وتار
ئەنفال ئەگەرێک بەردەوام لە پێشمانەوە ‌
محه‌مه‌د ره‌ئوف

پرۆسەی ئەنفال کە لە مێژووی کورد گەورترین و بەرفراوانترین پرۆسەی پاکتاوی نەتەوەیی کورد بوو، لە ماوەی زیاتر لە چارەکە سەدەیەکدا تا ئەمرۆش کاریگەریەکانی بە قوڵی لەسەر جەستەی کۆمەڵگەی کوردی ماوەو ئازارەکانی لە ھەناوی تاکی کوردیدا جێھێشتووە، بەڵام ئەم تاوانە ھێندەی گەورەییەکەی کاری لەسەر نەکراووەو نەبۆتە ئەولەویەتی کارلەسەرکردنی بەرپرسانی ھەرێم، ئەگەرچی ئەنفال بۆخۆی ماتریاڵێکی ھێندە گەورەو بەرفراونە کە دەکرێت لە دەیان رەھەندی جیاوازەوە کاری لەسەر بکرێت، ئەم پرسە لە ئێستادا ھیچ بۆنێکی لە ئەجێندای حکومەتی ھەرێمدا نیەو حکومەت لەبری کارلەسەرکردن بۆخۆی پرسەکەی جینۆسایید کردووەو لە مەراسیمی سواو و وتارو بەڵێنی بەکرداردا کورتی کردۆتەوەو لە رابردووشدا زۆرترین ھەنگاوی کارلەسەرکردنی ئەنفال خۆی لە موچەو زەوی و خانوو بۆ کەس و کاری ئەنفالکراواندا بینیوەتەوە کە ئەو پرسە مافی ھەرتاکیکی تری کۆمەڵگەیە، بۆیە ھەر لەسەرەتاوە شێوازی کارلەسەرکردنی کەیسی ئەنفال بە ھەڵە و بە لاواندنەوەو مەراسیمی وتارخوێندنەوەو بەزەییھاتنەوە بە کەسوکارو راکێشانی سۆزی ئەنفالکراواندا خۆی بینیوە.لە کاتێکدا ئەنفال لە دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق و ئەنجومەنی نوێنەران بە جینۆسایدناسێنراو کەیسەکە لەبری بەردەوامی زیاتر و بەدواداچوونی ووردتر لەوێدا وەستێنراو مرێندرا.

ئەوەی لە پرۆسەی ئەنفالدا روویدا تەنھا ھەولێک نەبوو بۆ لەناو بردن و کوشتنی تاکی کوردی، بەڵکو ھەوڵێک بوو بۆ سرینەوەی تەواوی مۆرکی نەتەواویەتی گەلی کورد، بەو پێیەی ئەنفال پرۆسەیەکی پلان بۆ دارێژاوی پێش وەختەبوو، بەوەی  پلانی پێشوەختەی بۆ دارشتبوو پرۆسەکەی دابەشکردبوو بەسەر ( ٨)قۆناغدا و  لە (٦ ) ناوچەی جوگرافیای جیاوازدا ( قۆناغی یەکەم بۆسەر ناوچەی دۆڵی جافایەتی ، قۆناغی دووەم بۆسەرناوچەی قەرەداخ ، قۆناغی سێیەم بۆسەرناوچەی گەرمیان ، قۆناغی چوارەم بوسەر ناوچەی قەڵاسێوکەو دۆڵی زێی بچوک ، قۆناغی پێنج و شەش و حەوت بۆسەر ناوچەکانی شەقڵاوەو رەواندوز، قۆناغی ھەشتەم و کۆتایی بۆسەر ناوچەی بادینان ) سەرجەمی ئەو قۆناغانە لە ٢٣ی شوباتی ١٩٨٨ دەستی پێکردوو لە ٦ ی ئەیلولی ١٩٨٨ پاش روخاندنی ھەموو گوندەکانی کوردستان کۆتایی ھات.

ئەگەرچی پرۆسەی ئەنفال لە شوباتی ١٩٨٨ دەستی پێکرد بەڵام پێشتر رژێمی بەعس پلانی گەورەی بۆ دارشتبوو، دوای ئەوەی لە رۆژی ٢٩/٣/١٩٨٧ بە بریاری ژمارە ١٦٠ عەلی حەسەن مەجید کرایە رازگاری نوسینگەی باکوری حیزبی بەعس، دەستی کرد بە پلاندانا بۆ لەناوبردنی گەلی کورد، ھەربۆیە ٢٠ / ٦ / ١٩٨٧ دا بڕیاری ژمارە ( ٢٨ / ٤٠٠٨ ) دەرکرد کە بەتەواوی پێ لەسەر ئەوە دادەگرێ کە ئیتر سیاسەتی کوشتن و وێران لە دێھاتە قەدەغە کراوەکاندا پیادە دەکرێت ئەم بڕیارەش بە ئیمزای ( عەلی حەسەن مەجید) بەناوی ( قیادە مکتب تنڤیم الشالی ـ مکتب سکرتاریە)وە دەچووە و ئاراستەی فەیلەقەکانی( یەک ، دوو ، پێنج) سوپای عێراقی کراوە لە ناوچەکانی کوردستاندا کە تیایدا تەواوی گوندەکانی بە ناوچەی قەدەغەکراو دایە قەلەم و وەکو ناوچەی شەڕ داینان و  بەتەواوی مرۆڤ و ئاژەڵیان تێدا قەغەکرا ،رێگە بە سوپاش درا ھەرکات بیویستایە بەئازادی تەقەو دەست ڕێژیان لێبکات . لەگەل قەدەغەکردنی ھاتوچۆ بۆ ئەو گوندانە، لە دایین خاڵی بریارەکەدا ھاتبوو کە  مستەشارەکان وھێزی فەوجەکانی بەرگری میللی، جگە لەچەکی قورس دەست بەسەر ھەموو شت و مەکێکدا بگرن ، بۆخۆیان دەبێت. 

     ئەم بەڵگە نامەیە خۆئامادەکردنێکی تەواوی رژێم پیشان دەدات بۆ جێ‌بەجێ کردنی پرۆسەیەکی گەورەی لەناوبردن و جینۆسایدکردن وە ھیچ جیاوازی‌یەک ناکات لەنێوان گوندنشینێک و پێشمەرگەیەکدا ھەموو بە ( مخرب) لە قەڵەم دەدات و بەبێ جیاوازی تەمەن و رەگەز پێویستە لەناو ببرێن .لەسەر بنەڕەتی بڕگەکانی ئەم بەڵگەنامەیە شاڵاوەکانی ئەنفال بەڕێوە چوو .  

لەدوای جێبەجێکردنی پرۆسەکانی ئەنفال تەواوی ئەو کەسانەی کە دەستگیرکران بەسەر گروپەکاندا دابەشکران، گەنجەکان بۆ زیندەبەچاڵ و ژن و مندالەکان بۆ دبس و بەشێکیان لەناوبران و بەشێکیشیان ئازادکران و پیرو پەککەوتەکانیش برانە نوگرە سەلمان و دوای چەندمانگ مانەوە ئازادکران.

کۆی پرۆسەی ئەنفال کە نزیکەی شەش مانگی خایان، بەپلان و بەرنامەی ووردی حیزبی بەعس کراو ھێندە تاوانێکی گەورە بوو کە بەقەد ژمارەی زۆرێک لە دەوڵەتانی دونیا قوربانی و بێسەرو شوێنی لێکەوتەوە، بەڵام ئەنفال لەکاتێکدا بێشەروشوێن کردن و لەناوبردنی سەدان ھەزار مرۆڤی کورد بێت لە ھەمان کاتدا وێران کردنی ھەموو پێداویستیەکانی ژیانی مرۆڤە ، بێگومان لەناوبردنی ھەزاران گوندو شارو شارۆچکەو سوتاندنی سەدان دارستان و ھەزاران ھەزار سەر ئاژەڵە، بۆیە چەند وێرانەیەکی مادیە بەھەمان ئەندازەش وێرانەیەکی مەعنەویە.

       ئەم شاڵاوە بووە ھۆی وێران کردنی نزیکەی (٤)ھەزار گوندو ، (٤)قەزا ، ( ٣٠)ناحی‌یەو ، ( ٣١٠٠)مزگەوت و (١٠٠)کڵێسا , وە لە روی گیان داری‌یەوە بووە ھۆی بەتاڵان بردنی (٢)ملیۆن سەر مەڕو ماڵات و ئاژەڵ ، ئەنفال کارەساتێکی ژینگەیی ئایکۆلۆژی گەورەبوو کەبووە ھۆی شێواندنی رواڵەتی گیانداری‌و رووەکی ناوچەکەو بووە ھۆی لەناوبردنی روبەرێکی فراوان لە باخ و رەزو چەم و چنار کە ھاوسەنگی ژینگە لاسەنگ دەکات . 

    ھەروەک ( د. کەنداڵ نزان ) دەربارەی شاڵاوەکانی ئەنفال دەنوسێ (  لە شاڵاوەکانی ئەنفالدا  ( ٩٠% ) ی گوندەکانی کوردستان و زیاتر لە ( ٢٠ ) شارو شارۆچکە لەسەر نەخشە سڕانەوە , ناوچە گوندنشینەکان بە ( ١٥ ) ملیون مین مین رێژکران , بەم جۆرەش چالاکی کشتوکاڵی لە ناوچانەدا کارێکی ئەستەم بوو  ( ١,٥ ) ملیۆن کوردی گوندنشین بۆ ئۆردوگا زۆرە ملێکان گوێزرانەوە , نزیکەی ( ١٠% ) ی کوردی دانیشتوانی عێراق لە نێوبران )، بەمەش نزیکەی (  ٧٧٢٩  )کم٢ لەروبەری ھەرێمی کوردستانی عێراق توشی شاڵاوەکانی ئەنفال بووە . 

      ھەربۆیە ئەنفال بەتەنھا پلانێک نەبوو بۆ وێران کردنی روکارێک لە روکارەکانی میللەتی کورد ، وەھەڕەشەیەک نەبوو بەتەنھا روولە رەھەندیک لە رەھەندەکانی ژیانی ئابوری و کۆمەڵایەتی و کلتوری گەلی کورد بەڵکو ئەنفال نەخشەو پلانێک بوو کە رژێم بۆ سڕینەوەی مۆرکی نەتەوایەتی کوردو لەناوبردنی  ھەموو شوێنەوارێکی کلتوری و سیاسی و ئابوری کوردستان دای رشتبوو ، وە ھەوڵ دانێک بوو بۆ سڕینەوەی گشت سیماو ماکەکانی میللەتێکی ژێر دەستەو چەوساوە .          

جینۆسایدی ئیزدیەکان لە شەنگالدا
ئەو تاوانە گەورەیەی کە لە ئابی ٢٠١٤ بەرامبەر بە ئیزدیەکانی شەنگال کرا لە زۆر رووە ھاوشێوەی تاوانی ئەنفالە، بەجۆرێک زۆرێک لە چیرۆکەکانی نێو تاوانەکان ھەمان چیرۆکن.

لە رۆژی ٣/٨/٢٠١٤ چەکدارانی داعش ھێرشیان کردە سەر قەزای شەنگال کە زۆرینەی دانیشتوانەکەی کوردی ئیزدین ( قەزای شەنگال لە ناحیەکانی سنونێ + قەیرەوان پێکدێت و ٩٧ گوند لەخۆ دەگرێت و روبەری قەزاکە ٣١٨٨ کم٢ و زیاتر لە ٣٢٠ ھەزار کەسی تیادا دەژین کە زیاتر لە ٨٥%ی کوردی ئێزدین) ئێزدیەکانی ئەو قەزایە رووبەرووی کۆمەڵگوژی و تاوانی گەورە بوونەوە لە  ( کوشتن و سەربرین و ئاوارەبوون و دەستدرێژی و بردنی کچانی ئێزدیەکان)، لە ھێرشی داعش بۆسەر شەنگال بەپێی سەرچاوە نارەسمیەکان زیاتر لە ( ھەزار )کەس کوژراون و ( ٤٠٠٠ ) کچ و ژنی گەنجی ئێزدیەکان براون ، زیاتر لە ٢٠٠ ھەزار کەسیان ئاوارەی چیای شەنگال بوون، نزیکەی ٢٠٠ بۆ ٥٠٠ کەسیش لە پیرو منداڵ لەبرسان و تینیۆتیدا، مردوون، ( چیای شەنگال درێژیەکەی ٧٧کیلۆمەتر چوارگۆشەیەو پانیەکەی ١٣ کیلۆمەترەو بەرزیەکەشی ١٤٦٣ مەترە، لە باکوری رۆژھەلاتی شەنگالەوە بۆ باکوری رۆژئاوای شەنگال درێژ دەبێتەوە )، ئەم دۆخە بۆ ئیزدیەکانی کوردستان تاوانێکی گەورەیەو ھاوشێوەی کارەساتی ئەنفال و جینۆسایدەکانی تری کوردە بەوەی لەلایەک بەھۆی کوردبونیان و لەلایەکیش بەھۆی بیروباروەرکەیانەوە، رووبەرووی ئەو تاوانە گەورەیە بونەتەوە، ( ئێزدیەکان لە جیھاندا زیاتر لە ( ٢ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار) کەسن و زیاتر لە ٨٠٠ ھەزاری لە کوردستان دەژین بەتایبەتیش لە ( شەنگال ، شێخان ، بەحزانی، زومار، قوش ، سیمێل ، خانکێ ) و ( ٥٠٠ ھەزاری ) لە تورکیا دەژین بەتایبەت لە  ( ماردین و سێرت ، ئورفا ، قارس ) و ( ٣٠ ھەزاری ) لە سوریا دەژین بەتایبەتیش لە ( قامیشلۆ، عەفرین  ) ژمارەیەکیشیان لە جۆرجیاو ئەرمینیا و ئەڵمانیا و نەمسا و فەرەنسا و ئەمریکا دەژین. 

  بە درێژایی مێژوو رووبەرووی جینۆساید و کوشتن بونەتەوە بەھۆی بیروباوەرەکەیانەوە، لە ساڵی ١٧٤٣ لەلایەن نادر شای پادشای فارسەکانەوە بریاری کوشتنیان دراووەو لە ساڵی ١٨٧٢ لەلایەن عوسمانیەکانەوە جینۆساید کراون و لە ساڵی ١٩١٥ لە جینۆسایدی تورکەکاندا بەرامبەر بە ئەرمەنیەکان ژمارەیەکی زۆری ئیزیدی لەناوبران و لە ساڵی ١٩٣٥یشدا جارێکی تر بە دەستی سوپای عێراق رووبەرووی کوشتن و لەناوبردن بوونەوەو لە پرۆسەکانی ئەنفالیشدا ژمارەیەکیان لێ ئەنفالکراو وە لە ساڵی ٢٠٠٧یشدا بەھۆی کردەوەی تیرۆرستیەوە بە ھەزارانیان بونە قوربانی .


لە نێوان ئەنفال و شەنگالدا 
ئەگەرچی گەلی کوردستان بەدرێژایی مێژوو روبەرووی دەیان جینۆساید و کوشتن و کۆمەڵکوژی بۆتەوەو بەشێک لە تاوانەکانیش لە فۆرم و شێوەدا ھاوشێوەن و لە یەک دەچن، تاوانی دژ بە ئێزدیەکان لە شەنگال و شیای شەنگال لە رووی فۆرم و شێوەی تاوانەکەوە لە کۆمەڵکوژی دێرسیم ( ١٩٣٧ ) و تاوانی ئەنفال ( ١٩٨٨ ) دەچێت. بەڵام لە نێوان ئەنفال و شەنگالدا خاڵە لێکچوەکان زۆرن و نزیکن لێکەوە لەوانەش :

١-    ھەردوو پرۆسەکە لەژێر پەردەو ناوی ئاینی پیرۆزی ئیسلامدا ئەنجامدراوەو بکەرانی بۆ رەوایەتی بە تاوانەکەیان ئاینی ئیسلامیان کردۆتە بیانوو، لە پرۆسەی ئەنفالدا بەبیانووی کافربوونی گەلی کورد بەعس کوردی ئەنفالکران، ئەویش بۆ رەوایەتی دان بە کۆمەڵکوژی کورد، لە شەنگالیشدا داعش بەبیانی کافربوونی ئێزدیەکان ئەو تاوانەی ئەنجامدا، ھەر وەک لە گوندی کۆچۆی سەربە قەزای شەنگال داعش مۆڵەتی دوو رۆژ دەدەنە ئەو گوندە ئێزدیە بۆ ئەوەی موسڵمان بن و دواتر لە رۆژی ١٦ی ئابدا ٣١٢ پیاوی ئەو گوندە دەکوژن .

٢-    پرۆسەی ئەنفال بۆسەر خەڵکی مەدەنی ئەنجامدراو تیایدا بە ھەزاران ژن و منداڵ ئاوارەبوون و ماڵ و حاڵی خۆیان جێھێشت و لە جێگەی خۆیان ھەڵکەندران، لە شەنگالیشدا بە ھەزاران ژن و مندال ئاوارەبوون .

٣-    مردن لە برسی و تێنوێتیدا، شایەتحاڵێکی ئەنفال دەڵێت لە نوگرەسەلمان زۆرێک لە پیرو پەککەوتەکان لە برسا دەمردن و دواتر سەگ تەرمەکەیانی دەخوار، شایەتحاڵکی دەربازبووی ئێزدیەکان ئاماژە بەوە دەکان کە ئێمە ٢٠٠ کەس بووین زیاتر لە ٢٠ کەسمان لێمردن و سەگ تەرمەکانی دەخوارد.

٤-    دەستدرێژیی کردنە سەر ژنان و کچان لە ھەردوو پرۆسەکەدا، دەربازبوویەکی ئەنفال لە زیندانی تۆپزاوا دەڵێت من بەچاوی خۆم کچێکی جوانم بینی دوای ئەوەی سەربازەکان دەستدرێژیان کردبووە سەری شێت ببو دەیویست خۆی بکوژێت، دواتر بە زنجیر بەستبویانەوە، دەربازبوویەکی شەنگاڵیش دەلێت، سێ کچی ئێزدی دەستدرێژیان کرابوە سەر وەخت بوو شێت ببن داوایان دەکر بیان کوژین، بەڵام نەمانکوشتن بۆیە خۆیان لەسەر چیاکەوە فرێدایە خوارەوە.

٥-    بردن و فرۆشتنی کچان لە نێوان ئەنفال و شەنگالدا دوبارە دەبێتەوە، لە پرۆسەی ئەنفالدا بە سەدان کچی گەنج بران و درانە سەرۆک عەشیرەت و ئەفسەرەکان، لە شەنگالیشدا بە وتەی پەرلەمانتاران زیاتر لە ٥٠٠ کچی ئێزدی لەلایەن داعشەوە براون و فرۆشراون . 

٦-    دیار نەمانی چارەنووسی ژمارەیەکی زۆری ژن  و منداڵ لە ھەردوو پرۆسەی ئەنفال و شەنگالدا .

٧-    بەتاڵانبردن و وێرانکردنی ماڵو حاڵ و سامان لە ئەنفال و شەنگالدا .
15/04/2016
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ