وتار
جیھانێکی بێ باک و چارەنووسێکی نادیار
ئه‌بوبه‌كر كاروانی

بە سەیرکردنی بارودۆخی جیھان و ناوچەکەمان و سەر‌نجدانی ، ھەست دەکەین لە زۆرلاوە بانزین بە ئاگری نائومێدی و توند و تیژی و خۆکوژی و ترۆر و ھەست بە بێ بەشی و پەراوێزیدا دەکرێت.
عەقڵ و سیاسەت و ھەناسەیەکی مەترسیدار ناوچەکە و تەنانەت لە ئاستێکدا جیھانیش بەرە و بە یەکدادان و بازنەیەکی داخراوی یەکتر بە نەفرەت کردن دەبات. سیاسەت لە چەندین شوێنی دنیادا رووە ناشیرین و دزێوەکەی خۆمان نیشان دەدات . خەریکە لە ھەندێ شوێن و کاتداھاوکێشەیەک دێتە کایەوە کە ئەویش دەڵێت : یان چۆک بۆ خواست و ویست و ھێزی ئێمە دادەدەی ، یاخود پێ خوست دەکرێی، بۆشت ھەیە مردنێکی نائومێدی پێشوەخت ھەڵبژێریت! بۆ سەیر دەکەین لە یەک رۆژدا دڵمان داخ دەبێت بە ڕاپۆرتی رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لەمەڕ لە سێدارەدان و پاکتاوکردن لەڕێ ی ئەشکەنجەی (١٣)ھەزار ھاووڵاتی سوری تەنھا لە یەک زینداندا لە ماوەی (٢٠١١-٢٠١٥)دا !!
لە ھەمان رۆژدا کنیستی ئیسرائیل یاسایەک دەردەکات بەگوێرەی یاساکە جولەکەکانی ئەو وڵاتە دەتوانن دەست بەسەر (٦٥%)ی زەوی و زاری فەلەستینی یەکاندا بگرن .
ئەمریکاش ھەڕەشە لە دەسەڵاتی فەلەستینی دەکات گەر پەنا بەرنەبەر دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی دەسەڵاتەکەیان بە سەردا دەڕوخێنێ. 
بۆرماش دوای ئەو ھەموو وەحشیگەری یە ی سوپای ئەو وڵاتە دژ بە کەمینەی روھینغای موسڵمانی ئەو وڵاتە ئەنجامیداوە..
کەچی ئامادە نی یە ھیچ لێکۆڵینەوەیەک لەو تۆمەتانە بکات کە کۆمیسیۆنی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بارەی ئەشکەنجەدان و لاقەکردنی ئافرەتانی موسڵمان و کوشتنیان ئامادەی کردووە داوای وەڵام لەو وڵاتە دەکات !! ئەمە جگە ھەندی لە بڕیارەکانی (تڕەمپ) و ھەموو ئەوەی لە عێراق و سوریا و تورکیا و وڵاتانی ناوچەکە و پەیوەندی نێوان ئەمریکا و ئیران ڕوودەدات و ئەو شڵەژانەی بە جیھانەوە دیارە .
ھەموو ئەمەش ھۆکاری کوشتنی میانەڕەوی و دیموکراسی و بەیەکەوە ژیان بە تایبەتیش لەم ناوچەدا دادەنرێت و بانگەشەیە بۆ کڵپە سەندنی گڕی ڕق و تۆڵە سەندن ..
بۆیە لەکاتێکدا دنیا و بە تایبەتی ناوچەکەی ئێمە بەرەو توونی توندڕەوی و ڕق و خوێن ڕاپێچ دەکرێت . ھۆشیاری و عەقڵ و کرانەوە و خۆڕاگری دەوێت ، گەلانی ناوچەکە فەزیلەتی میانەڕەوی و پەرۆشیان بۆ ئازادی لە دەست نەدەن، کاتێ بەرگریش دەکەن لە فۆرمی (داعش) و ھاو وێنەکانیدا نەیکەن ، چونکە ھەموو بەرگری یەک لەو فۆرمەدا شاپاداشتی ئەو ھێز و ناوەند و کەسانەیە خێریان بۆ ناوچەکەمان ناوێت . بەڵکو دەیانەوێت بەناوی دژایەتی ترۆرەوە (کە بوونی ترۆر حەقیقەتە) ھەوڵی تیابردنی تواناکانی بدەن و فەوزای تیایدا باڵادەست بکەن .
گرنگە گەلانی ناوچەکە لە ئێستادا لەوە تێبگەن کە میانەڕەوی و ڕێزگرتن لە بەھاکانی ئازادی و دیموکراتی ھەڵقوڵاوی پێویستی واقیعی خۆیان و وڵاتەکانیانە ، بۆ خۆدوور خستنەوە لە داڕوخانی زیاتر و بنیاتنانی بناغەیەکی نوێ بۆ بەیەکەوە ژیان و دادپەروەری و گەشەکردن . ئەمەش ڕێ ناگرێ لەوەی بەرگری لە خۆیان بکەن .
سەبارەت بە کورد بە گشتی و کوردستانی باشوریش دەبێت بۆ دەیان جار وەبیری ھێزەکان و بە تایبەتیش بەشی لە ھێزە بنەڕەتی یەکان بێنینەوە، کە دەستپێشخەری و ھەنگاونان و مشور خۆریتان، بەڵکو پێش ئەوە ھۆشیاربوون بەو واقیعەی ناوچەکە و دنیا ، دەیان پرسیاری لەسەرە.
10/02/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ