وتار
ئایا کەس ھەیە لە "پەنجە مۆر" دەربازبێت ؟
پارێزەر: لوقمان مصطفی

پەنجە مۆر کە ئێستا لە جیھاندا لە ھەموو مامەڵەیەکی کارگێڕی و یاساییدا بەکاردەھێنرێت و لە زۆرینەی کارە ئیدارییەکاندا سوودی لێوەردەگیرێت، ھەروەھا لە کاری ڕۆژانەشماندا بەکار دەھێنرێت وەک سیستەمی پاراستن و تەنانەت بە ھۆکارێکی سەرەکی دۆزینەوە تاوانبارانیش دادەنرێت، لە ھەمان کاتدا چەندین زانیاری لەبارەی پەنجە مۆرەوە ھەن کە سەرنجڕاکێشن و لەوانەیە تا ئێستا زۆر بەمان بەشێوەیەکی باش زانیاری تەواومان لەسەری نەبێت و نەمان زانیبێت چ سحرێک لە دوتوێی ئەوسەرەپەنجانەماندا ھەبێت. زانایان وپسپۆڕانی ئەم بوارە دەڵێن:-
١- جێ پەنجە بە چەند ساتێک لە دوای لە دایکبوونی مرۆڤەوە جێگیر دەبێت و تا مردن گۆڕانکاری بەسەردا نایەت.
٢- ئەگەری لەیەکچوون و ھاوشێوەی جێ پەنجە زۆر زۆر کەمە و زانایان دەڵێن لە ٤٦ ملیارد مرۆڤدا ئەگەری یەک جێ پەنجەی وەک یەک ھەیە، واتە ئێستا چل ملیارد کەس بۆ ژمارەی دانیشتوانی زیاد بکرێت ئینجا ئەگەری دووبارەبوونەوەی ھەیە.
٣- جێ پەنجەی ھیچ دەستێک لە ھی دەستەکەی تر ناچێت بۆیە زۆرجار لە ھەموو پەنجەکان پەنجەمۆر وەردەگیرێت.
٤- جێی پەنجەی دەست لە جێی پەنجە پێیەکان بە تەواوەتی جیاوازە
٥- بۆ یەکەمجار لە لایەن چینییەکانەوە بە حەوت ھەزار ساڵ بەر لە زایین بۆ ناسینەوەی ئەو گۆزانەی کە دروستیان دەکرد بەکاردەھات.
٦- جۆرە ناتەواویەکی جینی ھەیە کە وا لە ھەندێک کەس دەکات کە خاوەنی جێ پەنجە نەبن و لە ڕاپەڕاندنی مامەڵە و سەفەرکردندا تووشی کێشە دەبن.
٧- بە ھەندێک رێکاری سادە تەنانەت دەتوانرێت جێ پەنجەی بەر لە دە ساڵ بناسرێتەوە.
٨- جێ پەنجە لە کلتورە جیاوازەکاندا بۆ بەخت خوێندنەوە بەکار ھاتووە و ئێستا بە شێوەیەکی زانستی خوێندنەوە بۆ جۆری کەسایەتی مرۆڤ لەڕرێی جێ پەنجەوە دەکڕێت.
٩- تا ساڵی ١٩٤١ جێ پەنجە و پەنجەمۆر وەک بەڵگەیەکی یاسایی لە دادگاکاندا سەیر نەدەکران.
ھەرەوەھا زانایان پێیان وایە کە پەنجەمۆری ھیچ کەسێک لە کەسێکی تر ناچێت ، وە ھەمان کەس پەنجەمۆری ھیچ پەنجەیەکی لە پەنجەکانی تری ناچێت ، واتە ھەر مرۆڤێک ٢٠ پەنجەمۆری جیاوازی ھەیە ، ھەربۆیە لەکاتی تاواندا (بێمە)ی ھەردەپەنجەی دەستەکانی وەردەگیرێت. 
پەنجەمۆری کەسەکان بەتێپەڕبونی کات ناگۆڕێت ، ھەرچەندەکەسەکان گەورەببن تەنھا کەمێک جێ پەنجەکایان گەورەدەبێت بەڵام نەخشەی پەنجەیان ھیچ گۆڕانکارییەک تیایدا ڕونادات ، بۆیە ئەگەر کەسێک لەتەمەنی منداڵی تاوانێک بکات چەندین ساڵی بەسەردا تێپەڕببێت دەکرێت لەڕێی پەنجەمۆرەوە بدۆزرێتەوە، بەڵام پەنجەمۆربەھۆی سوتانی دەرەجە سێ لەناو دەچێت. 
تەنانەت دووانەکانیش پەنجەمۆریان جیاوازە و لێک ناچێت و بە رێگەی تایبەت دەتوانرێت لەیەکتر جیا بکرێنەوە، بۆیە وڵاتانی ھەوڵ دەدەن کە پەنجەمۆری تاوانباران تۆمار بکەن بۆ ناسینەوەیان لە رێگەی ئەو شوێنەوارەی لەسەر تاوانەکانیان لە داھاتوو جێی دێڵن کە رەنگە دەیان ساڵ بمێنێتەوە، بۆیە پرسیارەکە ئەوەیە کە بەتێپەڕبوونی کات و بەتەمەنداچوون ئاخۆ پەنجەمۆر گۆڕانکاری بەسەردا دێت؟.
شارەزایان پێیان وایە کە پەنجەمۆری مرۆڤ لە ماوەی سێمانگی یەکەمی تەمەنی کۆرپەلە پێک دێت و لەگەڵ گەشەی لەش ئەویش گەشە دەکات، بەڵام شێوەی ناگۆڕێت، ئەگەرچی رەنگە تووشی شێوان بێتەوە بەھۆی بریندارکردن و سوین و سووتاندن.
لە راستیدا ئەو گۆڕانکارییانە کاتین و لە شێوەی پەنجەمۆر ناگۆڕن، چونکە پەنجەی مرۆڤ شێوەی خۆی وەردەگرێتەوە ئەو کاتەی پێست لە رێگەی خانەکانییەوە خۆی نوێ دەکاتەوە لە ماوەی تەنیا چەند مانگێکدا.
رەنگە ھەندێک بۆچوونیان جیاواز بێت بەوەی کە پەنجەمۆر لەگەڵ بەتەمەنداچوون گۆڕانی بەسەردا دێت و بەڵگەشیان بۆ ئەوە ئەوەیە کە پەنجەمۆری کەسانی بەتەمەن نا روون و نارێکە، کەچی راستییەکەی ئەوەیە کە پەنجەمۆری ئەوانیش ناگۆڕێت، بەڵام ئەوەی رووی داوە کە کەمی نەرمی پێستیان و زبربوونی وای کردووە کە ھێڵەکانی رووی پەنجە سەتوورتر بن و بەسەختتر بێنە پشکنین. 
بەکارھێنانی مەرەکەبیش تەنیا بۆ دیاری کردنی شوێنی پەنجەمۆرە ، ئەگەرنا بەبێ مەرەکەبیش جێ پەنجەی مرۆڤ لەسەر کاغەز و شتەکان بەجێ دەمێنێت ، بەڵام بۆھۆی ئامێری پێشکەوتووەوە دەدۆزرێتەوە 
بۆنمونە تۆ تاقەتت نیە ھەمو جارێک پاسۆردی ئەپڵ ئایدی داخل بکەی بۆ ئەوەی بەرنامە داونلۆد کەیت.
بەڵام وەرە بیکە بە پەنجە مۆر لە جیاتی پاسورد ئەم کردارش تەنھا بۆ ئەو دیڤەیسانە ئەبێت کە پەنجەمۆریان ھەیە مەبەستم بۆ نمونە مۆبایلە ئایفۆنە.
زانایان دەڵێن پێناسی مرۆڤـ لەمۆری سەری پەنجەکانیدایە، ھەر بۆیە تەرکیزکردن لە سەر مۆری پەنجەکان مانایەکی زۆر تایبەتی ھەیە، چونکە سەری پەنجەی ھەموو مرۆڤێک بێوێنەیە و تەنھا تایبەتە بە خۆیەوە. ھەموو کەسێک کە لە ژیاندایە یان مردووە، کۆمەڵەیەکی جیاکراوەی مۆری سەری پەنجەکانیان ھەیە. 
ئەمەیە وادەکات مۆری سەری پەنجەکان بەڵگەیەکی قەبەوپەسەندکراو بێت لەسەر کەسێتی خاوەنەکەی، بەڵام لایەنی گرنگ ئەوەیە بابەتی مۆرەکان تا (سەدەی ١٩) ئاشکرا نەکرابوو... پێش ئەوە خەڵک سەیری مۆری سەری پەنجەکانیان دەکرد تەنھا وەک ئەوەی ژمارەیەک ھێڵی ئاسایین و ھیچ مانایەک یان گرنگیەکیان نییە. 
بەڵام لە زانست وزانیاری نوێی ئێستادا دەوڵەتە پێش کەوتوەکان بۆ ڕێگرتن لە تاوان وبەتایبەتیش کۆچبەرانی نایاسایی بەتەواوەتی پشتیان بەستوە بە شیکاری پەنجەمۆر.ھەر بۆیە وەزارەتی کۆچی ئوسترالیا بەنیازە لەساڵی ٢٠٢٠ـەوە سیستمی ناسینەوەی روخسار لەفڕۆکەخانەکان جێگیر بکات بۆ کۆنترۆڵکردنی باری ئەمنی و بەرگرتن لەکۆچی نایاسایی.
 بەپێی ئەو پێشکەوتنە تەکنەلۆجیانەی کە وردە وردە وڵاتان پشتی پێدەبەستن، رەنگە چەند ساڵێکی تر پاسپۆرت ببێتە شتێکی کلاسیکی، ئیتر پشتی پێنابەسترێت.
 لە ئێستادا وەزارەتی کۆچی ئوسترالیا بڕیاریداوە لەساڵی ٢٠٢٠ـەوە سیستمی ئەلیکترۆنی ناسینەوەی روخسارو پەنجەمۆری گەشتیاران لەفڕۆکەخانەو دەروازە سنورییەکان دەخاتەگەڕ، ئامانجیش لەو کارە کۆنترۆڵکردنی باری ئەمنی و رێگرتنە لەکۆچی نایاسایی بەرەو ئەو وڵاتە.
بەپێی زانیارییەکان، ئەو سیستمەی لەئوسترالیا بەگەڕدەخرێت، سیستمێکی خۆکارە، ٩٠%ی کارەکانی بەشێوەی ئۆتۆماتیکی بەڕێوەدەچن و مرۆڤ دەستی تێوەرنادات، وەک تاقیکردنەوەیەکیشە بۆ ئەوەی لەوڵاتانی تریش بخرێتەگەر.
لەگەڵ ئەم ھەموو زانست وزانیاریانەی سەردەمدا کە ھەموو دەوڵەتە پێش کەوتوەکانی دونیا بە عێراق وکوردستانیشەوە کاری پێدەکەن،بە مەبەستی ڕێگرتن لە ھەمووکارێکی نایاسایی بەتایبەتیش کارە تاوانکاریەکان کە ژیانی تاک و کۆمەڵگا بە گشتی دەخاتە مەترسیەوە،بەڵام تائێستاش دزو گەندەڵکارو تاوانبارە ڕاھاتوەکان ومافیاکانی ھەرێم، کرداری ناسینەوەی پەنجەمۆر لە ئاستیان دەستەوەستانە، ئەوەش بە ھۆی بەکارھێنانی فرت وفێڵ وتەڵەکەبازیەوە،بەھۆی توشکردن وفریودانی کوڕەفەقیرو ھەژارەوە، پاشانیش توند کردنیان لە کونجی زیندان، بۆ خۆیشیان ھەمیشە لە پشتی کەوالیسەوەن وگەر تینیشیان بۆ بێت وەک بەرزەکی بانان بۆی دەردەچن، چونکە وەک زانراوە کەس لە کرداری ناسینەوەی پەنجە مۆر قوتار نابێت ،بەڵام ئەمان زۆر زەحمەت دەکەونە بەر مەترسی ناسینەوەی پەنجەمۆر.!! چونکە لەم بوارەشدا  پسپۆرایەتیەکی تەواویان ھەیە،بۆیە کەشف بونیان مەحاڵە،تامەقاش ھەبێت پەنجەیان ناسوتێت.!!
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
02/03/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
123