وتار
فەوزای سکاڵا لە کوردستان.!
پارێزەر: لوقمان مصطفی


لەگەڵ ئەوەی مافی ھەر تاکێکی نێو کۆمەڵگایە پەنابەرێت بۆ سکاڵا کردن، لەڕێی دادگاکانەوە بۆ داکۆکیکردن لە خۆیی و وەرگرتنی ماف و رێگری لەزۆرداری وستەم،بێگومان جێی خۆشحاڵیە وای دەبینن کە دادگا بوەتە ھۆی مسۆگەر کردنی دادپەروەری ویەکسانی بۆ ھەمووان.
ھەڵبەتە پەنا بردن بۆیاساو تۆمار کردنی سکاڵاو خۆ بەدوور گرتن لەتۆڵەسەندنەوە... خۆی لەخۆیدا ئاماژەیە بۆژیانێکی مۆدێرن و پێشاندانی رویەکی گەشی کۆمەڵگایەکی شارستانی لە ھەرێمی کوردستان.
بەڵام ..لەتەک ھەموو ئەمانەشدا، کورد گوتەنی خوێش بە مەعنا.! 
لەم ھەرێمەی ئێمەدا سکاڵا تۆمار کردن بووە بە باوو دیاردە،باوی دیالۆگ ولێک تێگەیشتن نەماوە.! بۆ بچوکترین کێشە بنکەی پۆلیسی گەڕەک خۆو بگرەھاتم....ھەر لە سەرۆکی ھەرێمەوە تا دەگاتە کارگوزاریک وبێکارێک ودرۆزەکارێک، سکاڵایەک لای بنکەی پۆلیسی گەرەکەکەی تۆماردەکات، رۆژنامە وگوڤارەکانیش وەک ھەنگیان لەدار دۆزیبێتەوەو ئەوەی مەبەستیان بێت وسەرنج ڕاکێش بێت ماڵپەرەکانیان پێ دەڕازێننەوە، سکاڵاکە شێدەکرێتەوە و بە ھەوەسی خۆیان شرۆڤەی دەکەن و وردەکاریەکانی بە مانشێتی زل وقەبە وروژێنەر باس دەکرێن. 
لە ھەمویشی سەیرتر..زۆر جاری لەپر دادگا وئاسایش وپۆلیس سکاڵاکەیان بەبیردا دێتەوە و دوای ماوەیەکی زۆر پێڕاگەیەندراوێک (تبلیغ) بۆ سکاڵا لەسەرکراو دەنێرن،وەی ئەگەر لەکاتی دیاریکراودا ئامادەنەبێت بەتایبەت ئەگە ئاگادارنامەکە سزایی بێت، بەجۆرێک لەجۆرەکان کەسی تومەتبار نەتوانێت لەکاتی یاسایی خۆی دا ئامادەبێت، ئەوا ھێزەکانی پۆلیس یان ئاسایش بەشێوەیەک ھەڵدەکوتنەسەری وپەلاماری سکاڵا لەسەرکراو دەدەن بێگومان (ئەوانەی بێ پشت وپەنان)کارێکی لێ بەسەر دێنن بابەدەواری شڕی نەکردبێت، مەگەر خێرخواو ویژدانی ھەندێکیان بە ھاواریەوە بێت، ئەگەرنا بەسەر وشان شکاندن دەربازببێت ئەوە کۆڵێ قازانجی کردووە، جارجاریش خێرەوەمەندێک دەکەوێتە نێوان سکاڵاکارو سکاڵا لەسەر کراوەوە،لە ئەنجامدا ھێلێکی راست وچەپ بەسەر سکاڵاکاندادێنن وزۆر جار ھەر لەبنکەی پۆلیس دۆسێکە دادەخرێت وتەنھا سەر ئێشەکەی بۆبرایانی بنکەکانی پۆلیس وئاسایش و دادگا دەمێنێتەوە.!
یڕوانن... چۆن دام ودەزگاکانی حکومەتیان بە سکاڵای بێ ماناو بێ سەرو بەرەوە سەرقاڵکردووە.!جاری واھەیە سکاڵاکان ئەوەندە زۆرن لەتواناو تاقەتی پۆلیس وئاسایش ودادگای لێکۆڵینەوەدا نیە.!! خۆ ئەگەر جیاوازی نەکەن زۆر جار زەبروزەنگیش بەکاربێنن لەگەڵ ھەندێکیاندا ناحەقیان ناگیرێت،چونکە لەھەندێ کاتدا تومەتبارەکان بەچەک ڕوبەڕوی ھێزە ئەمنیەکان دەبنەوە.
لەیاسای (اێول المحاکمات الجزائیە ) ساڵی ١٩٧١بەم شێوەیە پێناسەو باسی سکاڵای سزایی کردووەو دەڵێت:- سکاڵای سزایی ... بریتیە لە داواکردن و گرتنەبەری ڕێوشوێنی سزایی لەبەرامبەر ئەنجامدەری تاوان بۆ ئەوەی محاکمە بکرێ وسزا بدرێ،ھەروەھاجوڵاندنی داوا بە سکاڵا (شکوی) دەبێ بە شەفەیی یان نوسراوبێت،پاشان پێشکەش دەکرێ بە دادوەری دادگای لێکۆڵینەوە( قاچی تحقیق) یان لێکۆڵەر( محقق) یان ھەر لێپرسراوێک لە بنکەی پۆلیس، یان ھەر ئەندامێکی( چبگی قچائی )یان بە ھەواڵدان دەبێ بۆ داواکاری گشتی،ھەروەھائەو کەسەی کەبۆی ھەیە داوا بجوڵێنی واتە
داوای سزایی ھەرکەسێک بزانێ تاوانێ ڕویداوە دەتوانێ ھەواڵ بدات و
لەسەر بجوڵێنێ.
لەگەڵ ئەوەی کاری دادگای لێکۆڵینەوە بریتیە لە کۆکردنەوەی بەڵگە دەربارەی ئەو تاوانانەی کە لە سنووری تایبەتمەندیەکانی ئەو دادگایەدا روو دەدەن، بەمەش دەردەکەوێت کە سروشتی دادگای ڵێکۆلینەوە زیاتر لە دەزگایەک دەچێت، چونگە لەم دادگایە بڕیاری کۆتایی لەسەر کێشەکان نادرێت، دوای تەواو بوونی ڕێوشوێنەکانی ڵێکۆلینەوە، ھەر داوایەک بە گوێرەی ماددە یاساییەکەی، ڕەوانەی دادگای تایبەتمەند دەکرێن، بۆ داداگایی کردنی تۆمەتبار.کەواتە کێشەکان وسکاڵاکان بەپێی تایبەتمەندێتی دۆسێەکان ھەڵدەکشێت بۆ دادگاکانیتری نێودادگا.
وە لە سنووری پارێزگاکانی ھەرێم چەندین دادگای ڵێکۆلینەوەی لێیە ، وە چەندین بنکەی پۆلیسی لێیە کە لەژێر سەرپەرشتی دادوەری ڵێکۆلینەوە کاری ڵێکۆلینەوە ئەنجام دەدەن، وە لەناو دادگاش ڵێکۆلەر (محقق) ھەیە.
سەدان نمونەی سەیروسەمەرەی سکاڵاکردن لە ھەرێمەکەمانداڕۆژانە تۆماردەکرێن و بونیان ھەیە بە زۆربەیان لە میدیاکانەوە گوێ بیستیان دەبین وەک:-
جارێک سەرۆک کۆمار سکاڵایی یاسایی تۆمار دەکات و جارێک سەرۆکی ھەرێم و،جارێک سەرنووسەری گۆڤارو ڕۆژنامەکان و جارێک خاوەن تەندەرین و جارێک مامۆستایەکی ئاینی و جارێک نەخۆش لەسەر پزیشک تەنانەت کێ بییەوێت........ھەر کێ بییەوێت دەتوانێت باس لە سکاڵای یاساییی بکات، کە بووەتە بنێشتە خۆشەی زاری خەڵکی،بەڕاستی سەیرە ئەم ھەموو سکاڵایانە تۆماردەکرێت ھیچ کەسێکیش سزای تاوانبارە گەورەکان نابینێ .!! کارەساتەکە لەوەدایە نەمانبینی پلەدارێک پیاو کوژێکی سەربەلایەنێکی سیاسی سەربەدەسەڵات،یا کادرێکی حیزبی، فەرمانبەرێکی باڵا یاخود شارەدارێکی گەندەڵ، ھەرھیچ نەبێت لە بەر ڕێزی دادگاوچەسپاندنی یاسا بە سزای خۆیان بگەن و تاوانبارسزابدرێت وستەم لێکراوو خاوەن موڵکو ماڵەکانیش ئەو ئومێدەیان پێ ببەخشرێت کە لە کوردستان بەڵێ دادگا ھەیەو یاسا لە سەروی ھەموو ھێزێکدایە. 
سەرجەم چین و توێژەکان سکاڵا لەدژ یەکتر تۆمار دەکەن،بەناوی سەروەری یاساو دیموکراسیەتەوە فەوزایەکیان خوڵقاندوە ئەمسەروو ئوسەری دیار نیە.!!
ماوەتەوە بڵێین ھەتا ئەو کاتەی ھەیمەنەی حیزب بوونی ھەبێت دەستێوەردان لەقەزادا بکرێت ویاسا وەک خۆی جێبەجێ نەکرێت، تۆمارکردنی سکاڵا لە دادگاکاندا دژ بەتاوانباران ودزو جەردەومافیاکان ھیچ مانایەکی ئەوتۆ نابەخشێت.! جگەلەوەی دەبێتە حبری سەرکاغەزو لاپەڕەی ڕۆژنامەکانی پێ دەڕازێنرێتەوە.
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
26/01/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
123