وتار
خواحافیز بەغدا!
ئومێد بابان


لەمێژ ساڵە باشووری کوردستان (چەشنی پارچەکانی دیکە) بە زۆر و بێ ویستی خۆی، بە وڵاتێکەوە لکێندراوە کە بەردەوام ستەمی لە ھاونیشتمانییە کوردستانییەکان کردووە و دەستی لە کیمیاباران، کۆمەڵکوژی، ڕاگواستن، سڕینەوەی نەژادی و دەربەدەربوونی نەتەوەیەکی ستەمدیدە نەپاراستووە.
بە درێژایی ئەو ساڵانەی کە باشوورییەکان دەستوپەنجەیان لەگەڵ کاربەدەست و قەڵەمڕەوانی بەغدا نەرم کردووە، ھەمیشە بوونەتە قوربانیی پلە یەکی سیاسەتی شۆڤێنیانە و بەڵێنی درۆی زەبەلاح و پێشێلکردنی ڕێککەوتننامە دوای ئەوی تر لەگەڵ کورد لەم پارچەیەی کوردستانی گەورەدا، کە بەردەوام یان پاشگەز بوونەتەوە لە بەڵێننامەکان، یانیش بە جۆرێک لە جۆرەکان کوردستانیانیان پەراوێز خستووە.
ئێستا کە لای ھەمووان ڕوونە، بەغدا چەند ساڵێکە بە بیانووی جۆراوجۆر، مووچە، بوودجە و بژێویی ھاونیشتمانیانی بڕیوە، چی لەوە لەپێشترە کورد خواحافیزییەکی یەکجارەکی لە بەغدا بکات؟
ماڵئاواییکردن لە بەغدا، پاساوەکەی ھەر ئەوەی سەرەوە نییە، بگرە دەبێ بیر خۆمانی بھێنینەوە کە بە فەرمانی مالیکی و پێش شەڕی تیرۆریستانی داعش، سوپای دیجلە بەرامبەر پێشمەرگە وەستا و لەسەر ھەندێک ناوچەی کوردستانی، لە سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان ڕاسان!
ھەر ئەوە نا، چەند رۆژ لەمەوبەریش، حەشدی شەعبی بە ئەنقەست مۆڵگە و بارەگاکانی ھێزی پێشمەرگەی کوردستانی دایە بەر تۆپ، کە دواجار پێشمەرگە وەڵامی توندی دانەوە، بەڵام ئایا ئەو ھەڵسوکەوتەی حەشدی شەعبی کە ڕاستەوخۆ بەشێکیان سەر بە مالیکین، ھەر وا لەخۆڕا و بێ بەرنامەڕێژی بووە؟
من لەمێژە گوتوومە، کورد دوای ڕیشەکێشکردنی داعش لە عێراق و سووریا، دوور نییە دووچاری شەڕێکی سەخت لەگەڵ ئەو عەرەبە ڕەگەزپەرستانە ببێتەوە کە زۆرێکیان ھێشتا عەڵییەتی لەناوبردن و پاکتاوکردنی کورد لە ئاوەزیاندا جێگیرە و ئەگەر بۆیان بلوێت (کە تەنیا خەونە)، شەلم کوێرم ناپارێزم، مێژووی خۆێناوی و وەحشیگەرانەی بەعسیزم بەسەر تاک بە تاکی کورددا دووپات دەکەنەوە.
کەوایە، پێویست وا دەخوازێت، پێش ھەموو بڕیار و ڕاسپاردەیەک، ئەندامانی کورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بکشێنەوە باشترە، چونکە مانەوەیان لەوێ (بەغدا)، ھەم شەرعییەت بە دەسەڵاتی تاکڕەویی شیعەکان لە عێراق دەدات و ھەم لە ئاست کۆمەڵگای نێودەوڵەتییشدا سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان دەکەوێتە ژێر گومان و پرسیارەوە.
بەوەی کە، ناشێ دووفاقی بە دیپلۆماسییەت و چەندێتی و چۆنیەتیی مامەڵەی قیادەی کوردی لەو پارچەیە دەرھەق بەوانەی لەسەر کورسیی دەسەڵاتن لە بەغدا، ببینرێت.
ھەر لەو سۆنگەیەشەوە، یەکڕیزی، یەکھەڵوێستی و یەکبڕیاری بۆ حزبە سیاسییە کوردستانییەکان پێویستی بە ئیرادە ھەیە، تەنانەت ئەگەر ئەو ئیرادەیەش سازشی لە پێناودا بکرێت، چونکە وادەی ئەوە ھاتووە، ھەمووان بە یەک دەنگ بە بەغدا بڵێین: (خواحافیز دراوسێ).
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
12/02/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
12
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ