وتار
‌گفتوگۆیه‌كی دۆستانه‌ له‌گه‌ڵ كاك مه‌لا به‌ختیار
ئاری ھەرسین

نەک ھەر لە زانستە کۆمەڵایەتیەکاندا (کە فاکتۆرە لاوەکیەکان دەوری گرنگ دەبینن لە گۆڕانکاریەکاندا) بەڵکو لە زانستە دەقیقەکانیشدا (وەک بیرکاری و فیزیا) فاکتۆری (ڕیسک) دەشێت کاریگەری گەورە و گرانیان ھەبێت و پێویستە حسابیان بۆ بکرێت. ھەربۆیەش لە م چەند دەیەی ڕابوردودا پسپۆڕان و خەڵکی ئاکادیمیسیەن بە بەردەوام ئیشیان لەسەر (تیۆری ڕیسک) کردوە و مۆدێلی جیاوازیان بۆ ھەژمار کردنی (ڕیسک) داڕشتوە. ئەم مەسەلەیە لە بوارە جیاوازەکانی(بیرکاری،فیزیا،کیمیا،پزیشکی،ئابوری و سیاسی و...تادێت) خەڵکێکی شارەزای بە خۆیەوە مەشغوڵ کردوە.

کە باس لەسەر (ڕیسک) کرا، مانای ئەوەیە ھیچ گەرەنتیەکی سەد لەسەد نیە!... گەرەنتی نیە (نرخی سامانی سروشتی بەرز بێتەوە یان لە جێی خۆی بمێنێت، سبەینێ باران ببارێت، توشبویەک بە نەخۆشی شێرپەنجە چاکبێتەوە... یانیش ئەمشەو لەخەودا جەلتە لێت نەدات)، ھەر وەک چۆن باپیرانی ئێمە ئەم ڕاستیەیان زانیوە بۆیەگوتویانە: مەرج نیە گۆزە ھەمو جارێک بە ساغی لە کانی بگەڕێتەوە.

سیاسەت موفاجەئاتی زۆری تێدایە، سیاسەتمەداری کارامە تەنیا دەتوانێت لەسەر ئەو زانیاریانەی لەبەر دەستیدایە دەرەنجام ھەڵێنجێنێت و بڕیار بدات و، لەو پەڕی مومکینیشا لەوانەیە بتوانێت فاکتۆری ڕیسک بۆ کەمترین ئاست بچوک بکاتەوە، بەڵام ناتوانێت لەناوی بەرێت.

ئەگەر بێمە سەرمەسەلە سەرەکیەکەی ئەم گوتارە، ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان تابلۆیەک نیە تکلیفێکی لە (لێۆناردۆ داڤینچی ) بۆ بکەین عەبقەریانە بینەخشێنێت و بە ھەردوو دەست پێشکەشمانی بکات. سفرەیەکی تێروتەسەل و ڕازاوە نیە بۆمان ڕابخرێت و بڵێن فەرمون نۆشیکەن. دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان پێش ھەر شتێک مافی گەلێکە و کەس نە دەتوانێت و نە بۆشی ھەیە خێری پێ بکات. جگە لەوەش کۆتایی ھێنانە بە تێکھەڵقژانێکی سەدان ساڵە لەم ناوچەیەی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست.
بۆ گەڕانەوە بۆ مەسەلەی گەرەنتی لێرەدا دوو نمونە دەخەینە پێش چاوا:

یەکەم: لە ساڵی ١٩٤٨ بەدواوە کە دەوڵەتی ئیسرائیل دامەزراوە، مەسەلەی دەوڵەتی فەلەستین لە ئارادایە.بە بڕیاری نەتەوە یەکگرتوەکان ( بڕیاری ژمارە ٣٢٣٦ لە ١٩٧٤/١١/٢٢)مافی بوونە دەوڵەت بە فەلەستینیەکان ڕەوا بینرا. لە ١٩٨٨/١١/١٥ ڕێکخراوی (فتح) سەربەخۆیی فەلەستی ڕاگەیاند و ٨٠ وڵات دانیان پێدانا. ئەو نەخشەیەی سەرەوە ژمارەی ئەو وڵاتانەیە کە دانیان بە دەوڵەتەکەدا ناوەو بە ڕەنگی سەوز دیاریکراون. لە ساڵی ٢٠١٥ لە کۆی ١٩٣ وڵاتی ئەندا می ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان ١٣٦ وڵاتیان دانیان بە دەوڵەتە سەربەخۆکەی (فتح) دانا. کەچی فەڵەستین تا ئێستا دەوڵەتێکی سەربەخۆ نیە. کەوابێت ھیچ گەرەنتیەک نیە، تەنانەت ئەگەر وڵاتی گەورەش دانت پێدا بنێن.

دووھەم: لەپاش ڕاگەیاندنی مەبدەئی (گلاسنۆستو پڕێسترۆیکا) لە لایەن سەرۆکی ئەو کاتەی یەکێتی سۆڤیەت (میخایل سێرگەی گارباچیۆڤ) لێشاوێکی لێکترازان لەناو بەرەی وڵاتانی سۆسیالیستی دەستی پێکرد، کە لەوانەیە لە ھەمویان جالبتر (لە سەرێکیشەوە تراژیدیاتر) پارچە پارچە بونی یۆگۆسلاڤیا بوو. کەچی لەبەر ئەوەی ئاگرەکە لە ئەوروپابوو، ھەر ھەمو ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتوەکان و تەنانەت زلھێزەکانیش ھاتنە سەر خەت و یۆگۆسلاڤیایەکی یەکگرتویان ئاوا لێکرد کە لە نەخشەی دووھەمدا ھاتوە (لە بڕیاری ٧١٣ ساڵی ١٩٩١ بەدواوەی ڕێکخراوی ‌
نەتەوە یەکگرتوەکان).

لە حاڵەتی یەکەمدا کێشەکە لە نێوان جولەکەو عەرەبدابوو، ئەوەی دوھەمیش فەوزایەک بوو لە نێوان چەند نەتەوەو ئاینی جیاوازدا کە تەنانەت کردەوەی قێزەوەنی جینۆسایدی تیا ئەنجام درا.ئیتر گەرەنتی چیە؟!
مامۆستای بلیمەت و بەھەشتی (مەسعود محەمەد) واتەنی ئێمەی کورد ھەمیشە بە شەرمەوە باسی مافی سەربەخۆی کوردستانمان کردوە بۆ ئەوەی نەتەوەی سەردەست لێمان زویر نەبن، وەک ئەوەی سەربەخۆیی شەرم و شورەیی و ئابڕوچوون بێت!.. . تەنانەت ھەتا ئێستاش ھەندێک لایەنی سیاسی بەڕێز وشەی (دەوڵەتی سەربەخۆیان) ئەوەندە لەسەر زمان قورسە باس لە (مافی چارەی خۆنوسین) دەکەن، ئەو دروشمەی کە وەک لاستیک وایەو دەمێک حوکمی زاتیە، دەمێک فیدرالی و چی و چی.

بگەڕێمەوە سەر مەسەلەی. فەلەستین، نەبونی فەلەستین بە دەوڵەت ‌خەتای ئیسرائیل نیە بەقەدەر ئەوەی خەتای پەرت وپەرەوازەیی وچەند بەرەکی عارەبە. بە دڵنیاییەوەفاکتەری دەرەکی دەور دەبینێت لە ڕاگەیاندنی سەربەخۆییدا، بەڵام فاکتەری بڕیاردەر ئەوەی ناوخۆیە و ئیرادەی گەلی کوردستانە. خوێنبایی ئەو ھەمو شەھید و بریندارو ئەنفال و ماڵوێرانی و ئاوارەییە.

لە ئێستادا سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بە زمانێکی سادە دەڵێت: یەکڕیزبن با دەوڵەت ڕابگەیەنین. ئیتر باسی ئەو ھەمو پەیوەندیە دیپلۆماسیەو، لۆبیکردنە بەرفراوانە ناکەم کە بەڕێزیان لە مەیدانی سیاسەتی نێودەوڵەتیدا پێوەی مەشغوڵە بۆ ئەو مەبدەئە پیرۆزە. ھەر کەس و لایەنێک چۆن بەدەنگ ئەم پەیامەی بارزانیاوە دەچێت ئازادە،‌ بەڵام دەبێت حساب بۆ بەرپرسیارێتی لە بەرامبەر مێژوودا بکات، ھیچ گەرەنتیەکی سەد لە سەدیش نیە.

ئاری محەمەد ھەرسین
٢٠١٧/٢/١٩

تێبینی:
ئەم گوتارە سەرنج و تێبینیەکانی بەندەیە لەسەر قسەکانی برای بەڕێزم کاک مەلا بەختیار کە لە ١٨ ئەم مانگەدا لە گەڵ ئاژانسی ئانادۆڵ لەسەر نەبونی گەرەنتی پشتیوانیکردن یان نەکردنی وڵاتانی زلھێز بۆ دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان کە باسیان لێوە کردبو.ھیچ گومانیشم لەوە نیە بەڕێزیان بۆ چرکەیەکیش دوودڵ بێت لە مەسەلەی سەربەخۆییدا، بەڵام بۆچونی جیاواز لەسەر شتەکان ئاساییە و واریدە.یمی
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
20/02/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ