وتار
حوکمی سەردەمی کوێرەکان
دانا مەنمی

کوردبوون خوانێکە بۆ کۆکردنەوەی ھەموومان بە جیاوازی ئیتنی و ئاینیی بیروڕای سیاسیمانەوە ، کوردبونیش ھەستێکی رۆمانسی و خەیاڵێکی شاعیرانە نییە ، بەڵکو کوردبوون ڕگەزو پێکھاتەیەکی مێژووی کلتوری و فەرھەنگیمانە کە ڕەھگەکانی شۆڕ بووەتەوە بە ناو رۆح و ئاوێتەی دەرون و ئیحساس و ناخمان بووە ، ئەفسووس ئەوە خۆمانین خاک و نیشتیمان و ئالاو شەھیدانمان قێزەون و سوکایەتیان پێ دەکەین ، ئەوە خۆمانین کلتورو کەلەپوری کوردیمان پێ نەنگیە ، جەمەدانەو مشکی و کەواو کراسی کوردی ، دەگۆڕینەوە بە عەمامەو قاتی بۆکس و سمۆکن و بۆیمباخ .
ئەوە خۆمانین دەستی دۆستایەتی بۆ بابایەکی عەرەب و تورک و فارس درێژ دەکەین ، بەلام نێوماڵی کوردیمان لێکترازاو سەنگەرمان لە یەکدی گرتووە بۆ سوکایەتی و بەشەیتانکردنی یەکدی ، ئەوە خۆمانین ڕەگەکانی نەتەوەیی دەبڕینەوە و ئاشنایی ترادسیۆنی مێژووی و کلتوری و جوگرافی و شوناسی کوردبونمان نین ، ئەوەش ھۆکارەکەی ئەوەیە کە ئێمە بونەوەرێکی دابڕاوین لە دوێنێ بۆ ئەمڕۆ ، ئەمڕۆشمان دەبێتە دوێنێ و بەیانیشمان ھەروا بە بێ یادەوەری دەمێنینەوە ، لەکاتێکدا ڕۆژگارەکانی مرۆڤایەتی یەکەیەکی نەپچڕاوە ،ئەمڕۆ تەواو کەرو درێژبونەوەی دوێنێ یە و سبەینێش ھی ئەمرۆ ، ئەشێ ڕابردوو پەندو ئامۆژگاری بۆ ئێستا و ئایندە ھەبێت .
 
کوردایەتی و کوردبوون کاڵایەک نییە لە بازردا یان لە مۆڵێکدا بکڕدرێت وەیان بفرۆشرێت ، کوردایەتی و کوردبوون ناسنامەو شوناس وھەست و سۆزو بیرو باوەڕە ، کە دواجار ئەم ناسنامەی کوردبوونە ،یەکەم پاڵپشتی نەژادنامەی نەتەوایەتیمە ،ھەموو ئەمانە تەواوکەری یەکدین ، بێ ئەو ھەستە مرۆڤ بێبەری دەبێت لە نەتەوەکەی ، کەھەستیشم کرد کوردم سۆزو خۆشەویستی و وەفاداریم دەبێت بۆ نیشتیمانم ، ھەموو نەتەوەیەکیش تەنیا ھەست و سۆزە . 

لەڕاستیدا خەونی کوردبوونی ئێمە لای ھاونیشتیمانیان تا ئێستا لە چوارچێوەی (خێزان و تیرەو ھۆزو گەڕەک و کۆڵان و شارێک ) دایە ، نەک خەونەکانمان دوور مەوداو لە پێناو خاک و نیشتیمان و گواستنەوەی میلەت بیت بۆ نەتەوەو کیانێکی سەربەخۆی کوردی ، خەون بینینی کورد بە دەوڵەتەوە ، خەونێکی مێژووییە ، بەڵام خەونێکی شاعیرانە نییە ، ئەوە خۆمانین ئەو خەونەمان نەزۆک کردووە ، خۆمانین دیفاکتۆمان وەرگێراوە بۆ خەونێکی کوێرانەو کورتبینانە .
 
دیرۆکی مێژووی کورد وەنەبێ ھەلومەرجی دەوڵەتی کوردی بۆ سەربەخۆی نەرەخسابێت ، بەپێچەوانەوە لە دەوڵەتی مادەوە دەست پێدەکات کە کورد نەیزانی چۆن پارێزگاری لە کیانەکەی بکات ، چونکە ئامادە نەبووە ھەلومەرجەکان بقۆزێتەوە و چۆن ھەڵسوکەوت لەگەڵ ئەو ھەلومەرجەدا بکات ، ئاخر کاتێک کورد خاوەنی ئیمپراتۆربووە ، نەتەوەکانی دراوسێ ئەگەر دەوڵەتیش بووبن ھاوشانی کورد نەبوون ،لەبەر ئەوە ڕوخاندنی مادەکان لەلایەن "کۆرشی " فارسەوە جگە لە کەمتەرخەمی و نەزانین ھیچی تر ھەڵناگرێت .
 
ھەرگیز ناتوانین خەون بە ڕزگارییەوە ببینین ،مەگەر ئەو کاتەی کە رۆحی کوردبوون جارێکی دی ھەموو شت نەک بخاتە ژێر پرسیارەوە ، بەڵکو ڕیماڵێ لە پێناو کازیوەی بەیانیەکی تازەدا ، کورد پێویستی بە ستراتیژی نەتەوەی و پرەنسیپی دیموکراسیەت و خۆ بە دیموکرات کردن ھەیە ، کورد پێویستی بەوەیە کەلەگەڵ خۆی بدوێ ، یەکڕیزی و نێوماڵی خۆی یەکبخاتەوە ، ھەرکات عەقڵی دیماگۆجی لە ژینگەو فەزای سیاسی دا سەری دەرھێناو ویستی وێنەیەکمان لە شپرزەیی و تاریکی و وێران کردن و بەشەیتانکردنی یەکدی و لێکترازانی ماڵی کودی بۆ بکێشێت ، دنیای کورد ئەو دنیایە بێت کە ئەو کەسانە حوکمی بکەن کە نابێت و ناشێت حوکم بکەن ، ئەو کەسانە قسەکەرو زمانحاڵی بن کە ناشێت قسەکەری کۆمەڵگا بن ، ئەو کەسانە ڕاوێژکارو نوسەرو غەمغۆری بن کە نە تواناو بەھرەی ئەوەیان ھەیە و نەپەروەردەکراون بۆ بینینی رۆڵێکی لەو جۆرە .
لێرەوە ئەو وێنەیەی کە ئەو قسەکەرانەی لە ھەناوی کۆمەڵگای کوردی بەلەد نین ، ئەو نوسەرانەی لێپرسراو نین و لە مەسئولیەتی نوسین بێئاگان ، وێنەیەکمان بۆ دەکێشن کە نەتەبایە لەگەل بیرکردنەوەو نوسین و دەربرینەکانیان ، نە دنیای کوردی بە فیعلی وادەگوزەرێت ، ئەمە مەترسییەکەیە ھەر ئەو نوسەرو قسەکەرو ڕاوێژکارو ...ھتد لەبری ئەوەی سەرقاڵی ئارامکردنەوەی فەزای گشتی و جوانکردنی دونیای کورد بن ، کەچی خۆیان بەشێکن لە گیروگرفتەکەو دروستکەری کێشەکە ، ئاخر کەسێک یان ھێزێکیش دروستکەری کیشەی سیاسی و ئابوری و بونیادی فیکری بێت ، مەحاڵە خودی گیروگرفتەکە ببینێت و خواستی چارەسەری ھەبێت .
سەیری ماڵی کوردی بکەن ، ووردوخاش بوونی شوناس و لێکترازانی جومگەکانی کوردبوونە ، ھەوڵە جدییەکان زۆر کەمن بۆ خڕبونەوەی کورد لە دەوری پرۆژەیەک ، وەلێ زۆرن ئەو ھەوڵانەی کە سەرگەرمی وێرانکردنی شوناسی کوردبوون و لێکترازان و خاپوورکردنی ئەزموون و قەزیەکەشن ، زۆرن ئەو کەسانەی ئەو حزبانەی کە بە چارەنووس و شوناسی کوردەوە یاری دەکەن ، ئەوەی ئەم ناھەمواری و تراژیدیاو پاشاگەردانیە نابینێت ، یان کوێرە وەک ( رینیە گیونین ) دەڵێت : ئێمە لەسەردەمێکدا دەژین ، کە کوێرەکان حوکم دەکەن ، ھەر کوێرە دەستی کوێری گرتووە بەرەو ھەڵدێر ، یاخود بەرژەوەندی ھەیە لە برەودان بەو حاڵەتە ناھەموارە ، یانیش عەقڵی پێ ناشکێ منداڵەو گەورە نەبووە
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
02/03/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
12
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ