وتار
ئێزدییەکان پاش تێکشکانی داعش‌و ئازادکردنی موسڵ
فەرید ئەسەسەرد

لەگەڵ نزیکبوونەوەی رزگارکردنی ھەموو شاری موسڵ لەداعش، کەیسەکانی تایبەت بە چارەنوسی پارێزگاکەو ئەگەری بەفیدراسیون کردنی‌و پێگەی ئێزدییەکان‌و مەسیحییەکان‌و شەبەک‌و شیعە دێنەوە پێش‌و سەرنج بەلای خۆیدا رادەکێشنەوە.
ھەرچەند ھەرێم تا ئێستا ھیچ تێڕوانینێکی ڕوونی دەربارەی ئایندەی پارێزگای نەینەوا نییەو ھیچ لایەنێکیش پرۆژەو پێشنیازە راگەیەندراوەکانی ھەرێمی لەم بارەیەوە بە ھەند وەرنەگرتووە، بەڵام بەگەڕ خستنەوەی ھەوڵەکان بۆ دابین کردنی تێڕوانینێکی ڕوون سەبارەت بەئایندەی نەینەوا و پێدانی دوورنمایەکی نەتەوەیی بەو ھەوڵانە بۆ ئەوەی لەتێڕوانینی تەسکی حزبایەتی دوور بخرێنەوە، بایەخێکی تایبەتی ھەیە.
لەم گۆشەنیگایەوە ھێشتا کاتمان لەبەر دەست ماوە بۆ ئەوەی بەرنامەیەکی گشتگیرمان بۆ کەیسی ئێزدییەکان ھەبێ. یەکەم ھەنگاویش رووبەرووبونەوەی راستییەکانە. دەبێ بە ڕوونی دان بەوەدا بنرێ کە ئێزدییەکان دڵیان شکاوەو ھەرگیز ئەوەیان لە ھێزەکانمان چاوڕێ نەدەکرد کە لەساڵی ٢٠١٤دا، لەکاتی ھێرشی داعش بۆ سەر شنگال، ئەرکی خۆیان جێبەجێ نەکەن، شارەکە بەجێ بێڵن‌و ئێزدییەکان بۆ چارەنوسێکی نادیار بھێڵنەوە. رەنگە مەسەلەکە لەڕوی سوپاییەوە بەرگی کشانەوەیەکی تاکتیکی وەرگرێ، بەڵام ئێزدییەکان لە سۆنگەی ئەو نەھامەتییەی کەپاش کشانەوەکە بەسەریاندا ھات، ھەرگیز ناتوانن بە چاوێکی تر جگە لە چاوی سەرزەنشت کردن لێی بڕوانن. بمانەوێ‌و نەمانەوێ ، نەھامەتییەکە بۆتە دیوارێکی بەرز لەنێوان ئێزدییەکان‌و کوردەکانی تر، بە ڕادەیەک کە گروپی وای لەناو ئێزدییەکان دروست کردووە نکوڵی لەکوردبونی خۆیان دەکەن‌و خۆیان لەکورد جیا دەکەنەوە.
ھەرچەند ئەم مەسەلەیە ئێزدییەکان خۆیان بڕیاری لێ دەدەن، بەڵام دەبێ ھەرێم لە ئێستاوە خۆی بۆ ئەم دیاردە تازەیە ئامادە بکات. مێژووی پەیوەندیی نێوان ئێزدییەکان‌و دەوروبەریان چەندین لاپەڕەی تێدایە کە بە لاپەڕەی پرشنگدار دانانرێن‌و پڕ مەینەتی‌و جینۆسایدن. ئەم بەشەی مێژوو خۆی لەخۆیدا گەورەترین پشتیوانییە بۆ لایەنگرانی جیاکردنەوەی ئێزدییەکان لەکورد. بەکردەوە، ھەموو جینۆسایدەکانی دژ بە ئێزدییەکان، لەسەر دەستی سوننە رویان داوەو ھاندەرەکەش تەنھا توندڕەویی ئاینی بووە. تورکە عوسمانییەکان‌و بنەماڵەی جەلیلییە حوکمڕانەکانی موسڵ دەستێکی باڵایان لە جینۆسایدکردنی ئێزدییەکاندا ھەبووە، بەتایبەتی لە سەدەی نۆزدەھەم.
تا سەدەی ھەڤدەھەم ناوچەی ئێزدی نشین زۆر لەوەی ئێستا فراوانتر بوو، بەڵام بەھۆی جینۆسایدو گۆڕینی زۆردارەکیی ئاینەوە ناوچە ئێزدی نشینەکان بچوک بوونەوە. مێژوو ساغی کردۆتەوە کە چەندین بەشی ناوچەکانی ھەکاری‌و شەمزینان‌و تەواوی ناوچەکانی دھۆک‌و زاخۆ‌و زوممارو دەشتی سلیڤانی، ناوچەی ئێزدی نشین بوون‌و وردە وردە گۆڕانی ئیتنیکییان بەسەردا ھاتووە. کوردی سوننە دەستی لەبچوک کردنەوەی ناوچەی ئێزدی نشیندا ھەبووە، بەتایبەتی لەسەردەمی فەرمانڕەوایی میرنشینی سۆران لە سەدەی نۆزدەھەم. بەڵام دوو خاڵی گەش لە مێژووی کوردایەتیی ئێزدییەکاندا ھەیە، یەکێکیان بەشداریی کارایانە لە شۆڕشی ئەیلول کە بەڵگەی ئاستی بەرزی کوردپەروەرییانەو ئەوی تر رۆڵی بەرچاویانە لە دەستپێکردنەوەی خەباتی چەکدار لە ساڵی ١٩٧٦ بە رابەرایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە ئێزدییەکان تێیدا لەو مەفرەزە سەرەتاییانە بەشدار بوون کە لەقامیشلۆوە بۆ بادینان دەنێردرانەوە، ھەروەک یەکێ لە گەورەترین ھەرێمەکانی ھێزی پێشمەرگە کە ھەرێمی بادینانە، بەفەرماندەیی حسێن بابە شێخی ئێزدی بووە.
پاش مەینەتیی ئێزدییەکانی شنگال، ژمارەیەکی زۆری ئاوارەی ئێزدی ڕوویان لە ھەرێمی کوردستان کرد. ئەوەندەش کە لە توانای حکومەتدا بووە خزمەتی ئاوارەکانی کردوە، بەڵام لەم مەسەلەیەدا ئێزدییەکان ھیچ تاییەتمەندییەکیان نییە چونکە حکومەت وەک چۆن فریای ئاوارە ئێزدییەکان کەوتووە، فریای ھەموو ئاوارە سوننەو مەسیحییەکانی موسڵیش کەوتووە. ھەرچییەک بۆ ئێزدییەکانی شنگال بکرێ، مەینەتییەکەیان لەبیر ناباتەوە، بەڵام دەبێ بە جۆرێک قەرەبوو بکرێنەوە کەدڵیان لەخۆیان دانەمێنێ‌و بتوانن لەسفرەوە دەست پێ بکەنەوە. ھەرێم لێپرسراوەتییەکی ئەخلاقیی بەرامبەر بە ئێزدییەکان لەسەر شانە، بۆیە بە ھەر شێوەیەک بێ دەبێ پێداویستییەکانی نیشتەجێ کردنەوەی ئێزدییەکان‌و ئاوەدان کردنەوەی شارەکەیان بۆ دابین بکرێ.
لەسەر ئاستێکی باڵاتریش شنگال، ھاوشێوەی ھەڵەبجە، شایستەی ئەوەیە کە بکرێ بەپارێزگا. ئەگەر ئەوەش نەکرا، پشتگیری کردن لەپرۆژەی کردنی نەینەوا بە ھەرێم، قەزاکان، لەوانە شنگال، بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی دەکا بە پارێزگا. بژاردەیەکی تریش ھەیە، ئەویش سوود وەرگرتنە لە مادەی ١٢٥ی دەستوری عیراق کە رێ بە پێکھێنانی ناوچەی ئۆتۆنۆم بۆ ئێزدییەکان دەدا.
لەکۆتاییدا رەنگە ئێزدییەکان پێویستیان بەوە بێ کە داوای لێبوردنیان لێ بکرێ. ئەوەش مەسەلەیەکی ئەخلاقییەو دەشێ ببێ بە بنەمایەکی تازە بۆ دروست کردنەوەی پرد لەگەڵ ئێزدییەکان.
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
08/03/2017
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
12
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ