وتار
یەکێتی و یەکبوونی کورد لە خاک و زمان و مێژووەکەیدایە .
دانا مەنمی

ھەرگیز حەز ناکەم کەسێک بە نووسینەکانمەوە بشڵەژێ، یان خەمۆکی ھەراسانی بکا یاخود پەنا بباتە بەر شەڕی ئەعساب، بەتایبەتی ھاونیشتمان و ھاونەتەوەی خۆم ، ئامادەشم ئەگەر ھەڵە بم دەرھەق ھەر یەکێک سەری بۆ دانەوێنم، چونکە لە خوێنی خۆمە، ھاوزمانین ،یەک نەژادو کلتورو فەرھەنگین .
خۆئەگەرنا بزانم جاش قەلەمێک لە خیانەتکاری لەگەڵ میللەتی کوردا، ناوەستێت و ئاوێ لە ئاوەڕۆ دەردەکا، ئاو بە ئاشی دوژمندا دەکات ، پێنووسەکەم چیی بە عەرەب وشۆڤێنیستەکان دەکاو کردوویەتی ، ئەوا دووھەندە لەگەڵ جاش قەڵەمە کوردەکە دێتە گۆ و ھەر وشەیەکم دەبیت بە چەقڵ و بەرد.! 
ھیچ پارتێکی سیاسی لە کوردستان بە تەنھا خاوەنداریەتی خاک و نیشتیمان و میللەت ناکات ، کەوایە کەسیش بە تەنھا خاوەنی شەھیدو خەبات و تێکۆشان نییە ، ھەموو ھێزە کوردییەکان بە عەلمانی و ئیسلامییەوە ، بە راست و چەپەوە ، خاوەنی خەبات و تێکۆشانن بەڵام لەبەرامبەر میللەتدا کەمینەن ، کەوایە لە دژی لایەنێک ،پەلامارو سوکایەتی بە خاک و نیشتیمان و شەھید و پێشمەرگە مەکەن ، چونکە ئەوانە سەرمایەی ڕەمزی و مەعنەوی میلەتن !!

زۆر حزبی تر خۆیان پێ خاوەنی شەھیدەو بە خۆیان دەڵێن " حزبی شەھیدان " ھەیشە خۆی بە خاوەنی " مافی چارەی خۆنوسین " دەزانێت و چاوەڕێی سفرەی حازر دەکات ! تێکۆشان لە پێناو بە دەستھێنانی مافە ڕەواکانی میلەتی کوردو ھەنگاونان بەرەو سەربەخۆی سیاسی ، نەپێویستی بەشەرمە نەنەگیشە ، نەبە فەرمووی ھیچ کە س و حزبێک ، دەرگا ئاوەڵایەو دەستی کەس نەگیراوە کێ ئەسپی خۆی تاو ئەدات ،ئەوە ئەرزو گەز، مێژووبە شکۆدارییەوە ئەم ڕۆژانە تۆمار دەکات .

ئەو ئەزمونەی لە کوردستان ھەمانەو بیست وپێنج ساڵە لە ژێر سیبەری حوکمڕانیەتی خۆماڵیداین ، بەباش و خراپیەوە ، بۆن و ناسنامەو سیمای کوردبوونی پێوە دیارە ، ناحەزانی کوردیش سەنگەری دژایەتی ئەو سیماو ناسنامە قەومیەیان گرتووە کە ھەڵگری ڕۆح و ئاوێتە بوونی کوردایەتی و کوردبوونە .
پێویستە ھەموومان پارێزگاری لە قەزیەی کوردی بکەین و مەزنتری بکەین و ھێواش ھێواش میلەتەکەمان بگوازینەوە بۆ نەتەوەو نەتەوایەتی لە ڕووی یاسایی و دەستورییەوە بنیات بنێین و دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان دابمەزرێنین ، باچیتر دەستبەرداری ھێلانەی جاشایەتی و بەشێک نەبین لە پلان و سیناریۆو بەرژەوەندی وڵاتان ، بەڵکو لە چاوی بەرژەوەندی میلەتەکەمانەوە پەیوەندی و ھەماھەنگی دیپلۆماسی ببەستین لەگەڵ جیران و دۆستەکانمان لە ئەوروپا و ئەمریکاو کەنداوی عەرەبی .
یەکێتی و یەکبونی کوردستان ، لە یەکێتی خاکەکەیدایە ، لە یەکێتی زمانەکەیدایە ، لە یەکێتی مێژووەکەیدایە ، لە یەکێتی فەرھەنگ و کلتورو ترادسیۆنی کوردایەتیدایە ، دواجار لە یەکێتی ئیرادەو کۆدەنگی و یەکریزی نیشتیمانیدایە ، کەوایە ئێمە خاوەنی ھەموو پێکھاتەکانی فاکتەری ھێزی نەتەوایەتین .
خۆئەگەر ئەم فاکتەرانەی ھێزی نەتەوایەتیمان یەک نەبوو ، ئیرادەو یەکێتی و یەکبوون لە نێوان ھێزو گروپ و پارتە سیاسییەکاندا نەبوو ، مومکین نییە ، دەرفەتەکان لەدەست بدەین و جارێکی تر دەرفەتی وازێڕین و حازرو بزر نایەتەوە بەردەستمان ، گرنگە دەرفەت نەدۆزینەوە بۆ بڕوبیانوی سیاسی وشوناسی یەکترمان قبول بێت ، ھەموومان لە چوارچێوەی نەتەوایەتیدا بەرپرسیارەتیمان لەسەر شانە و خۆمان لە بەرپرسیارەتی نەدزینەوە .

ھیچ دەرفەتێک وەکو دەرفەتی ڕێکخستنی زەمینەسازی نێوماڵی کورد نییە بۆ پرسی سەربەخۆی کوردستان ، چونکە ھێزی رەمزی و مەعنەوی و ئیرادەی میللەت ئەبەخشێتە مەشروعی سەربەخۆی و ووردبینانەتر ، عەقلانیتر ، حەکیمانەتر ، بڕیار ئەدرێت و بەرپرسیارەتیش لە ئەستۆی ھەمواندا دەبێت ، دواجاریش زیانی بۆ پەزەکان نابێت ، مەسەلەکە ووردو درشتی (معلوم من الدین بالچرورە) واتە ڕۆشنە ،بەڵگەنەویستە ، سوێندی ناوێت .
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
22/02/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
12
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ