنی دیکتاتۆر و خوێنمژەکان، سیستمی حوکمڕانییان لە ڕەگوڕیشەوە گۆڕی و ئەوکات کەشێکی لەباریان بۆ دیموکراسی و مومارەسەکردنی ئازادی بە واتا شموولییەکەی ھێنایە ئاراوە، بەڵام دواتر کە بە فەرمانی ئەنجوومەنی پیران سوپای ئەمەریکا لەو وڵاتە کشایەوە، ھەم کێشەی مەزھەبی و ئایینی و ھەم پێکدادانی نێوان کولتوورەکان دروست بوو، کەچی تا ئێستاش ئەمەریکا بە فەرمی دانی بە شکستھێنان لە پرۆسەی ڕزگارکردنی عێراقدا نەناوە.

لەوێوە بۆمان دەردەکەوێت، ئەمەریکا بە ھەموو جۆرێک و بە تایبەت لە ڕێگای ھێز و فشارەوە، دەتوانێ زۆر شت لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا بگۆڕێت، لێ کاریگەریی زۆر دەوڵەتی ناوچەیی و نێودەوڵەتیی بەسەرەوەیە و بەو ئاسانییە و بێ ڕاوێژ لەگەڵیان، دار ناخاتە سەر بەرد.

با تێبینیی ئەوەش بکەین، سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان دوای پرۆسەکە زۆر دەرفەتی لە بەردەمدا بوون کە دەکرا بیانقۆزێتەوە و ڕەنگە ھەمووانیش زانیارییان لەبارەی خاڵ بە خاڵی ئەو فرسەتە دیرۆکییە ھەبێت کە جێی گومانە جارێکی دیکە دووبارە ببێتەوە.
ئەوە بۆیە، دەشێ ژیرانەتر مامەڵە لەگەڵ ئیدارە نوێیەیەکەی ئەمەریکادا بکرێت، بۆ ئەوەی ھەم مێژووی کۆن دووپات نەبێتەوە و ئێستا و پاشەڕۆژیش ھەرێم و واشنتۆن ھەر ھاوپەیمان بن نەک تەنیا بۆ شەڕ دژی تیرۆریستانی داعش، ھەرێم بقۆزرێتەوە و دواتر پشتی تێ بکرێت.
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
23/01/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
12
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ