وتار
داواکردنی سەربەخۆیی‌و دڵنیاکردنەوەی بەغدا
فەرید ئەسەسەرد

نیاز وایە شاندێک، کە نوێنەرایەتیی ھەرێم دەکات، بچێ بۆ بەغدا‌و لەوێ مەسەلەی سەربەخۆیی بوروژێنێ. لەڕاستیدا ھیچ شتێک رێگر نیە لەبەردەم ناردنی شاند بۆ بەغدا‌و ھەروەھا ھیچ شتێکیش رێگر نیە لەبەردەم باس کردنی مەسەلەی سەربەخۆیی. لە کوردستان شەقام وا تێگەیەنراوە کە وروژاندنی بابەتەکە لە بەغدا، دەم‌و دەست ئامانجی داواکراو دەپێکێ‌و شاندەکە مژدەی خۆش لەگەڵ خۆیدا دێنێتەوە. بەدڵنیاییەوە، لە بەغدا بە ڕێزێکی زۆرەوە پێشوازێ لە شاندەکە دەکرێ‌و زۆر جوان گوێی لێ دەگیرێ، بەڵام لە کۆتاییدا پێی دەوترێ کە دەستوری پەسندکراوی ساڵی ٢٠٠٥ مافی جیابونەوەی تێدا نیە.
بەکردەوە، دەسەڵاتی راپەڕاندن لە بەغدا ناتوانێ رەزامەندی لەسەر ھیچ ھەنگاوێک نیشان بدا کە ببێ بە مایەی تێکدانی یەکپارچەیی عیراق، لانی کەم لەو روانگەیەوە کە ئەرکی حکومەت پاراستنی یەکپارچەیی وڵاتە. دەسەڵاتی یاسادانانیش ناتوانێ ھیچ یاسایەک بە پێچەوانەی دەستورەوە دەر بکا. بۆیە ئەم مەسەلەیە تا کار بە دەستوری ٢٠٠٥ بکرێ، لە بازنەیەکی بۆشدا دەخولێتەوە، بە ھیچ ئەنجامێک ناگات. لە دۆخێکی وادا مەسەلەکە بۆ ئەوەی رێچکەی خۆی بگرێتە بەر، پێویستی بە ھەموارکردنەوەی دەستورە یاخود پێویستی بە گۆڕینی دەستورە. لە نمونەی سوداندا، سەلماندنی مافی جیابونەوە بۆ باشور پێویستی بە دەستورێکی تازە کرد، ئەویش ئەو دەستورەیە کە ساڵی ٢٠٠٥ جێی دەستوری ساڵی ١٩٩٨ ی گرتەوەو تێیدا دان بە تایبەتمەندیی باشوری سودان نراوە لە ماددەی ٨٢ دا مافی چارەی خۆنوسینی بۆ ھەرێمی باشوری سودان سەلماند.
لە عیراقدا گۆڕین یان ھەموارکردنەوەی دەستور شتێکی مەحاڵ نیە، بەڵام بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە ئامانجی خۆی بپێکێ دوو مەرجی ھەیە. یەکێکیان رەزامەندیی لایەنە سیاسییەکانە لەسەر ھەموارکردنەوە یان گۆڕینی دەستور، کە ئەوە پێش ئەنجامدانی راپرسی لەسەر دەستوری تازە یان لەسەر ماددە ھەموارکراوەکان دەبێ دەستەبەر بکرێ. دووەمیان، گەرەنتی کردنی ئەوەی کە زۆرینەی دەنگدەران لەسەر ئاستی عیراق دەنگی پێ بدەن، بەو جۆرەی کە لە ماددەی ١٣١ دا ھاتووە.
بەڵام بەو چەشنەی کە حکومەتی ھەرێم‌و لایەنە سیاسییەکان دەستیان داوەتێ، بەدڵنیاییەوە پرۆسەکە ئەنجامێکی باش بەدەست ناھێنێ. لەراستیشدا وروژاندنی ئەم بابەتە لەم ھەلومەرجەی ئێستادا، رەنگە لە بەرژەوەندیی ھەوڵەکانی جێبەجێ کردنی ماددەی ١٤٠ دا نەبێ.
بەدڵنیاییەوە، ئەگەر نیازێکی راستەقینە لە پشت وروژاندنی مەسەلەی سەربەخۆییەوە ھەبێ، دەبێ ھەرێم پێداچوونەوەیەکی ریشەیی بە سیاسەتەکانی بەرامبەر بەغدا بکات‌و واز لە سیاسەتی دروست کردنی گرژی لەگەڵ بەغدا بێنێ‌و پەنا بۆ ستراتیجی ئاشتی‌و تەبایی ببا. بەبێ دڵنیابوون لەوەی کە کوردستانی سەربەخۆ دراوسێیەکی باش‌و دۆستی عیراق دەبێ، بەغدا بە ھیچ شێوەیەک نەرمی لەم بارەیەوە نانوێنێ. ھەوڵدان بە قسە بۆ دڵنیاکردنەوەی بەغدا کە کوردستانی سەربەخۆ دۆستێکی دڵسۆزی عیراق دەبێ، کەسی پێ ھەڵناخەڵەتێ. دەبێ ھەرێم بە کردەوە ئەمە بسەلمێنێ. یەکەم ھەنگاویش چاککردنەوەی پەیوەندییە شێواوەکانێتی لەگەڵ بەغدا.
لەم ھەلومەرجەی ئێستادا، ھەندێ لایەنی سیاسەتی ھەرێم بە ئەنقەست سیاسەتێکی وا پیادە دەکەن کە ئاستی گرژی لەگەڵ بەغدا بە بەرزی بھێڵێتەوەو شەقام لە دژی بەغدا بەگشتی‌و ھەندی سیاسەتمەدار بەتایبەتی، لەوانە مالیکی، دەوروژێنن. دەبێ دان بەوەدا بنرێ کە لایەنە بەھێزەکەی عیراق کە شیعەیە، ھێشتا بە گومانەوە دەڕوانێتە سیاسەتە پەیڕەوکراوەکانی ھەندێ لەلایەنە سیاسییەکانی ھەرێم، لەوانە سیاسەتی نزیکبونەوە لە ھەموو نەیارەکانی شیعە لەوانە سوننەکان، تورکیا، سعودیەو قەتەر. ئەمە بەم واتایە دێت کە ئەم سیاسەتە دۆستایەتیی لایەنە بەھێزەکەی عیراقمان لەدەست دەدا، لە کاتێکدا کە لایەنە لاوازەکە کە سوننەیە ھیچی بۆ کورد پێ ناکرێ.
ئەگەر ھەرێم لانی کەم لە دوو بواردا پێداچوونەوە بە سیاسەتەکەیدا بکات، دەتوانێ بنچینەیەکی پتەو بۆ پەیوەندییەکی تەندروست لەگەڵ بەغدا دابنێ. یەکێکیان پێداچونەوەیە بە فایلی نەوت‌و ئەوی تر پێداچونەوەیە بە فایلی پەیوەندی لەگەڵ تورکیا. 
ھێشتنەوەی ئەم دوو کێشەیە بە ھەڵپەسێردراوی، تەگەرەیەکی گەورەیە لەبەردەم چاکبونەوەی پەیوەندی لەگەڵ بەغدا. ئەم دوو مەسەلەیە لە ناوەڕۆکدا تێکھەڵکێشی یەکتر بون بە جۆرێک کە وەک یەک مەسەلە سەیریان دەکرێ.
ھەرێم لە فرۆشتنی نەوتدا پابەندی بڕیارەکانی رێکخراوی ئۆپیک نیەو ھەموو سامانی نەوتی خۆی خستۆتە خزمەتی ئەنکەرەوە کە پەیوەندییەکی گرژی لەگەڵ بەغدادا ھەیەو ئامادە نیە ھێزەکانی لە باشیک بکێشێتەوەو خۆی وەک بە پارێزەری تورکمانە سوننەکان‌و عەرەبە سوننەکانی عیراق دادەنێ. بەغدا بەوپەڕی ھەستیارییەوە دەڕوانێتە پەیوەندییەکانی ھەولێر‌و ئەنکەرە. بەردەوامبونی پەیوەندی لەگەڵ تورکیا، بەو چەشنەی کە ھەولێر دەستی داوەتێ، بەغدا لەوە دڵنیا ناکاتەوە کە کوردستانی سەربەخۆ دراوسێیەکی باش‌و دۆست دەبێ. ئەگەر ھەرێم لەم ھەلومەرجەی ئێستادا پەیوەندییەکی گرژ‌و ناجێگیری لەگەڵ بەغدادا ھەبێ، چی دەستەبەری ئەوە دەکات کە کوردستانی سەربەخۆ دراوسێیەکی باش‌و دۆست دەبێ؟
بژاردەی سەربەخۆیی لە بەغدایە،ھونەری بەدەست ھێنانیشی لەوە دایە کە چۆن بەغدا لەوە دڵنیا بکەینەوە کە کورد دەبێتە دراوسێیەکی باش، ئەویش بە کردەوە نەک بە گوفتار.
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
01/02/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
12
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ