وتار
یەکێتی و گۆڕان یەکدەگرنەوە؟
سلێمان عه‌بدوڵڵا

بەسەرنجدان لەواقعی جێنفوز و خواستی بنکە جەماوەریەکەیان و کاریگەرییەکانی ماتریالیزمی مێژوو، ئەوا یەکگرتنەوەی یەکێتی و گۆڕان کارێکی لۆژیکی و ئاسانە. بەپێچەوانەشەوە، بەتێگەیشن لەخواست و ئیرادە و بەرژەوەندییەکانی سەرکردایەتیەکانیان، ئەم پڕۆسەیە ئەستەم و ئاڵۆزە!

بۆئەوەی ئەم دوو ھێزە یەکبگرنەوە یان ھاوپەیمانبن، پێویستە ئەوان پێش ئەم ھەنگاوە، بتوانن خۆیان لەناو خۆیاندا یەکبگرنەوە و ھاوپەیمانبن و ئەم دۆخە لۆکاڵیە دژوارانەی ناوخۆیان ڕەت بدەن، کە بەسەر گروپگەل و باڵ و ئاراستەی جیاوازدا دابەشیکردوون!

دوو گرفتی ڕاستەقینە لەبەردەم یەکگرتنەوەی یەکێتی و گۆڕان ئامادەگی بەرچاویان ھەیە کە ئەم دوو گرفتە فیفتی بەفیفتی بەسەر ئەو دوو ھێزەدا دابەشبوون.

گرفتی لای گۆڕان پەیوەندیدارە بەخەیاڵێکی سیاسی بێھودەوە و لەم پێناوەشدا ھەرچی دەکات نازانێت چۆن خواشی ھەبێت و خورماش! ھەرچی گرفتی یەکێتیشە، پەیوەندیدارە بەیەکلایی نەبوونەوەی دۆخی ناوخۆی، چونکە ھەریەکێک لەئاراستە جیاوازەکان، خوازیاری سەرکەوتنی یەکجارەکییە بەسەر ئەوی تریاندا کە ئەمەش وەک ئەوە وایە، بەنۆبەت حەکایەتی مێش بۆ یەکتری بکەن!

بۆئەوەی یەکێتی و گۆڕان یەکبگرنەوە، دەبێت گۆڕان لەپێناو خەڵکدا خودا ھەڵبژێرێت و لەپێناو سلێمانیشدا دەستبەرداری خورما بێت. باڵەکانی یەکێتیش ھەرنەبێت لەبەر حورمەتی خوێنی شەھیدان و شکۆمەندی مام جەلال، دەست لە حەکایەتی مێش ھەڵبگرن و بیر لەڕیوایەتێکی مومکین بکەنەوە. ڕیوایەتێک کە بۆخۆیان سەرەتای ھەبێت و بۆ خەڵکیش کۆتایی!
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
21/04/2016
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ