وتار
حکومەت و زۆنی سەوزنیلی و ڕۆڵی یەکێتی و گۆڕان
دانا مەنمی
 
کابینە یەک لە دوای یەکەکانی حکومەتی ھەرێم ، ئەوەندەی پەنجەی شکستیان بۆ درێژدەکرێت ، زۆر بە کەمی ستایش دەکرێن ، بەبێ ئەوەی ھیچ حزبێک بەرپرسیارەتی شکستی حکومەتی ھەرێم ھەلبگرێت .
دوای بیست و پێنج ساڵ لە ئەزموونی حوکمڕانیەتی و ئیدارەدان ، کێشەکانی حکومەت لە بواری نەوت و ئاوو کارەبا و کەمی خزمەتگوزارییەکان و لە بواری ڕێگاوبان و پرسی چارەسەرکردنی کێشەکان و چاکسازی بووەتەوە بە بابەتی گەرمی گفتوگۆی ھێزە سیاسییەکان ، ھەڵبەت پاش ئەوەی نەیانتوانی لە حکومەتێکدا کێشەکانیان وەلابنێنن .
پێنج حزب خاوەنی زۆرینەی کورسییەکانی پەڕلەمانی کوردستانن ( پارتی دیموکرات ، یەکێتی نیشتیمانی ، گۆران ، کۆمەڵ ، یەکگرتوو ) دوای ساڵانێک لە ململانێ پێکەوە کابینەی ھەشتەمیان پێکھێنا ، لە ناوەراستی ساڵی ٢٠١٤ ناکۆکییەکانیان تەقییەوە و ئەو حکومەتە تەنیا ساڵێک بە ھاوبەشی مایەوە .
بزوتنەوەی گۆران و پارتی دیموکراتی کوردستان گەیشتنە لووتکەی ناکۆکی و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە پاش دوو ڕێکەوتن لە گەڵ ( پارتی و گۆڕان ) ھیچ ڕۆلێکی نەبینی بۆ ھێورکردنەوەی بارودۆخی نێوانیان ، ھەربۆیە لەلایەک لەگەڵ پارتی ڕێکەوتنی ھەبوو لەسەر گیرفانەکان و ژێرخانی ئابوری ، لەگەل بزوتنەوەی گۆرانیش ڕێکەوتنیکی ٢٥ خالی واژۆ کرد ، چونکە زۆنی سەوز بەتەنھا بە سەوزی نەمابوویەوە رەنگی نیلی -یشی پۆشیبوو ، بەجۆرێک لە کە ئەگەر ژێرخانەکەی بەدەست یەکیتی یەوە بووبێت ، ئەوا سەرخانی کۆمەلگاش بە دەست بزوتنەوەی گۆرانەوە بووەو تەحەکومی پێوە کردووە .


ئامانجی سەرەکی ھەموو حکومەت و دەسەڵاتێک بریتی یە لە بە دیھێنانی خۆشگوزەرانی بۆ سەرجەم ھاوڵاتیان بە بێ جیاوازی ڕەنگ و دەنگ و ئیتنی و نەژادی و فەرھەنگی و ئاینیی ، ئەمەش لە ڕێگەی گەشەسەندن و پەرەپێدانی گشتگیرو ھەمەلایەنانەوە دێتە دی ، کاتێک بە حکومەت دەوترێت باوک، پێویستە حکومەت باوکێکی باش و دادپەروەر بێت بۆ نەوەکانی ، نابێت حکومەت بایەخ بەلایەک بدات و لەسەر حسابی پەراوێزخستنی لایەکەی تر ، ڕژێمی سەدام حسێن بەرامبەر بە گەڵی کوردستان سیاسەتی پەراوێزخستنی جێبەجێ دەکرد ، ئەویش بەوەی لە %٦٠ بۆ ٧٠ ی کارگەو پرۆژە ستراتیژەکانی لە شارەکانی بەغداد و تکریت و ناوچەکانی ژێرنفوزی سوونی بنیات دەنا ، ئەوەش یەکێک بوو لەو ئاریشانەی کە دوای ڕاپەرینە مەزنەکەی بەھاری ١٩٩١ قوورس بوو ژێرخانی ناوچەکوردستانییەکان ببوژێتەوە .
 
پەراوێزخستن جۆو شێوازی جیاواز لە خۆ دەگرێت لە بوارەکانی ( ئابوری و ڕامیاریی و فەرھەنگی و کۆمەڵایەتی ) سیاسەتی پەراوێزخستن بەمانای ڕێگریکردن و پێنەدانی ماف و دەست بەسەردا گرتنی ئیمتیازاتی ھاوڵاتیانی ناوچەیەک دێت ، بەلام پەراوێزخستن لە بواری ئابوریدا خۆاپترین و مەترسیدارترین جۆرەکانی پەاوێزخستنە ، چونکە ھاوسەنگی نامێنیت و جیاکاری لە نێوان دانیشتوانی ناوچەیەک لەبەرامبەر ناوچەیەکی تر دێتە ئاراوە ، ئەویش خۆی لە ھەبوونی وەبەرھێنان و ھەلی کاردا دەبینێتەوە .
سیاسەتی پەراوێزخستن بە ھێزو لایەنێک ئەنجام ئەدرێت کە سەرچاوەی ھێزی ئابوری لە ژێردەستدایە و پارەو سامانی ووڵات لە پێناو بەرژەوەندی و دژ بە نەیارەکانی وەکو ھەرەشەیەک بەکار دەھێنێت ، نەیارەکانیشی ئەوانەن کە ئەمر و نەھییەکانی جێبەجێ ناکەن و بەلی ناکەن بۆ خواست و ئارەزووەکانیان .
حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەماوەی ٢٥ ساڵی حوکمرانیەتیدا نەیتوانیوە حکومەتێکی پلۆرالیزم بێت ، نەیتوانیوە حکومەتی ھەموو رەنگ و دەنگ و سلێمانی و ھەڵەبجەو کۆیە بێت ، نەیتوانیوە حکومەتی زۆنی سەوزنیلی بێت ، ھیندەی حکومەتی زۆنی زەرد بووە ، لەلایەک ئیشکالی ئەم بابەتە دەگەرێتەوە بۆ ئەو عەقڵ و سیاسەتەی کە حوکمرانیەتی زۆنی سەوز-نیلی دەکات ، کە بەرای من ھێندەی لە ھەوڵی دژایەتیکردن و خۆخۆری و ھەولی پاشقولێدانی یەکتردا بوون ، ھێندە لە ھەوڵی ڕایەڵەو بەھێزکردنی پەیوەندییە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی ھەناوی یەکتردا نەبوون ،ھیندە لەھەوڵی قبوڵکردنی جیاوازییەکانی یەکتر و دابەشکردنی بەرپرسیارەتیدا نەبوون بەتایبەت ھەردوو ھێزەکەی کە خۆیان پێ خاوەن و خاوەنداریەتی زۆنی سەوز-نیلی دەکەن .
 
بزوتنەوەی گۆران و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان زادەی ھەناوی ئەم زۆنەو زمان و کلتورو ترادسیۆنەن ، ریشەو کەڵچەری زۆنی سەوز-نیلی لە بواری سیاسی و ئابوری و شۆرشگیری دا ئاوێتەی ھەنگاو بە ھەنگاوی مەفرەزە سەرەتاییەکان و شۆرشی شاخ و شار بووە ، گرنگە ئەم دوو ھێزە خۆیان بنیات بنێنەوەو بە لۆژیکی عەقلانی سیاسەت بکەن و چیتر دەستبەرداری شەڕی میدیای بەرامبەر بە یەکتر ببن ، چونکە ئەو جەنگە میدیایەی کە ئێستا ئامادەگی ھەیە ، ئاسەواری خراپی لەسەر ڕەوشی فسیۆلۆژی و سایکۆلۆژیای زۆنی سەوز-نیلی بەجێ ھێشتووە .
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
18/02/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
12
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ