وتار
داواکردنی سەربەخۆیی ‌و دڵنیاکردنەوەی بەغدا
فەرید ئەسەسەرد

نیاز وایە شاندێک، کەنوێنەرایەتیی ھەرێم دەکات، بچێ بۆ بەغدا و لەوێ مەسەلەی سەربەخۆیی بوروژێنێ. لەڕاستیدا ھیچ شتێک رێگر نیە لەبەردەم ناردنی شاند بۆ بەغداو ھەروەھا ھیچ شتێکیش رێگر نیە لەبەردەم باس کردنی مەسەلەی سەربەخۆیی. لەکوردستان شەقام وا تێگەیەنراوە کە وروژاندنی بابەتەکە لەبەغدا، دەم ‌و دەست ئامانجی داواکراو دەپێکێ ‌و شاندەکە مژدەی خۆش لەگەڵ خۆیدا دێنێتەوە. بەدڵنیاییەوە، لەبەغدا بەڕێزێکی زۆرەوە پێشوازی لەشاندەکە دەکرێ‌و زۆر جوان گوێی لێ دەگیرێ، بەڵام لەکۆتاییدا پێی دەوترێ کەدەستوری پەسندکراوی ساڵی ٢٠٠٥ مافی جیابونەوەی تێدا نیە. بەکردەوە، دەسەڵاتی راپەڕاندن لەبەغدا ناتوانێ رەزامەندی لەسەر ھیچ ھەنگاوێک نیشان بدا کەببێ بەمایەی تێکدانی یەکپارچەیی عیراق، لانی کەم لەو روانگەیەوە کەئەرکی حکومەت پاراستنی یەکپارچەیی وڵاتە. دەسەڵاتی یاسادانانیش ناتوانێ ھیچ یاسایەک بەپێچەوانەی دەستورەوە دەر بکا. بۆیە ئەم مەسەلەیە تا کار بەدەستوری ٢٠٠٥ بکرێ، لەبازنەیەکی بۆشدا دەخولێتەوە، بەھیچ ئەنجامێک ناگات. لەدۆخێکی وادا مەسەلەکە بۆ ئەوەی رێچکەی خۆی بگرێتە بەر، پێویستی بەھەموار کردنەوەی دەستورە یاخود پێویستی بەگۆڕینی دەستورە. لەنمونەی سوداندا، سەلماندنی مافی جیابونەوە بۆ باشور پێویستی بەدەستورێکی تازە کرد، ئەویش ئەو دەستورەیە کە ساڵی ٢٠٠٥ جێی دەستوری ساڵی ١٩٩٨ی گرتەوەو تێیدا دان بە تایبەتمەندیی باشوری سودان نراو لەماددەی ٨٢دا مافی چارەی خۆنوسینی بۆ ھەرێمی باشوری سودان سەلماند.

لەعیراقدا گۆڕین یان ھەموارکردنەوەی دەستور شتێکی مەحاڵ نیە، بەڵام بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە ئامانجی خۆی بپێکێ دوو مەرجی ھەیە. یەکێکیان رەزامەندیی لایەنە سیاسییەکانە لەسەر ھەموارکردنەوە یان گۆڕینی دەستور، کەئەوە پێش ئەنجامدانی راپرسی لەسەر دەستوری تازە یان لەسەر ماددە ھەموارکراوەکان دەبێ دەستەبەر بکرێ. دووەمیان، گەرەنتی کردنی ئەوەی کەزۆرینەی دەنگدەران لەسەر ئاستی عیراق دەنگی پێ بدەن، بەو جۆرەی کە لەماددەی ١٣١دا ھاتووە.

بەڵام بەو چەشنەی کەحکومەتی ھەرێم ‌و لایەنە سیاسییەکان دەستیان داوەتێ، بەدڵنیاییەوە پرۆسەکە ئەنجامێکی باش بەدەست ناھێنێ. لەڕاستیشدا وروژاندنی ئەم بابەتە لەم ھەلومەرجەی ئێستادا، رەنگە لەبەرژەوەندیی ھەوڵەکانی جێبەجێ کردنی ماددەی ١٤٠دا نەبێ.

بەدڵنیاییەوە، ئەگەر نیازێکی راستەقینە لەپشت وروژاندنی مەسەلەی سەربەخۆییەوە ھەبێ، دەبێ ھەرێم پێداچونەوەیەکی ریشەیی بە سیاسەتەکانی بەرامبەر بەغدا بکات ‌و واز لەسیاسەتی دروست کردنی گرژی لەگەڵ بەغدا بێنێ ‌و پەنا بۆ ستراتیجی ئاشتی ‌و تەبایی ببا. بەبێ دڵنیابوون لەوەی کە کوردستانی سەربەخۆ دراوسێیەکی باش ‌و دۆستی عیراق دەبێ، بەغدا بەھیچ شێوەیەک نەرمی لەم بارەیەوە نانوێنێ. ھەوڵدان بەقسە بۆ دڵنیاکردنەوەی بەغدا کە کوردستانی سەربەخۆ دۆستێکی دڵسۆزی عیراق دەبێ، کەسی پێ ھەڵناخەڵەتێ. دەبێ ھەرێم بەکردەوە ئەمە بسەلمێنێ. یەکەم ھەنگاویش چاککردنەوەی پەیوەندییە شێواوەکانێتی لەگەڵ بەغدا.

لەم ھەلومەرجەی ئێستادا ، ھەندێ لایەنی سیاسیی ھەرێم بە ئەنقەست سیاسەتێکی وا پیادە دەکەن کەئاستی گرژی لەگەڵ بەغدا بە بەرزی دەھێڵێتەوەو شەقام لەدژی بەغدا بەگشتی ‌و ھەندێ سیاسەتمەدار بەتایبەتی، لەوانە مالیکی، دەوروژێنن. دەبێ دان بەوەدا بنرێ کەلایەنە بەھێزەکەی عیراق کەشیعەیە، ھێشتا بەگومانەوە دەڕوانێتە سیاسەتە پەیڕەوکراوەکانی ھەندێ لەلایەنە سیاسییەکانی ھەرێم، لەوانە سیاسەتی نزیکبونەوە لەھەموو نەیارەکانی شیعە لەوانە سوننەکان، تورکیا، سعودیەو قەتەر. ئەمە بەم واتایە دێت کەئەم سیاسەتە دۆستایەتیی لایەنە بەھێزەکەی عیراقمان لەدەست دەدا، لەکاتێکدا کەلایەنە لاوازەکە کەسوننەیە ھیچی بۆ کورد پێ ناکرێ.

ئەگەر ھەرێم لانی کەم لەدوو بواردا پێداچوونەوە بەسیاسەتەکەیدا بکات، دەتوانێ بنچینەیەکی پتەو بۆ پەیوەندییەکی تەندروست لەگەڵ بەغدا دابنێ. یەکێکیان پێداچونەوەیە بەفایلی نەوت ‌و ئەوی تر پێداچونەوەیە بەفایلی پەیوەندی لەگەڵ تورکیا.

ھێشتنەوەی ئەم دوو کێشەیە بە ھەڵپەسێردراوی، تەگەرەیەکی گەورەیە لەبەردەم چاکبونەوەی پەیوەندی لەگەڵ بەغدا. ئەم دوو مەسەلەیە لەناوەڕۆکدا تێکھەڵکێشی یەکتر بون بەجۆرێک کەوەک یەک مەسەلە سەیریان دەکرێ.

ھەرێم لەفرۆشتنی نەوتدا پابەندی بڕیارەکانی رێکخراوی ئۆپیک نیەو ھەموو سامانی نەوتی خۆی خستۆتە خزمەتی ئەنکەرەوە کەپەیوەندییەکی گرژی لەگەڵ بەغدادا ھەیەو ئامادە نیە ھێزەکانی لەباشیک بکێشێتەوەو خۆی بە پارێزەری تورکمانە سوننەکان ‌و عەرەبە سوننەکانی عیراق دادەنێ. بەغدا بەوپەڕی ھەستیارییەوە دەڕوانێتە پەیوەندییەکانی ھەولێرو ئەنکەرە. بەردەوامبونی پەیوەندی لەگەڵ تورکیا، بەو چەشنەی کەھەولێر دەستی داوەتێ، بەغدا لەوە دڵنیا ناکاتەوە کەکوردستانی سەربەخۆ دراوسێیەکی باش ‌و دۆست دەبێ. ئەگەر ھەرێم لەو ھەلومەرجەی ئێستادا پەیوەندییەکی گرژو ناجێگیری لەگەڵ بەغدادا ھەبێ، چی دەستەبەری ئەوە دەکات کەکوردستانی سەربەخۆ دراوسێیەکی باش ‌و دۆست دەبێ؟

بژاردەی سەربەخۆیی لەبەغدایە، ھونەری بەدەست ھێنانیشی لەوە دایە کەچۆن بەغدا لەوە دڵنیا بکەینەوە کەکورد دەبێتە دراوسێیەکی باش، ئەویش بەکردەوە نەک بەگوفتار.
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
12/02/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
12
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ