وتار
یادی٨ی مارسی چی.!!
پارێزەر: لوقمان مصطفی

ھەوڵدەدەم لەم باسەماندا کەم تازۆر باس لە یادێک نەکەم کە تەنھا نمایشێک بێت،بۆ چەواشەکاری وئاوەژوکردنی ڕاستی ودرووستی خەباتێکی ڕەوای شێلگیرانە کە مێژویەکی پرشنگداری ھەیە لە ڕابردوودا،کەپێی دەوترێت " ٨ی مارس "کە یاد کردنەوەی لە ئێستادا تەنھا بۆ خەفە کردنی خەبات وتێکۆشانی ژنانە لە ھەرێمی کوردستان نەک بۆ بە دەستھێنانی مافەکانیان.!!
بەپێویستی دەزانم لەبری شادی وخۆشی دەربڕین کە ھێشتا نەک ھەر ھیچ مافێک بەدەست نەھاتوە بەڵکو بەپێجەوانەوە ڕۆژانە سوکایەتی بە ژنانی ئەم ووڵاتەوە دەکرێت،دەبێت ھەوڵدەین دەست بخەینە سەر برینەکان وبۆ ساڕێژکردنیشی خەبات وتێکۆشانی بەردەوامی گەرەکە نەک شایی ولۆغان،بۆیە لەیادی ٨ی مارسدا ھەوڵدەدەم باسەکەم چڕبکەمەوەو دەرچین لەو  خەیاڵ پڵاویەی کە بەدەستی ئەنقەست شادیان لە جێی خەبات داناوە. 
بەڵێ ھەر لەدوای راپەرینەوە ھەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی نیمچە سەربەخۆ سیستەمی بەڕێوەبردنی حوکمڕانی خۆی پیادە کردوە، کرانەوەی سنورەکانی ھەرێم بەڕوی دەوڵەتاندا، لەگەڵ ئەوەی سودی گەورەی بۆ ھەرێمەکەمان دەستەبەر کردوە لەھەمانکاتیشدا بەدەر نەبوە لەوزەرەرو زیانەی کەبەر کۆمەڵگاکەمان کەوتوە، یەکێک لەوزیانانەی کە جێی باسەکەی ئێمەیە لەشفرۆشی وبازرگانی کردنە بەژنانەوە، بەبەردەوامی‌و رۆژ لەدوای رۆژ لەشفرۆشی روی لەزیاد بونە، لەشفرۆشی لەئێستادا واخەریکە دەبێتە  دیاردەو لەزۆربەی شارووشارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستاندابونی ھەیە.
ئەمە لەکاتێکدایە کە لەشفرۆشی زیانی گەورەی مادی‌و مەعنەوی بەکۆمەڵگا دەگەیەنێت، دەبێتە ھۆی وێرانکردنی بەھا کۆمەڵایەتی‌و مرۆڤایەتیەکان، لەلایەکی تریشەوە دەبێتە بڵاوبونەوەی چەندین نەخۆشی مەترسیدار. وەھەروەھا لەڕوی ئابوری ‌و تەندروستی‌و ئاینیەوە زیانی گەورەی بەمرۆڤ دەگەیەنێت، لەگەڵ ئەوەشدا پێچەوانەی دابونەریتی کوردەوارییە، بواریش خۆش دەکات بۆ سیخوڕیکردن لەسەر ھەرێمی کوردستان، چونکە ھەندێ لەباندەکانی لەشفرۆشی خەریکی کاری سیخوڕی کردنن.
لەشفرۆشی وێرای ئەوەی دژ بەبنەما بنچینەییەکانی دەستوری عێراق‌و یاسای سزادانی عێراقی‌و لەیاسای ژمارە ٨ی ساڵی ١٩٨٨ی قەڵاچۆکردنی لەشفرۆشیدا ناسراو بە یاسای (بغاء) بەتاوان ناسراوەو لەھەردو یاساکەشدا سزای توند بۆ ئەنجامدەر ‌و ھاوکاران ‌و خاوەن ئەو شوێنانەی کەئەم کارەی تێدا ئەنجام دەدرێت دانراوە.
ئاخر لە کوێی بەندەکانی مافی مرۆڤدا جێگای دەکە یتەوە! وەک مێگەلە مەر لە باشووری عیراق و وڵاتانی ترەوە ژنان بە لێشاو بێنیتە ناو وڵاتەوە! لەیانە شەوانیەکاندابەرانبەر بە برێک پارە سێکسی لەگەڵدا بکرێت! سەیر لەوەدایە زۆرترین بری پارەکە بۆ خاوەن کۆیلەکەیەولەشفرۆشە کۆیلەکەش کەمترین بری پارەوەردەگرێت! بێ سڵ کردنەوە لە ھەمو بەھا کٶمەڵایەتیەکانو دابونەریتێک بەئاشکرا کرین و فرٶشتنی پێوەبکرێت! کە بەداخەوە کەس بە ناو دەستەو لیژنەو…و،،،،،کۆمەلگەی مەدنی و مافی مرۆڤ باسی لێوە ناکەن!
واخەریکە دەبێت بە دیاردە ھەر ھە مو بێ دەنگن! بەڵام..سەیر لەوەدایە عیراق بەووەزعە نالە بارەی خۆیەوە بێ ئاگانیە لە و کێشە ترسناکە کە خەریکە دەبێت بە دیاردە ئەوەتا بزانەکە :
وەزارەتی مافی مرۆڤی عێراق رایدەگەیەنێت: بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە بوونی ھەیە لە عێراق، بەڵام ھێشتا نەبووەتە دیاردە بەوردی چاودێری باروودۆخەکەدەکەین.
بەڵام وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بەپێچەوانەی وەزارەتی مافی مرۆڤی عێراقەوە لە دوایین راپۆرتیدا لەبارەی بازرگانی کردن بە مرۆڤ لە جیھان لە ساڵی ٢٠١٢، ئاماژەی بەوەکرد کردووە، کە عێراق بەدەست دیاردەی بازرگانی کردن بە مرۆڤەوە و بازرگانی سێکسی بەزۆرە ملێ و بەکارخستنی مرۆڤەکانەوە دەناڵێنێ. ئەوەشی خستەڕوو: "لە عێراق، ژنان و منداڵان بە زۆر کاری لەشفرۆشییان پێدەکرێ لە کاتێکدا ژنانی عێراق رەوانەی دەرەوە دەکرێن بە مەبەستی بەکارھێنانیان بۆ لەشفرۆشی”.کە گومانی تێدانیە ئەم بازرگانی کردنە بە ژنانەوە بەتایبەتی بەرەو دیاردەبون دەروات وکۆمەڵگای عێراقی لەلێواری ھەڵوەشاندنەوەی خێزانیدایە.
ئەمە سەرەرای ئەوەئ ئەم بارە نالەبارەی کەرووی لەعێراق کردووە لەلایەک و ھێرشی تیرۆریستانی داعشیش لەسنووری موسڵ ودەوروبوری لەلایەکی ترەوە بازرگانی کردنەکەی ئەوەندەی تر گەرم وگور ترکردووە، ھێرشەکانی تیرۆرستان بەرانبەر بە یەزیدیەکان لە سەرەتاکانی مانگی ئۆگستی ٢٠١٤ لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە پەلاماردران و دووچاری گەورەترین کارەساتی کوشتن و برێن و کۆچکردن بوونەوە، بە سەدان ھەزاریان ڕوویان لە چیاکان کرد و بە سەدان کەسیشیان بوونە قوربانی کردەوە تیرۆریستیەکانی ئەم ڕێکخراوە، سەدان ژن و منداڵانی بێتاوان وەک دەستکەوتی جەنگ ڕەوانەی موسڵ کران.
ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە چەند ڕاپۆرتی خۆیاندا باسیان لە بەکۆیلەکردنی منداڵان و ژنانی دیل کردووە لەلایەن داعشەوە ، کچانی گەنجیان لە خێزانەکانیان دابراندووە و لە بازاڕەکاندا کڕێن و فرۆشتنیان پێوەکردوون.
گۆڤاری دابق کە گۆڤارێکی رێکخراوی بەناودەوڵەتی ئیسلامی یە لەعێراق وشام نوسیویەتی” پاش دەستگیرکردنی منداڵان و ژنانی یەزیدییەکان حوکمی شەریعەتیان بەسەردا سەپێنراو بەسەر ئەو چەکدارانەی دەوڵەتی ئیسلامیدا دابەشکران کە بەشدارییان لە ئۆپەراسیۆنی شەنگالدا کردبو، دواتریش یەک لەسەر پێنجی ئەو دیلانەیان ڕەوانەی دەسەلاتدارانی دەوڵەتی ئیسلامی کرد ” کە مەبەست لەشاری موسڵە.
سەیرلەوەدایە گوتەبێژی فەرمی وەزارەتی مافی مرۆڤی عێراق دەڵێت : ” راستە بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە بوونی ھەیە لە عێراق، بەڵام ھێشتا نەبووەتە دیاردەیەک مەترسی لەسەر وڵات دروست بکات.!! دیارە جەنابیان دەیەوێت وەک سەردەمی جاھلی لەسەرتەختەی شانۆو بازاراکاندا ئاژەڵ ئاسا ئاڵوو وێری پێوەبکرێت ئینجا مەترسی دروست دەکات!
بەڵام ھێشتا حکومەتی عێراق سەرەرای ئەو ھەموو قەیران و کێشە وململانیەی نێو خۆی وڵات دەربارەی رەوشەکە واتە رەوشی بازرگانی کردن بە مرۆڤەوە بەتایبەت ژنان لانی کەم بەرنامەی ھەیە وخۆیان گوتەنی لێژنەیان درووست کردوەو چاودێری باروو دۆخەکە دەکەن بەپێی یاسا مامەڵە لەگەڵ کێشەکان دەکەن.
بەڵام لەھەرێمی کوردستاندا دۆخەکە لەوە مەترسی دارترە کە لەعێراقدا دەگوزەرێت، نەیاسایەک ھەیە بۆ کۆنترۆڵ کردنی باروو دۆخەکە وەنە لەبەرنامەی حکومەتیشدایە بۆرووبەروو بونەوەی ئەم دیاردە ترسناکە کەلەزۆربەی شارو شارۆچکەکاندا بەشێوەی نھێنی کرین وفرۆشتن بەژنانەو دەکرێت لەژێر پەردەی ھێنانی کرێ کاری بیانی وکارکردنیان لە ھۆتێل وبارەکان و یاخود یانە شەوانەییەکاندا …ھد ئەمە وێرای مەترسی گەورە دەکرێت کە لەرووی تەندروستیەوە پێش بینی دەکرێت کە جەندین جۆری نەخۆشی بڵاو بکاتەوە لەناو ووڵاتداو وە بوونی جەندین کێشەی تری کۆمەڵایەتی.
بۆیە دەبێت ھەرچی زووە رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی فشاری جدی درووست بکەن لەسەر پەرلەمان وحکومەت تا بەرنامەیەکیان ھەبێت بۆ نەمانی ئەم دیاردە مەترسیدارە،بەراستی خەجاڵەتیە لەم چەرخە نوێیەدا بازرگانی کردن بەژنانەوە ئەوپەری شەرمەزاریە ،چونکە لەشفرۆشی ناچاری بەشێکە لە توندووتیژی کەرووبەرووی مێینە دەبێتەوە، زیندوکردنەوەی کۆیلایەتی وئاڵووێرکردن وبەسووک تەماشاکردنی مرۆڤی مێینە پەڵەیەکی رەشە بەنێوچەوانی مرۆڤایەتیەوە.
بەردەوام بوونی ئەم سوکایەتی کردنە بە ژنانەوە لەکاتێکدایە ڕێکخرەکانی کۆمەڵگای مەدەنی بەتایبەتیش ڕێکرەوەکانی ژنان وئافرەتان ساڵانە یادی ٨مارس دەکەنەوەو ئەوبۆنە پیرۆز ڕادەگرن،بێ ئاگا لەوەی کە بازاڕی بازرگانی کردن وبەکۆیلەکردنی ژنان لەلوتکەدایە بەجۆرێکە ھەشتی مارسی خاڵی خاڵی کردۆتەوە.!! بۆیە دەبێت ژنان ھۆشیارتربن وخەبات بۆ نەھێشتنی ئەو سوکایەتیە پەرەپێبدەن و دەبێت لە پێشینەی کارەکانیاندابێت و یادێک نەکەنەوە کە ھێشتا نەک مافەکانیان بەدەست نەھاتوە بەڵکو وەکوکۆیلە ھەڵسوکەوتیان لەگەڵ دەکرێت. 
 ئیتر یادی٨ی مارسی چی و یادی چی دەکەنەوە؟ جارێ خەبات لەسەرەتا دایەو بەکۆیلەکردن وبازرگانیکردن بەژنانەوە بازاری گەرمەو لەلوتکەدایە.!!
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
08/03/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
123