وتار
چاکسازی وادەکرێت..؟
محه‌مه‌د ره‌ئوف

دیسان دەھۆڵی چاکسازی لە ناو ھەرێمی کوردستاندا دەنگدەداتەوە، ھەرێمێکی گەنیو بە گەندەڵی، بە خوێیەک کە خۆی گەنیو بێت چاکناکرێتەوە، گەندەڵی لە ھەرەمی سەرەوە چڵە پۆپەی کردووە ئەمان دامێنی تیمار دەکەن، ھەرێمێکی داروخاو چۆن بەدەستی روخێنەرەکانی بونیاد دەنێرێتەو، کۆمەڵگەیەکی شێواو چۆن بەدەستی شێوەنەرەکانی درووست دەکرێتەوە، میلەتێکی پڕ لەنا ئومێد چۆن بەدەستی ئومێد بڕەکانی ئومێدی بۆ دەگەرێتەوە.
بریاری چاکسازی لە رێگری لە مافیاکانی نەوت و زەویو زارو قۆرغکاری سیاسی و بردنی پارەی میللەت دەکرێت، نەک لەبرینی موچەی کەمئەندام و نابیناو شاردنەوەی داھاتی کەسو کاری شەھیدان و ئەنفالکراوان، ھاوشێوەی ئەمجارە، بارزانی لە ساڵی ٢٠١١ ەوە تا ئێستا دەیان بریاری چاکسازی دەرکردووە، نە ھیچ لە بریارەکانی جێبەجێکردووەو نە ھیچ بریارێکیشی بەرپرسان و سەری رمی گەندەڵکارانی گرتۆتەوە، لەدوایین بریاریدا بەناوی ھەنگاوەکانی چاکسازی سەرۆکایەتی ھەرێم چەند ھەنگاوێکی کرچ و کاڵ و دوور لە چاکسازی خستۆتە روو، بەو پێیەی ھیچ یەک لە ھەنگاوەکانی دەستی نەبردووە بۆ جەوھەری کێشەکان و گەندەڵیەکان، بارزانی لە کۆبوونەوەی سەرکردایەتی حیزبەکەیدا لە شوباتی ٢٠١٦ رایگەیاندبوو( چاکسازی لە خۆمەوە دەست پێدەکەم) فەرمو دەست پێبکە، سەرەتا لەخۆتەوە دەست پێبکەو سەرەتاش لە کورسیەکەتەوە کە لە ئێستادا ھیچ بنەمایەکی یاسایی و شەرعی نەماوە، لەخۆتەوە دەست پێکە کە پەرلەمان گەورەترین دامەزراوەی شەرعیە پەکتخستووە، حکومەتت روبەرووی شەلەل کردۆتەوە، رێکەوتنی پەنجا ساڵەت لەسەر چارەنووسی ھەرێم کردووە لەگەل تورکیا، پەلکێشی سوپای بێگانەت کردووە بۆناو خاکی ھەرێم، خۆت و نەوەکانت گەورترین مافیا و بازرگانی بەنەوتەوە دەکەن، زۆرینەی خانەوادەکەت قۆرخی سەرمایەو بازرگانی و بازارو زەویو زاری ھەولێرو دھۆک و زاخۆیان کردووە، خۆشت گەورەترین ھاوینەھەوارو مولکی گشتیت داگیرکردووەو کەس ناتوانێت بە دوربینیش سەیری بکات، فەرموون لە خۆتان و دەوروبەرەکەتەوەدەستپێبکەو لە خۆتان بپرسن ( من این لک ھژا )، دەتەوێت بە زیادکردنی باج لەسەر ھاوڵاتیانی موچە براو و زیادکردنی داھات لەسەر خەڵکی رەشو و روت و کەمکردنەوەی خەرجی لەسەر ھاوڵاتیانی داماوی ئەم ھەرێمە بریاری چاکسازی دەرکەیت.
ئێوە لە راپۆرتەکەتاندا باس لە شەفافیەتی داھاتی نەوت دەکەن و خۆشتان دەیان رێکەوتنی نھێنی و شەخسی دەکەن لەسەر نەوت و غازی کوردستان، نە پەرلەمان و نە ھیچ دەزگایەکی کوردستان ئاگای لە رێکەوتنی پەنجا ساڵە نیە لەگەڵ تورکیا، رۆژانە ٦٠٠ ھەزار بەرمیل نەوت رەوانە دەکرێت، پێشتر نرخی بەرمیلیک نەوت تەنھا ٢٦ دۆلار بوو موچەتان کردە چارەک و بە ٤٠ رۆژ جارێک دەدەینە وچە خۆران، ئێستا نرخی بەرمیلیک نەوت نزیکە لە ٥٨ دۆلار کە دوقات زیادی کردووە ئیوە ھەر بەردەوامن لەسەر سیاسەتی خۆتان کە مانگانە دەکاتە زیاتر لە ( یەک ملیار دۆلار ) بەلام نە کەس ئەتوانێت چاودێری داھاتی نەوت بکات و پارەکەشی خۆتان وخوای خۆتان، مانگانە لە بەغداوە ( ١ ترلیۆن و ٢٠٠ ملیار دینار ) دەھات بۆ ھەرێمی کوردستان بەڵام ئیوە بە بیانووی سەربەخۆیی لە کەرتی نەوت داھاتەکەی بەغداشتان بڕی و خۆشتان داھاتی نەوتان شاردەوە. 
ئێوە باس لە کەمکردنەوەی خەرجیە گشتیەکان دەکەن دەڵین خەرجیەکانتان کەمکردۆتەوە، ئایا ئەو خەرجیانە خۆشتانی گرتۆتەوە یان تەنھا بیناو دامەزراوە لاوەکیەکانی گشتی بووە، ئێوە دەڵێن %٤٠ی خەرجی ئۆتۆمبیلتان کەمکردۆتەوە، لەکاتێکدا زیاتر لە ١٠ ھەزار ئۆتۆمبیلی حکومی وفەرمانگەکان لای بەرپرسانن و لەدوای دەوام لەگەل خۆیانی دەبەنەوە بە دامەزراوەی سەرۆکایەتی ھەرێمیشەوە، کەمکردنەوەی ئەو خەرجیانە تەنھا بۆ فەرمانبەران و ھەرەمی خوارەوەیە یان لەخۆشتانەوە دەستان پێکردووە. ئیوە دەنوسن لە خەرجیە گشتیەکاندا لە ٢٠١٣ دا ( ١٨ ترلین و ٧٠٠ ملیار دینار ) بووەو کەمبۆتە لە ٢٠١٦ بۆ ( ٥ ترلیۆن و ٣٤ ملیار دینار )، ئەمە ناونارێ کەمکردنەوەی خەرجی لەبەر ئەوەی ئیوە موچەو بودجەی دامەزراوە گشتیەکانتان بریوە نەک بودجەی سەفەرو ئاھەنگ و مەراسیمەکانی خۆتان چونکە لە ٢٠١٣ دا بری ( ١٠ ملیارو ٤١٦ ملیار دینار ) تەنھا بۆ موچە بووە، بەڵام ئیوە لە ٢٠١٦ دا تەنھا ( ٥ ترلیۆن و ٥٠٠ ملیار دینار)تان داوە بە موچە واتا ئیوە زیاتر لە ( ٥ ترلیۆن ) دینارتان لە موچەخۆران بریوەو بەناوی پاشەکەوتەوە شاردوتانەتەوە، ئەوە کەمکردنەوەی خەرجی نیە ئەوە برینی موچەو قوتی خەڵکیە.
ئێوە دەنوسن خەرجیەکانی کارەباو کرینی گازوایل بۆ وێستگەکانی کارەباتانکردوە بە (سفر )لە کاتێکدا ساڵانی پێشوو لە نێوان ( ٢ بۆ ٣ ) ملیار دۆلار بووە، بەروونی ئەوە کەمکردنەوەی خەرجی کارەبانیە؟ بەلکو کەمکردنەوەی بڕی کارەبایە، ئەو کات ( ١٦ بۆ ٢٠ )سەعات کارەبا ھەبوو، ئێستا ٤-٦ سەعات کارەبا ھەیە، ئەوە کەی چاکسازیە تۆ کارەبا ببڕیت و نەیھێڵی بڵێی خەرجیم کەمکردۆتەوە، چونکە چاکسازی ئەوەیە تۆ خەرجی لە کەرتی کارەبا کەمکەیتەوەو بڕی پێدانی کارەبا زیاد بکەیت، نەک خەرجی کەمکەیتەوەو کارەباش ببڕیت. 
ئێوە باس لە نەھێشتنی زیادە رۆیی دەکەن، لە کاتێکدا کەسە نزیکەکانی خۆت زۆرینەی مولکی گشتی ھەولێریان داگیرکردووەو بەرپرسەکانی حیزبەکەت کەوتونەتە دابەشکردنی و دەستبەسەراگرتنی زۆرینەی زەویەکانی دھۆک و زاخۆ و ئاکری و ھەولێر، خۆشت گەورەترین ھاوینەھەوارت داگیرکردووە، ھیچت لەسەر ئەمانە نەدرکاندووە، ئیوە نەچونە بەلای ئەو ھاوارەی سەرۆکی شارەوانی سلێمانی کە لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنەکانەوە ھاواری کرد کە گرووپێکی مافیا لە سلێمانی دروست بووە و ئەوان مامەڵە بە زەویوزاری ھاووڵاتییان و حکوومەت دەکەن، ئیتر ئیوە نازانرێت دەستان بۆچی کەیسێکی موڵکی گشتی بردووە.؟؟ 
سەبارەت بە چاکسازی لە بواری پێشمەرگە، نازانرێت چۆن ئێوە باسی چاکسازی دەکەین لەو سلکەدا لە کاتێکدا ئیوە وەزیری پێشمەرگەتان دوور خستۆتەوە، ئیتر چۆن باسی چاکسازی دەکەن لەو سلکەدا، بەھەزاران کەسی بندیوارو ناوی وەھمیتان لەو وەزارەتەدا جێکردۆتەوە، بەپێی وتەی ئەندامێکی لێژنەی پێشمەرگەی پەرلەمانی کوردستان ( ٤٣٢ ھەزار ) کەس کە موچە لەسەر وەزارەتی پێشمەرگە وەردەگرن تەنھا ( ٤٢ ھەزار) پێشمەرگەی فیعلی لەسەر وەزارەتی پێشمەرگەن، ئەو وەزارەتە سەرەرای ھاوکاری مادی و لۆجستی و سەربازی نێودەوڵەتی ئێستا ٨٠ ملیار دینار قەرزارە، ئەویش دۆخی خراپی پێشمەرگەیە کە رۆژانە دەیبینین، ئەویش دۆخی پاسەوان و یەکەکانی سەربە خۆتانە لەچی نازو نیعمەتێکدا دەژین و موچەی تەواوەتی وەردەگرن و زۆرینەی لیوای پاسەوانی بەرپرسان لەسەر میلاکی بەغدان و موچەیان کەمنەکراوەتەوەو لەکاتی خۆشیدا دەدرێت. 
ئێوە باس لە چاکسازی لە بواری دەرمان دەکەن کە بە وتەی شارەزایانی پزیشکی ئەوەی لە بازاردایە دەرمان نیە بەڵکو ژەھرەو دەدرێت بە ھاوڵاتیان، خۆشت زۆرباش دەزانیت بازرگانی دەرمان لە ھەرێمی کوردستان لەلایەن دوو بەرپرسی باڵاوە قۆرخ کراوە ئەوانیش ھەردوکیان دوو بەرپرسی گەورەی حیزبین و لەدەوروبەری خۆتن، بەبێ لێپێچینەوە لەوان ھیچ چاکسازیەک لەبواری دەرماندا ناکرێت، کە تۆ بەلایدا نەچووی. 
بەم بریارتەوە تا ئێستا ئەمە پێنجەم ھەنگاوی چاکسازیە کە لەلایەن سەرۆکایەتی ھەرێمەوە بلاو دەکرێتەوە، رۆژ لەدوای رۆژیش گەندەلی فراونتر دەبێت،کە پەیوەندی بە یەک خاڵی زۆر سادەوە ھەیە، ئەویش ئەوەیە، ھەر ھەنگاوێکی بارزانی بەبێ ئەوەی لەخۆیی و نەوەکانی و دەست و دایرەکانیەوە دەست پێ نەکات، ھیچ ھەنگاوێک سەرناگرێ و ئامانج لێی چاکسازی نیە بەڵکو تەنھا بۆ چاوبەستی ھاوڵاتیانەو ھیچی تر.
17/02/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ