وتار
بارزانی ستراتیژی کورد دەکاتە قوربانی تاکتیکی شیعە !!
شوان هه‌ورامی

لەدوای راگەیاندنی کۆماری کوردستان ، ھەمیشە سیاسەتمەدارانی کورد بەڕاستیان بووبێت یا درۆ و موزایەدە ، لەژێی ھەستیاری مافی چارەنووسیان داوەو خەڵکی غافڵ و خۆشباوەڕیان ھێناوەتە سەماو ھەڵپەڕکێ ، بۆیە ھەمیشە ئەم درووشمە کاریگەریی خۆی ھەبووە بۆ سەر ناوخۆو دەرەوەی کوردستان .
مەسعود بارزانی لەساڵی ١٩٩١وە ھەر کاتێ پێویستی بە تێکەڵ کردنی کارتەکان بووبێت ، یا پێویستیی بەوە بووبێت خۆی لە قەیرانێک بپەڕێنێتەوە ، یا قەیرانێکی پێ داپۆشێت ، پەنای بۆ درووشمی مافی چارەنووس و راگەیاندنی سەربەخۆیی بردووە ، جا ھەر جارەو بە شێوەیەک ، جارێ دەڵێ دەگەڕێمەوە بۆ رای جەماوەری کوردستان ، جارێ تر رایگەیاند گەیشتنی فڕۆکەی ئیف ١٦ مەترسییە بۆ سەر یەکپارچەیی خاکی عێراق ، پێش ھاتنی داعش ھەڕەشەی کرد کە : راگەیاندنی سەربەخۆیی نزیکە ، لە جێگەیەکی تر ھەڕەشەی لە مالیکی کردو گوتی : ئێمە ناچار ببین بڕیارێک دەدەین کە بە خەیاڵیشیاندا نەیەت ، لەشوێنێکی تردا داکۆکیی لەوە کرد : دەبێ لە پێش ھەڵبژاردنی سەرۆکی ئەمەریکادا ریفراندۆم ئەنجام بدەین ، تەنانەت ئاری ھەرسینی بەشێوەیەک چەواشە کرد گوتی : تا کۆتایی ٢٠١٦ کاک مەسعود سەربەخۆیی رانەگەیەنێت بە سەرۆکی خۆمی نازانم .
بەراستی ئەوە قسەی منداڵانەیە مەسەلەی سەربەخۆیی ببەسترێت بە مالکیەوە ، باشە مالیکی و عەبادی چ جیاوازییەکیان ھەیە ؟ ئەی ئەگەر کارکردن بۆ سەربەخۆیی و مافی چارەنووس ستراتیژییە ، چۆن دەبێت ببەسترێتەوە بە پەرچەکرداری شیعەوە ؟ واتە ئەگەر شیعە بە تاکتیک عەبادیی لەو پۆستەدا بپارێزێت ، بارزانی ستراتیژی نەتەوەیی بۆ دەکاتە قوربانیی !!
دەبێ بزانین ئەم موزایەدە نوێیەی بارزانی تەنیا بۆ قایم کردنی پۆستەکانی پارتیە لە بەغدا و ھیچی تر ، کە لەم دواییانەدا بەھۆی گۆڕان و یەکێتیەوە پێگەی بێھێز بووە ، دەنا چاک دەزانن ھەلومەرجی گەڕانەوەی مالیکیی لەئارادانیەو تەنیا خۆ خۆشەویست کردنە لای عەبادیی بۆ ئەوەی پۆست و ئیمتیازەکانیان لە بەغدا بپارێزن و ئەو کارتەش بدەنە دەستی ناوبراو بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ نێوماڵی شیعەو بیکاتە دەستمایەی بۆ پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراق کە پەیوەندیی بە مانەوەو پێگەی ئەوەوە ھەیە دەنا کورد جیادەبێتەوە !!
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
25/01/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ