وتار
بۆنی نەوت نەوەکان مەست دەکات
محه‌مه‌د ره‌ئوف

شەڕی نەوەکانی ئەمدیو چیاو ئەمدیو شۆڕش ، ئاراستەی مێژوو لە خەباتی نەتەوەییەوە بۆ خەبات لە پێناو سەرمایەو نەوت دەگۆڕن، ئەو نەوەیەی کە لەسەر سفرەی شۆرشگێری بابایان دەژین و شۆرش لە پێناو نیشتیمان، بە شۆرش لە پێناو نەوت و پارەو کورسی تێدەگەن، ئەوان ئەمرۆ کە چارەنووسی میلەتێکی ماندوو شەکەتیان لەدەستدایە، ئێستا شەری کورسی و بلۆکی نەوت مەستی کردوون، گومانی جدی لەسەر خەبات و مێژووی باباکانیان درووست دەکەن و خەونی ئەوان بە خەون بینین بە نەوت و پارەو کورسیەوە گرێدەدەن.
چارەنووسی نەوت پرسیار لەسەر خەباتی رابردوو درووست دەکات، برینی ناکۆکی و ململانێی شەستەکانی سەدەی رابردوو نوێ دەکاتەوە، دۆخی ئێستای کوردستان لە ئاستێکدایە تەنھا پرسیارێک بەسە بۆ ئەوەی ناکۆکی دەیان ساڵە گۆڕەپانی سیاسی کوردستان سور بکات، تەنھا پرسیارێکی ھەڵۆی ئیبراھیم ئەحمەد لە خوشکەزاکەی کە ( ئایا بەڕاستی ئاگات لە سیاسەت و دۆسییەی نەوتی ھەرێمە ؟ ) ئەمە ئەو پرسیارەیە کە برینی کۆنی دوو بنەماڵەی شەریکی نەوت و پارەو سامانی کوردستانی کولاندەوە، کە تا ئێستا دەربارەکانی ئەم دوو بنەماڵەیە لەسەر ھەموو شتەکان قسەیان کردووەو بەرگریان کردووە، بەڵام ئەمجارە نەوەی باباکان خۆیان ھاتنە قسە، وەڵامدانەوەی رۆژنامەی ھەولێری سەربە پارتی ھێندەی تر گۆمەکەی شڵەقاندو بەروونی وتیان ئیبراھیم ئەحمەدی خەزوری مام جەلال و بابای جێگرەکەی نێچیرڤان بارزانی و باوکی ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد جگە لە بەڵا بۆ بزووتنەوەی سیاسی کوردستان ھیچی دیکە نەبووە، ئەو تەنھا تۆوی دووبەرەکی و تەفرەقەی لە نێو بزووتنەوەی سیاسی کوردستاندا چاندووە.
ئەم دەربرینەی رۆژنامەکەی پارتی گڕی نا بە پشکۆی قینی شاناز ئیبراھیم ئەحمەدەوە کە لە ئێستادا بەیەکێک لە نەیارە سەرسەختەکانی بنەماڵەی بارزانی ناسراوە، بۆیە لە وەڵامێکدا زۆر بەتوندی دەڵێت: ئەگەر ئیبراھیم ئەحمەد نەبوایە نە مەلاو نە مەسعود بارزانی لە مێژووی گەلەکەماندا ناویان نەدەبوو.
گوتاری توندی نەوەکانی ئەو دوو بنەماڵەیە، کە لە پێناو نەوت و دەستگرتنی زیاتر بەسەر کێڵگەی نەوت و داھاتی نەوتە نەک ململانێ و ناکۆکی لەسەر بەرژەوەندی نەتەوەیی و نیشتیمانی و شەڕکردن لەسەر بەدەستھێنانی دەستکەوتی زیاتر بۆ کوردستان، شەڕەکە لەسەر ناھاوسەنگی دەسەڵات و پارەو نەوت و داھاتە، ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت شەری ئەو نەوە چڵێسەیە کە تەنھا ئاشنای ڤێلاو شەوی سور و ئۆتۆمبێلی گرانبەھان، ئەوان ھەمووی زانکۆ گرانبەھاکانی دونیایان تەواو کردووەو ئێستا لەسەر خوێنی شەھیدان و ھەژاران دەژین و ھەریەکەیان خاوەنی دەیان کۆمپانیاو ژمارەی بانکی نێودەوڵەتی و پاسەوان و دەربارو ماستاوچین، ئەوان شەریانە لەسەر دابەشکاری نەوتی ھاڤاناو بای حەسەن و تەقتەق و کۆرمۆر و خۆرمەڵە، ئەوان لە پێناو بەرژەوەندی خۆیاندا مێژووی سیاسی و ئەدەبی ئیبراھیم ئەحمەد نەوتاوی دەکەن و تەمەنی بارزانی بە نەوت دەنوسنەوە، ئێستا شەرەکە لە پێناو ھەیمەنەی بنەماڵەیە، لەھەیمەنەی شۆرشی نەتەوەییەوە بۆ ھەیمەنەی نەوت لە کوردستان، ئەمبەریان لەسەر شاشەو میدیاکانەوە شەر دەکەن و لە ژورە تاریکەکانیشدا سامانی وڵات دابەش دەکەن، خۆیان ئاگایان لە داھاتی نەوت نیەو کورەکانیشیان شەریکی نەوت و داھات و سامانی وڵاتن، ئەمان ژنەکانیان لەبەرەی ئۆپۆزسیۆندان و پیاکانیشیان لەناو حکومەت و دەسەڵات، ئەیانەوێت دەباشان ھاوتای سەری رەش بەبۆنی نەوت مەست بکەن، ئەوبەریشیان لەسەری رەشەوە قوت و سامانی وڵات دەئاخنە بانکە تاریکەکانی رۆژئاواوە، سەربەخۆیی و ئاشبەتاڵ و ئابیان تێکەڵکردووەو بازاری نەتەوەیی بەھاریان گەرمەو لە بازاری رۆم و عەجەمیش نیشتمان و خاک و نەتەوە لە تەنکەرو بۆریە نەوتیەکانیاندایە، بۆنی نەوت مەستی کردون و نەھۆشیان لای شەھیدانەو نە ئازاریان لەگەڵ ئازاری پێشمەرگە.
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
09/02/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1